یەکێتیی هێزە دیموکراتیکەکان: سیاسەتی کۆمەڵکوژی ئەمڕۆش بەردەوامە

یەکێتیی هێزە دیموکراتیکەکان لە ئەوروپا رایگەیاند، کۆمەڵکوژیی مەرەش بۆ پاکتاوکردن و نەهێشتنی کورد و عەلەوی لە مەرەش ئەنجامدرا. راشیانگەیاند، هەمان سیاسەت ئێستاش بە شێوازی جۆراجۆر بەردەوامیی هەیە.

یەکێتیی هێزە دیموکراتیکەکان لە ئەوروپا راگەیاندراوێکی بە بۆنەى کۆمەڵکوژیی مەرەش لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٨ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو کۆمەڵکوژییە لە دژی کورد و عەلەوییەکان و شۆڕشگێڕەکان ئەنجامدرا و تاوەکو رۆژی ٢٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٨ بەردەوامیی هەبوو و زیاتر لە ١٠٠ عەلەوی، کورد و شۆڕشگێڕ کۆمەڵکوژکران و دەستگیرا بەسەر ماڵ، کارگەکان، دوکان و موڵکەکانیاندا و تاڵانیشیان کردن.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەمان سیاسەت ئێستاش بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامیی هەیە و باسی ئەوەشیان کردووە، "لە ساڵی ٢٠١٢دا کۆمەڵکوژکردنی گەنجانی کورد لە رۆبۆسکی لە رێگەى فڕۆکەى جەنگیی دەوڵەتی تورکەوە، نیشانەى بەردەوامیدانە بەو سیاسەتە پاکتاوکارانەیە".

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئێمە ئەو مرۆڤانە لە بیر ناکەین، کە ئازاری کۆمەڵکوژیی مەرەش، رۆبۆسکی، زیندانەکان و کۆمەڵکوژییەکانیان بینیوە و رێگاش نادەین لە بیر بچنەوە. ئێمە، لەگەڵ کورد، عەلەوی و شۆڕشگێڕەکان، کە بۆ ساڕێژبوونی ئەو ئازارە پێداگری بۆ  لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەن،  تێکۆشان گەورەتر دەکەین تاوەکو ژیانی ئازاد بۆ گەلەکانمان دابین بکەین".

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئیرادە و داوای لێپرسینەوە لەو کۆمەڵکوژییانە بەهێزترین بناغە و سەرچاوەی بنەڕەتیی ئەم هێزەیە. با دۆست و دوژمن بزانن، کە بە دڵنیاییەوە هێزی رێکخستنکراوی گەلەکەمان ئەو سیستمە پاکتاوکەر و کۆمەڵکوژکارە نابەخشێت و لێپرسینەوەى لێ دەکات.

بەو بڕیار و پێداگرییەوە ئێمە دەڵێین؛ بۆ هەڵوەشاندنەوەى دەوڵەتی فاشیست و پاکتاوکەر و بکوژ دەبێت ئەم کارانە بکرێن:

- زیاتر و باشتر خۆ بە رێکخستن کردن

- زیاتر و باشتر بەرخودان

- زیاتر و باشتر تێکۆشان

بە دڵنیاییەوە ئێمە لەسەر ئەو بنەمایانە سەردەکەوین".

ژ.ت