دژ بە هێرشەکانی سەر هەردوو کەناڵی "میدیا خەبەر و ستێرک تیڤی" کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا

لە سەنتەری میترۆی شاری سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەلایەن ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، دژ بە هێرشەکانی پۆلیسی بەلجیکا بۆسەر هەردوو کەناڵی "میدیا خەبەر و ستێرک تیڤی" ئەنجامدرا.

ئەمڕۆ، لە سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، سەنتەری میترۆ و ڕۆنووس، لە بارەی هێرشەکان بۆ سەر سەر هەردوو کەناڵی  ئازادیی کوردان، ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر، لەلایەن پۆلیسی بەلجیکاوە لە بەرەبەیانی ٢٣ـی ئەم مانگە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.

لە سەرەتادا بەیاننامەیەک خوێندرایەوە، لەلایەن ڕۆژنامەنوس ئاراز ئیبراهیەمەوە، دەقی بەیاننامەکە بریتیبوو لە:

"سەرەتا بە ناوی ئازادیی

زایەڵەی حەقیقەت کپ ناکرێت

‘ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر’ دەنگ و ڕەنگی هەموو ئازادییخوازێکن

درەنگانی شەوی ٢٣ـی نیسان، لە ناکاو بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک، پۆلیسی فیدراڵیی بەلژیکا (جەردەئاسا) هەڵیانکوتایە سەر کەناڵەکانی ‘ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر’ لە شاری دەندەرلیو لە بەلژیکا، هەموو دەرگاکانی ئۆفیسەکانیان شکاند و دەستیان بە پشێوی و تاڵانییەکی زۆر کرد.

ئەم هێرشە نامرۆڤانەیە، پێش هەموو شتێک پێشێلکردنی یاساکانی بەلژیکا خۆیەتی وەک وڵاتێکی خاوەن بانگەشەی دیموکراسیی و مافی مرۆڤ و ژێرپێخستنی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە، هاوکات نیشاندەری وێنای ڕاستەقینەی ئەورووپا و سیستەمە داپڵۆسێنەرەکەیەتیی  لەبەرامبەر دۆزی کورد و دەنگی ئازادییخوازان.

باڵکێشە، هەمان شەو بە هەمان میتۆد و ئامانج، لە ئەنقەرە و ئەستەنبووڵ، پۆلیسی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەڵیکوتایە سەر ماڵان و نۆ ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازادیان دەستگیر کرد.

لە لایەکی ترەوە، لە پاریسی خوێناوی پایتەختی فەڕەنسا، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵی ئەندامانی ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیی و شەش کوردی ئازادییخوازیان دەستگیر کرد.

هەموو ئەم هێرش و پیلان و پەلامارانەش، هاوکاتی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کە هێشتا فڕۆکە تایبەتەکەی ئاسمانی هەولێری جێنەهێشتبوو، فڕۆکە جەنگییەکانی دەستیان بە بۆردوومانی چیا ئازادەکانی کوردستان و ناوچە مەدەنینشینەکانی ڕۆژئاوای کوردستان  کرد.

ئێمە هاووەختیی و یەکانگیربوونی ئەم هێرشانە بە ڕێککەوت نابینین، بەڵکو بە پیلانێکی نەخشەبۆکێشراوی دەزانین، بۆ کپکردنی دەنگی ئازادییخوازانەی کورد و لەباربردنی دۆزەکەی، هەریەک لەو دەوڵەتانە بە پەلوپۆی جەستەیەک دەبینین، کە ناوی فاشیزمە، بەڵام لە ژێر پەچە و درووشم و ناوی جیاوازدا.

ئێمە وەک ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی هێڵی ئازادیی، ئەو هێرشە هەمەلایەنەی دوژمن و سیستەمی دەوڵەتگەرایی و دژە ئازادیی بەر نەفرەت دەدەین و ئیدانە و سەرکۆنەی دەکەین، هاوکات سوورتر و شێلگیرانەتر درێژە بەم کاروانەی ڕاگەیاندنی ئازاد دەدەین، ‘ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر’ دوو بڵندگۆی ئازادیی و حەقیقەتن، چرای کوردانن لە شەوەزەنگی ستەم و نادادیی و داگیرکارییدا، خاوەنی یەک دۆز و یەک ئامانجین و لەبەرانبەر هیچ زەبر و زەنگ و فشارێک پاشەکشێ ناکەین و خاڵی کۆتایی دانانەین.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، نەبەز خالید، لەسەر ناوی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆی ڕۆنووس-نوێنەرانی ئەوروپا، وتی: بە توندی سەرکۆنەی ئەم تاوانە دەکەین و پێمان وایە پیلانێکی پێشوەختەیە کە ئەنجام دراوە، حکومەتی بەلجیکا داڕێژەری پیلانەکەیە بە هابەشی کەس و لایەنی دیکە.

 لە کۆتاییشدا داوای کرد، پێویستە دەوڵەتی بەلجیکا لەسەر ئاستی باڵا داوای لێبوردن لە هەردوو کەناڵەکە و کارمەندانی بریندار بکات، هەرچی زووە دەستبکرێتەوە بە پەخش و کەشێکی ئەرێنی دروست بکرێتەوە، بەرپرسانی کەناڵەکان هەست بە ژینگەیەکی لەبار بکەن بۆ کارکردن.

هـ . ب