شەهیدانی پیرسوس لە چەند شارێک یادکرانەوە

ئەو ٣٣ گەنجەی لە کۆمەڵکوژیی پیرسوس شەهیدکران، لەسەر گۆڕەکەیان یادکرانەوە. پەیامدرا "خەونەکانیان بە نیوەناچڵی نامێنێتەوە".

دە ساڵ تێپەڕی بەسەر ئەو هێرشە خۆکوژییەی کرایە سەر ئەو گەنجانەی کە دەیانویست بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوەی شاری کۆبانێ و یاری بۆ مناڵان ببەن، لە ناوچەی پیرسوسی ڕحا کۆبوونەوە. هێرشە خۆکوژییەکەی داعش بووە هۆی شەهیدبوونی ٣٣ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٠٠ کەس.

شەهیدانی پیرسوس لە چەند شارێک یادکرانەوە.

هاتای

ئۆکان پیرینج کە لە کۆمەڵکوژییەکەدا شەهیدبوو لەسەر گۆڕەکەی لە ناوچەی ئەنتاکیای هاتای یادکرایەوە. بنەماڵەی هاتای و نوێنەری ڕێکخراوەکان و پارتە سیاسییەکان و هاوڵاتیان بەشداربوون.

لەسەر ناوی دەسپێشخەریی بنەماڵەکانی پیرسوس، عوسمان کارا قسەی کرد، گوتی: "لە دەهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەدا، ئێمە داوای دادپەروەری دووپات دەکەینەوە. با هەموو بەرپرسیارانی دۆزی پیرسوس دادگایی بکرێن. ئێمە بەڵێنی جێبەجێکردنی خەونی ٣٣ گەنجەکە دەکەین".

ڕحا

قاسم دەپرەم و عوسمان چیچەک لە ناوچەی پیرسوس لەسەر گۆڕەکەیان یادکرانەوە.

لەسەر ناوی پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسیی ڕحا، هاوسەرۆکی لقی ڕحای کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) یاسین ئاکتاش قسەی کرد.

مەراسیمەکە دوای دانانی گوڵ لەسەر گۆڕەکان کۆتایی هات.

شەرناخ

ئوگور ئۆزکان (هۆگر) لەسەر گۆڕەکەی لە ناوچەی جزیری شەرناخ یادکرایەوە. بنەماڵەکەی و ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان و هاوڵاتیان بەشداربوون.

باوکی ئۆزکان، محەمەد ئۆزکان قسەی کرد و ڕایگەیاند کوڕەکەی شەهیدی تێکۆشانە و سەربەرزە بە کوڕەکەی.

ئامەد

لە ئامەد فەیسەڵ ئۆزدەمیر و نازلی ئاکیورەک لەسەر گۆڕەکانیان یادکرانەوە. سەرەتا سەردانی گۆڕی ئۆزەمیر کرا، دواتر جەماوەر چوونە سەر گۆڕی نازلی ئاکیورەک، لە مەراسیمەکەدا گوترا: "ناوی ٣٣ ڕێبوارەکەی خەون لەبیرناکرێت و خەونەکانیان بە نیوەناچڵی نامێنێتەوە".

پەرلەمانتاری دەم پارتی بەردان ئۆزتورک گوتی: "بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان، تێکۆشانمان مەزنتر دەکەین".

دێرسیم

چاگداش ئایدن، لەسەر گۆڕەکەی لە ناوچەی پولوری دێرسیم یادکرایەوە، بەشداربووان گوڵیان لەسەر گۆڕەکەی دانا.

جولەمێرگ

سولەیمان ئاکسو لەسەر گۆڕەکەی لە ناوچەی گەڤەری جولەمێرگ یادکرایەوە. زۆر کەس بەشداربوون، لەسەر گۆڕەکەی وێنەی ئەو و یاری منداڵان و گوڵ دانرا.