هاوکاریی بەپەلە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە بۆ سوەیدا

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند کە ئەوان بۆ قەیرانە مرۆییەکەی سوەیدا کاروانی هاوکاریی بەپەلەیان ئامادە کردووە. ئەگەر ڕێڕەوێکی سەلامەت بکرێتەوە، کاروانەکە بەڕێ دەکەوێت.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئامانجی پشتگیرییی خەڵکی سوەیدا، ئامادەکردنی کاروانی هاوکاریی مرۆیی بەپەلەی بۆ دانیشتووانی سوەیدا تەواوکرد. کاروانی هاوکارییەکان کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بە دەسپێشخەریی خۆی ئامادەی کردووە، چاوەڕەوانی ڕێڕەوێکی سەلامەتە تا یارمەتیەکان بگەینرێتە دانیشتووانی سوەیدا.

کاروانەکە لە پێداویستی پزیشکی و مرۆیی پێکدێت، بەگوێرەی داخوازییە دووبارەکانی خەڵکی سوەیدا ئامادەکراوە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بەرنامەیەکی داناوە تاوەکو لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا کاروانەکە بگاتە سوەیدا، ئاماژەی بەوە کرد، گەر ڕێگەی سەلامەت هەبێت ئامادەن کاروانی تر بنێرن.

بەرپرسانی ئەم کارە، داوایان کرد دۆسیەی مرۆیی لە ئاڵۆزییە سیاسیی و سەربازییەکان دووبخرێتەوە، دووپاتیان کردەوە لەگەڵ ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە پەیوەندیدان کە پشتگیرییەکان دوور لە سیاسییکردنەوە بگاتە لێقەوماوان، زەحمەتییەکانی هەرێمەکە لاببرێن کە بوونەتە مایەی کەمبوونەوەی ماددەی پزیشکی و خۆراک.