راپۆرتی بەندیخانەی پاتنۆس:مەترسی لەسەر ژیانی زیندانیان هەیە

هەر یەک لە رێکخراوەکانی OHD, TUHAY-DER و بارۆی شاری وان لە بارەی بارودۆخی ناو بەندیخانەی پاتنۆس راپۆرتێکی هاوبەشیان ئاماد کرد و جەختیان کردەوە کە مەترسی لەسەر ژیانی زیندانیان هەیە.

کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی-لقی وان، کۆمەڵەی پشتیوانی و هاوکاریکردنی خانەوادەی زیندانیان-ی وان و کۆمیسیۆنی بەندیخانەکان-ی سەر بە بارۆی وان لە بارەی لێکۆلینەکانیان لەسەر بەندیخانەی پیتی (L)ی پاتنۆس راپۆرتێکیان ئامادە کرد.

لە راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی رۆژ بە رۆژ مەترسیەکانی سەر بارودۆخ و تەندروستی زیندانیان زیاتر دەبێت.

بە پێی چاودێری ئەو رێکخراوانە:

"دوایین جار بەر لە ١٥-٢٠ رۆژ قاوشەکانی بەندیخانەی پاتنۆس دەرمانڕێژکراون.

دەمامک و دەستکێش و پاککەرەوە نادرێت بە زیندانیان. بە تایبەت سابون زۆر کەم دەدرێت بە زیندانیان. لە بەندیخانەکە یەک لیتر دەرمانی پاککەرەوە (تەعقیم) بە ٥٥ لیرەی تورکی دەفرۆشرێت.

رێگریەکانی بەردەم ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی زیندانیان لەگەڵ خانەوادەکان و چالاکوانان بەردەوامە. زیندانیان هەفتانە تەنها دەتوانن بۆ ماوەی ٢٠ خولەک لەگەڵ خانەوادەکانیان چاوپیکەوتن ئەنجام بدەن.

ئاوی خواردنەوە نادرێت بە زیندانیان، ئەو خواردنەش کە پێیان دەدرێت بەشیان ناکات.

مافی چارەسەری تەندروستیان بنپێ دەکرێت و تەنها لە حاڵەتی بەپەلە و مەترسیداردا رەوانەی لای پزیشک دەکرێن.

دوای ئەوەی زیندانیان لە نەخۆشخانە دەگەڕێندرێنەوە، بۆ ماوەی ١٤ رۆژ لە ژوورە تاکەکەسیەکاندا دەیانهێڵنەوە. ئەو زیندانیانەی تەمەنێکی زۆریان هەیە و نەخۆشی درێژخایەنیان لەگەڵدایە، بەم هۆیەوە ناتوانن بچن بۆ نەخۆشخانە."

ز.ش