لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا بە بەشداری سیاسەتمەدار ئیدریس بالوکەن و جانسو ئۆزدەمیر، کۆبوونەوەی گەل ئەنجامدرا.
د. ئیدریس بالوکەن قسەی کرد و سەبارەت بە پرۆسەکە دوا، ڕایگەیاند دوورگەی ئیمراڵی لە نزیکترین کاتدا دەبێتە سیمبولی ئاشتی و دیموکراسی و خوشک_برایەتیی، گوتی: "لە هەموو جێگەیەک بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە ئاشتی بگاتە ئەنجام، دەبێت تێبکۆشین و دەستی بەڕێز ئۆجالان بەهێز بکەین".
بالوکەن شەهیدانی ئازادیی کوردستان و ئەندامی شاندی ئیمراڵی سری سورەیا ئۆندەری بیرهێنایەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی ئاشتی بە ئاسانی بەدی نەهاتووە.
'گەلی کورد چۆکی دانەنا، سەری نەوی نەکرد'
بالوکەن ڕایگەیاند گەلی کوردستان سەرەڕای سیاسەتی نکۆڵی سەد ساڵە، هەرگیز چۆنی دانانەوە، گوتی: "ئەگەر ئەمڕۆ باسی ئاشتی و ئازادی دەکەین، ئەمە لەسایەی شەهیدانمان و بەڕێز ئۆجالانە کە تەمەنی کردە فیدای ئەم گەلە. کاتێک جوگرافیاکەمان سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، دەمانەوێت بە ناسنامە و شکۆی خۆمانەوە بژین. دەبێت بانگەوازەکەی ئۆجالان باش تێبگەین".
بالوکەن جەختی کردەوە، دەبێت دەوڵەت هەنگاوبنێت، گوتی: "هۆکاری درێژەکێشانی ئەم شەڕە ئەوەیە، بەڕێز ئۆجالان ٣٠ ساڵە وەک موخاتەب نەبینراوە. مێزی دانوستان بە تێکۆشانی ئەو دانرا. ئەم تێکۆشانە بەردەوام دەبێت و بەئاشتی چارەسەر دەبێت".
پەرلەمانتاری چەپی ئەنجوومەنی فیدراڵ، جانسو ئۆزەمیر تیشکی خستەسەر مەراسیمی سوتاندنی چەک، گوتی: "گەیلاکانی ئازادی کە بە پێشەنگایەتی بەسێ هۆزات هاتنە سەر سەکۆ، بە هەموو جیهانیان نیشاندا کە ژن ژیان ئازادی تەنها درووشمێک نییە".
'باوەڕمان بە گەل و ئۆجالانە'
ئۆزەمیر گوتی: "ئەندازیاری ئەم پرۆسەیە بەڕێز ئۆجالانە. ئێمە باوەڕمان بە گەل و ئۆجالانە".