عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی دەوڵەتی تورک داوای هاوکاری لە وڵاتانی عەرەبی کرد

وەزیری دەرەوەى عێراق بۆ دروستکردنی هەڵوێستێکى هاوبەش بۆ دەرکردنی هێزەکانى دەوڵەتی تورک لە خاکی عێراق دا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب قسەى کرد.

فوائد حسێن وەزیری دەرەوى عێراق لەبارەى کوشتنی سەربازێک و ٢ بەرپرسی پاسەوانی سنوور لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، لەگەڵ هاوتاکانی خۆی لە وڵاتانی عەرەبی بە تەلەفون قسەى کرد. لە قسەکاندا لەبارەى هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەى سیدەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر زانیاریی بە برا عەرەبەکانی خۆی دا. هەروەها سەرنجی خستەسەر گرنگیی هەوڵی بونیاتنەرانەی وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر مەترسیی دۆخی ئەمنیی دراوسێکان بە تایبەتی تورکیا و جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت جارێکیتر دەوڵەتی تورک ئەو پێشێلکارییانە ئەنجام نەداتەوە و هەموو هێزەکانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە و بۆ ئەوەش هەڵوێستێکى هاوبەش بخرێتەڕوو.

لەو چوارچێوەیەدا فوئاد حوسێن بە تەلەفون لەگەڵ ئەمینداری گشتیی کۆماری عەرەبی ئەحمەد ئەبو غیت، وەزیری دەرەوەى میسر سامح شوکری، وەزیری دەرەوەى ئوردون ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەى سعودیە فەیسەڵ بن فەرحان و وەزیری دەرەوەى کوێت شێخ ئەحمەد ناسر قسەى کرد.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى عێراق لەو بارەیەوە رایگەیاند "براکانمان جەختیان لەوە کردەوە، کە پشتیوانیی تەواو لە ئارامی و ئاسایش و سەروەریی عێراق دەکەن و هێرشەکانى دەوڵەتی تورک ئیدانە دەکەن. هەروەها دەبێت بە خێرایی هەموو جۆرە ئۆپراسیۆنێکى سەربازیی دەوڵەتى تورک لە ناو خاکی عێراقدا رابگیرێت".

دوێنێ فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەى عێراق لە رێگەى تەلەفونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسر سامح شوکری قسەى کرد و باسیان لە دوایین زانیارییەکان لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتى تورک بۆ ئۆتۆمبێلێکى هێزەکانى پاراستنی سنووری عێراق لە باکووری عێراق کرد، کە لە ئەنجامدا سەربازێک و ٢ فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراقی تیادا کوژران.

لەو بارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى میسر ئەحمەد حافز رایگەیاند، شوکری لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ فوئاد حوسێن وتویەتی، بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق هەموو هاوکارییەک پێشکەش دەکەن و ئەوەش لە داگیرکردنی خاکی عێراق لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە باشترە.

هەروەها دوێنێ فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەى عێراق بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر ناوچەى سیدەکان لەگەڵ باڵیۆزی دەوڵەتی تورک فاتیح یڵدز لە بەغدا قسەى کردبو.

عەبدولکەریم هاشم راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەى عێراق نامەیەکى رادەستی باڵیۆزی تورکیا کردووە و تیایدا داوا کراوە دەوڵەتی تورک قەرەبووی ئەوهێرشە بکاتەوە و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە دادگایی بکرێن.

وەزارەتی دەرەوەى عێراق لە راگەیاندراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دەبێت دەوڵەتی تورک بۆردومانەکانی راوەستێنێت و بە خێرایی هەموو هێزە داگیرکەرەکانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە.

ژ.ت