لە ئەرمینیا یادی قوربانیانی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان کرایەوە

گەلی ئەرمینیا سەرباری رەچاوکردنی رێوشوێنەکانى خۆپارێزی لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، یادی ١٠٥هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنیان دەکەنەوە.

کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لە ٢٤ی نیسانی ١٩١٥ لەلایەن ئیمپراتۆریای عوسمانییەوە دەستیپێکرد. گەلی ئەرمینیا ئەمساڵ هاوکات لەگەڵ رەچاوکردنی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، یادی ئەو کەسانە دەکەنەوە، کە لەو کۆمەڵکوژییەدا کوژراون.

رێپێوانیى بە مەشخەڵ و چراوگ، کە هەموو ساڵێک بۆ یادی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لە ئەریڤانی پایتەخی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچوو، ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەڕێوەناچێت. سەرباری ئەوەش لە سەرتاسەری ئەرمینیادا بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکە چرای ماڵەکان و شوێنە گشتییەکان کوژێنرانەوە.

گەلی ئەرمینیا لە سەرتاسەری وڵاتەکەیاندا لە بەر پەنجەرەى ماڵەکانیاندا مۆمیان داگیرساند. هەروەها لە کڵێسەکانیشدا زەنگ و ناقوس لێدرا.

ئارمەن سارکیسیان سەرۆک کۆماری ئەرمینیا لە رۆژی یادی کۆمەڵکوژیی گەلەکەیدا وتی "ئێمە لە هەر شوێنێکدا بین یادی هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لە شوێنە جیاجیاکاندا کۆمەڵکوژکران".

دەوڵەتى عوسمانی کۆمەڵکوژکردنی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ئەرمەنییەکانى لە ساڵی ١٩١٥ ئەنجامدا و ١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئەرمەنیی کۆمەڵکوژکرد. سەرباری ئەوەى چەندین دەوڵەت لە جیهاندا کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنەکانیان بە جینۆساید قبوڵ کردووە، بەڵام دەوڵەتى تورک تاوەکو ئێستا نکۆڵی لەو کۆمەڵکوژییە دەکات و ئامادە نییە کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنییەکانى قبوڵ بکات.

ژ.ت