'١ی ئایاری ٢٠٢٤ دەبێتە لوتکەی رابوونی سۆسیالیستەکان'

دوران کاڵکان رایگەیاند، "١ی ئایاری ٢٠٢٤ دەبێتە لوتکەی رابوونی سۆسیالیستەکان". فەرزاد جانیش رایگەیاند، کە دەبێت دروشمی "هەموو شوێنێک تەقسیمە، لە هەموو شوێنێک بەرخودانە" لە هەموو شارەکانی تورکیا و کوردستان دەنگبداتەوە.

دوران کاڵکان بە بیری هێنایەوە کە یەکی ئایار بووەتە رۆژێک کە بە سەدان هەزار کرێکار و رەنجدەر و هێزی سۆسیالیست کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی کۆتایی بە فاشیزم بهێنن، لە دژی گوشار و زۆرداری خۆڕاگری بکەن، یەکگرتن، رێکخستنبوون و خۆپیشاندان و چالاکی ئەنجام بدەن. دوران کاڵکان ئەوەی خستەڕوو کە رۆحی یەکی ئایار ئەمڕۆ لە تورکیا زیندووە و دەستنیشانی کرد کە هەموو کرێکاران و رەنجدەرانی تورکیا، ژنان و گەنجان و هەموو بندەستان بە دڵنیاییەوە ١ی ئایاری ٢٠٢٤ دەکەنە رۆژی لێپێچینەوە لە سیستمی فاشیست، کۆلۆنیالیست و قڕکەر.

بەڕێوەبەرانی بزوتنەوەی شۆڕشی یەکگرتووی گەلان (هەبەدەهە) فەرزاد جان و دوران کاڵکان بەشدارییان لە بەرنامەی تایبەتی ١ی ئایاری مەدیا خەبەردا کرد.

دیدارەکەی بەڕێووەبەرانی هەبەدەهە بەم جۆرەیە:

لەبارەی مێژووی یەکی ئایار، واتا مێژووییەکەی لەمرۆدا چۆن دەتوانرێت پێناسە بکرێت؟

فەرزاد جان: لە سەرەتادا ١ی ئایار بە تایبەتی لە کرێکارانی تورکیا و کوردستان و چینی کرێکارانی جیهان، چەوساوەکان، رەنجدەران و گەلەکەمان پیرۆز دەکەم، لە کەسایەتی ئەو ٣٤ رەنجدەر و کرێکارەی ساڵی ١٩٧٧ لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیستەوە کوژران، هەموو شەهیدانی ١ی ئایار بە رێزەوە یاد دەکەەوە. هەروەها وەک بزوتنەوەی شۆڕشی یەکگرتووی گەلان رایدەگەیەنم کە ئێمە لێپێجینەوە لە بکوژە فاشیستەکان دەکەین.

بۆ تێگەیشتنی راست و دروست لە مێژوو و گرنگی ١ی ئایار بە کورتیش بێت پێویستە ئێمە ئاوڕ لەمێژووەکەی بدەینەوە.

لە ساڵی ١٨٨٦ دا لە ئەمریکا بە داواکاری کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار خۆپیشاندان کرێکاران دەستیپێکرد و ئەو چالاکیە سەرتاسەری ئەمریکای تەنیەوە و گۆڕدرا بۆ تێکۆشانێکی گەورە.

دوای ماوەیەک لە داوای کەمکردنوەی کاتژمێرەکانی کارکردن، لە هەمان کاتدا گۆڕدرا بۆ سەرهەڵدانی رەشپێستەکان لە دژی فاشیزمی نەژادپەرست لە ئەمریکا.

گۆڕدرا بۆ تێکۆشانێک کە بۆ ماوەی چەندین رۆژ لە شەقامەکان بەردەوام بوو. ئەو تێکۆشانە بە گوشار و توندوتیژی سەرکوتکرا. لە هێرشەکاندا ٤ کرێکار کوژران. هەروەها لە ساڵی ١٨٨٩ دا بە پێشەنگایەتی نوێنەرێکی کرێکارانی فەرەنسی ١ی ئایار وەک رۆژی یەکێتی تێکۆشان و یەکگرتنی جینی کرێکارانی جیهان راگەیەندرا.

١ی ئایار هەروەها هێمای کاردانەوە و توڕەیی کرێکاران، رەنجدەران و بندەستانە لە دژی کۆلۆنیالیزم، سەرمایەداری و فاشیزم.

1ی ئایار لە تورکیا لە چوارچێوەی واتاکەیدا ئێمە دەتوانین بڵێین کە لە ساڵانی ٧٠ەوە پیرۆز دەکرێت. لە سآڵی ١٩٧٦ لە تورکیا و کوردستان یەکەم جار بە شێوەیەکی جەماوەری پیرۆزکرا.

واتە بە گشتی دوای ساڵی ١٩٧٧ کە ٣٤ کرێکار لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژران، لە تورکیا و کوردستان چینی کرێکاران خاوەندارییان لە ١ی ئایار کرد و لەو ساڵەوە بە شێوەیەکی بەردەوام و رێکوپێک پیرۆز دەکرێت.

هاوکات لەگەڵ فاشیزمی ١٢ی ئەیلول ١ی ئایار لە واتاکەی دوورخرایەوە و ئەو جەژنە وەک جەژنی بەهار و گوڵ ناودێرکرابوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش قەدەغەکرا و ماوەیەکی زۆرە لە تورکیا ١ی ئایار قەدەغەکراوە.

سەرباری هەموو گوشار و هێرشەکانیش هەرچەندە قەدەغەش بێت، ١ی ئایار بە تایبەتی لەلایەن شۆڕشگێڕان و سەندیکا دیموکراتیەکانی کرێکارانەوە بە شێوەی جیاجیا پیرۆز دەکرێت. ئاکەپە بۆ ئەوەی لایەنگرانی خۆی زیاد بکات و جەوهەر و ناوەرۆکی ١ی ئایار لە واتاکەی دابماڵێت لە ساڵی ٢٠٠٨دا بریاریدا کە ١ی ئایار وەک رۆژی رەنج و یەکگرتن پیرۆزبکرێت. لە ساڵی ٢٠٠٩دا بە یاسایەک ١ی ئایار وەک پشوو راگەیەندرا. بەڵام هەم لە تورکیا و هەمیش لە کوردستان بەردەوام تێکۆشان بۆ پیرۆزکردنی یەکی ئایار لە چوارچێوەی خۆیدا لەئارادایە.

پێویستە ١ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٤ جیاوازتر بێت

هەڵبەت واتا و گرنگی ١ی ئایار زۆرە. کێشە و داواکاری بنچینەیی زۆر جددی هەیە کە پێویستە ئێمە لە ١ی ئایاردا ئەوانە بخەینەڕوو و بۆ ئەوانە تێبکۆشین. بۆیەش پێویستە ١ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٤ جیاوازتر بێت.

ماوەی نۆ ساڵە ئەم دەوڵەتەی تورکی فاشیست و داگیرکەر و حکومەتە فاشیستیەکەی ئاکەپە و مەهەپە لە دژی هەموو پارت و رێکخراوە شۆڕشگێڕەکان بەتایبەتی بزوتنەوەی ئازادیی کورد سیاسەتی پاکتاوکردن بە رێوەدەبات. هەروەها ٩ ساڵە ئەو هێرشە خوێناوی و تیرۆریستیانەی دەوڵەت بێ وەستان بەردەوامن. پێویستە ببینرێت کە ئەنجامی ئەم شەڕەی سیاسەتە قڕکارییەکان لە دژی گەلی کورد تەنیا بە گەلی کوردەوە قەتیس نەماوە، هەروەها کرێکاران و رەنجدەرانی تورکیش دەگرێتەوە.

لەبەر ئەوەش پێویستە ١ی ئایاری ٢٠٢٤ داواکاری کرێکاران تەنیا لە چوارچێوەی ئابوریدا نەبێت. چونکە تا ئەو شەڕە داگیرکەرییە کۆتایی پێنەهێندرێت، ژیانی چینی کرێکار و رەنجدەری تورکیا خراپتر دەبێت. داگیرکەری، ستەم و گوشار زیاتر دەبێت. چونکە بەهایەکی زۆری کرێکاران و رەنجدەران بۆ ئەم شەڕە چەپەڵە لەلایەن دەوڵەتەوە تەرخان دەکرێن. نەک هەربۆ تانک و چەک بەڵکوو لە هەمان کاتدا بۆ ئەندامانیان کە شەڕی دەرونی قووڵتر بکەنەوە و هەروەها بۆ تەریقەتەکان خەرج دەکرێت.

هەمووشی پەیوەستە بەم شەڕە چەپەڵە و ئەو سیاسەتەوە هەیە کە بەڕێووەی دەبەن. تێچووی ئەو کردەوە چەپەڵانەیان لە کرێکاران و رەنجدەران دەستێننەوە. لەبەر ئەوەش ئەوەی کە پێویستە لە ١ی ئاداردا بکرێت، ئەوەیە.

رۆح و وشیاری ١ی ئایار بەردەوام بە زیندوویی ماوەتەوە

لە تێکۆشانی ئازادی، دیموکراسی و سۆسیالیزمی گەلانی تورکیا و کوردستاندا ١ی ئایار چ پێگەیەکی هەیە؟

دوران کاڵکان: رۆژی یەکی ئایار، رۆژی یەکگرتن، هاوپشتی و تێکۆشانی هەموو کرێکاران و رەنجدەران، ژنان و گەنجان و گەلانی رەنجدەر پیرۆز دەکەم. لە کەسایەتی شەهیدانی تەقسیمدا هەموو شەهیدانی یەکی ئایار بە رێز، خۆشەویستی و پێزانینەوە بە بیر دەهێنمەوە.

لە ماوەی ٣٥ ساڵی رابردوودا زۆر شت لە بارەی بەهاکانی سۆسیالیزمەوە لە جیهان کەوتنە بەر باس و گفتوگۆ. دەتوانین بڵێین کە تاڕادەیەک هەموو شتێک کە گفتوگۆی لەسەر کراوە  وگفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، بەڵام گرنگترین بەها کە گفتوگۆی لەسەر ناکرێت، بە بێ گفتوگۆ قەبوڵ دەکرێت و گرنگی و بەهای خۆی لە دەست نەداوە، ١ی ئایارە. ئەو وشیاری و رۆحەی کە وەک رۆژی یەکگرتن و تێکۆشانی چینی کرێکاران پێناسە دەکرێت، لە راستیدا ئەمڕۆش بە هەمان شێوەیە.

لە سەرووی هەموو مشتومڕەکانی دیکەوە، زۆر لایەن ناچار دەبن کە هێز و بەهای ١ی ئایار قەبوڵ بکەن. بندەستان؛ رەنجدەران و کرێکاران، گەلانی رەنجدەر، ژنان و گەنجان زیاتر ئەو وشیارییە بەدەست دەهێنن. باشتر خاوەنداری لەو بەهایە دەکەن. ئێمە هیوادارین لە ١ی ئایاری ٢٠٢٤ دا ئەو دۆخە بگاتە بەرزترین ئاست. لەبەر چی؟ هەڵبەت بەهۆی واتاکەیەوە.

بەهای سەرەکی یەکی ئایار ئەوەیە کە رۆژی یادی شەهیدانە. ئەو بەهایە بە رەنج، ماندووبوون و خوێن ئافرێندراوە. لەبەر ئەوە هێزە دەسەڵاتدارەکان هەرچیەکیش بکەن ناتوانن چەوساوەکان و رەنجدەران لەو وشیاریە دروستە دووربخەنەوە.

پەنا بۆ زۆر گەمە براوە و فڵیان کردووە، بەڵام هێزی کاریگەری ١ی ئایار کە وشیاری گەل بەرزدەکاتەوە، بەهێزی دەکات و دەیخاتە جوڵەوە، هەرگیز لەناو نەچووە. ئەو شتە بۆ تورکیا و کوردستان بەم جۆرەیە.

لەو کاتەوەی لە ژیان تێگەیشتین و ئەندێشەی جەپمان ناسی، بەو رۆژەیان دەگوت 'جەژنی بەهار'. ئەو کاتەش پشوو هەبوو، ئێمە خوێندکار بووین. گەنجان لەو هەلومەرجەی ١٢ی ئەیلولدا توانیان جەژنەکە بگۆرن بۆ وشیاری و رێکخستنبوون. من بەشداربووم لەوەدا. بۆ پیرۆزکردن دەچووینە چۆڵەوانی، بەڵام وەک جەژنێکی بەهار پیرۆزمان نەدەکرد. وەک رۆژی کۆبوونەوە، رۆژی پەروەردە و ناسینی ئەندێشەی سۆسیالیستی، ئەندێشەی ئازادی، ئەندێشەی رزگاری کرێکاران و رەنجدەران بوو. لە ١ی ئایاردا ئێمە فێری راستی، راستی ژیان، راستی جیهان، مافخوراوی، چەوسانەوە، زۆرداری، فاشیزم، سەرمایەداری، ئیمپریاڵیزم، سۆسیالیزم بووین. تاڕادەیەک لە ١ی ئایاردا فێری هەموو شتێک بووین. ئەگەر لە تورکیا وردبینەوە؛ لە بەرەوپێشچوونی بزوتنەوەی کرێکاران، بزوتنەوەی سۆسیالیستیدا زۆر فاکتەر بوونیان هەبووە، بەڵام رۆح و وشیاری ١ی ئایار یەک لە فاکتەرە سەرەکیەکانە. رۆح ووشیاری رۆژی ١ی ئایار هەموو کات بە زیندوویی ماوەتەوە. هەموو کات لە کەسایەتی، وشیاری و رۆحی کرێکار و رەنجدەراندا ژیاوە.

لەمرۆشدا رۆحی یەکی ئایار زیندووترینە

ئەوەی ئەمڕۆ لە تورکیا زیندووترینە، رۆحی ١ی ئایارە. بە نزیکەیی هەموو ساڵێک ئەوە دەبینین. لەم یەکی ئایارەی ساڵی ٢٠٢٤دا ئەوە زیاتریش دەبینین. لەبەر ئەوەی هەلومەرج و بارودۆخ بۆ ئەوە لەبار و گونجاوە. لەلایەکەوە ستەمی فاشیستی، زۆرداری، مافخواردن هەیە. لەلایەکی دیکەوە، لە دژی فاشیزم، تێکۆشانێکی زۆر بەهێز بەڕێوەدەچێت. بۆ رووخاندنی فاشیزمی ئاکەپە ومەهەپە لە کوردستان و تورکیا تێکۆشانێکی بەهێز هەیە. بە کورتی فاشیزم شەپۆل شەپۆل دەڕوخێت. لێرەدا تێکۆشان یەکلاکەرەوەیە. تێکۆشان لە دژی سیستمی فاشیستی، کۆلۆنیالیستی، قڕکەر، ئەقڵیەت و سیاسەتەکەی ئەوەی خستووەتە بەرچاو. ١ی ئایاریش لەم تێکۆشانەدا رۆڵێکی بنچینەیی دەگێڕێت.١ی ئایاری ئەمساڵ دەبێتە لوتکەی نوێی ئەم تێکۆشانە.

تێکۆشان لە دەوری بەرخۆدانی چەکداری پەرەی سەند. هۆشیاری ١ی ئایار هەمیشە ڕۆڵێکی بەهێزتری بۆ بەرەوپێشبردنی بەرخۆدانی چەکداری هەبووە. لە هەموو ١ی ئایاردا، تێکۆشان زیاتر پێشکەوت. چالاکیی گەورەی گەریلایی بەڕێوە چوو. شەهیدی گەورەمان بەخشی. هەروەها لە مانگی ئایاردا گەریلا خاوەن شەهیدی گەورەیە. لە کاتی ئامادەکاری بۆ هەنگاوی گەریلا لە ٢ی ئایاری ١٩٨٣، فەرماندەی گەورەمان محەمەد قەرەسونگور شەهید بوو. دەکرێت وەک شەهیدی ١ی ئایار ببینرێت. دوای ١٥ی ئاب، گەریلا لە هەموو ١ی ئایارێکدا چالاکی دەکرد. لە ساڵی ٨٥ لە گارزان، ڕەمەزان کاپڵان و هاوڕیەکانی شەهید بوون. محەمەد ئەمین ئاسڵان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتیمان لە ساڵی ٨٨ لە مێردین شەهید بوو. بەم بۆنەوە ١ی ئایار بوو بە مانگی شەهیدان. ئەم هۆشیارییە و ئەم ڕاستییە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. واتە هێزە دەسەڵاتدارەکان هەرچییەک بکەن، ناتوانن ١ی ئایار لە هۆشیاری ستەملێکراو و کرێکارانی ڕەنجدەری تورکیا و گەلی کورد بهێننە دەرەوە. ڕۆحی ١ی ئایار و ئەو تێکۆشانەی لەگەڵ ئەم هۆشیارییەدا گەشە دەکات، لەهەموو شوێنێ بڵاودەبێتەوە و بەهێزتر دەبێت.

ئێستا دۆخی تێکۆشانی چینی کرێکار چۆنە؟ چی لەبارەی تێکۆشانی گەل لە تورکیا و کوردستان و جێگای لە تێکۆشانی دیموکراسی، سۆسیالیزم و کاریگەرییەکانی لە کوێیە و بەرپرسیارییەکانیان چیە؟

فەرزات جان: بە گشتی بارودۆخی بزووتنەوەی چینی کرێکار لە جیهان و ئەوانەی لە تورکیا و کوردستاندا دەژین هاوشێوەن. ئەمڕۆ هەلومەرجی ئێمە زۆر جیاوازە لە دوێنێ، دەرفەتی زیاترمان هەیە بۆ پەرەپێدانی تێکۆشان. لەم ڕووەوە پێویستە چالاکییەکانی ١ی ئایار ببێتە هۆی سیاسەتێکی دروست و پاڵپشتی-پڕوپاگەندە. بە واتایەکی تر، دەبێت دەسەڵاتی وێرانکەر و بنیاتنەری چینی کرێکار، تووڕەیی هەژاران، خواستی ژنان بۆ ئازادی کە لە ٨ی مارسدا سەریهەڵدا، هەروەها ئیرادەی گەلی کورد لە خاوەنداری کردن لە ڕێبەراتیمان و ئازادیی بەڕێزیان لە نەورۆزدا و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە 1ی ئایاردا نیشان بدەین.

پێویستە کاربکەین بۆ ئەوەی ئیکۆلۆژیستەکان بەشداری ئەم تێکۆشانە بن. چونکە ئاکەپە نەک هەر ژیانی کرێکارانی وێران کردووە، بەڵکو وڵاتەکەمانی وێران کردووە. لە جوگرافیای تورکیا و کوردستاندا وێرانکاری ئەنجامداوە. هەموویان یەک بە یەک فرۆشران بە ئیمپریالیست و فاشیستە هاوبەشە ناوخۆییەکانیان. واتە ئێمە لەبەردەم مەترسییەکی گەورەداین. بە تایبەت بزوتنەوەی شورشگێڕی یەکگرتووی گەلان، هەبەدەهە دەبێت لەم بوارەدا زۆر بەهێزتر تێکۆشان بەڕێوە ببات.

لە کوردستان شەڕێک لە ئارادایە. لە ڕۆژئاوا شەڕی داگیرکاری و چەوساندنەوە بەڕێوەدەچێت. لە باشووری کوردستانیش بەهەمان شێوە. تێچووی هەموو ئەمانە لەلایەن کرێکاران و ڕەنجدەرانی تورکیاوە دەدرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کرێکاران و ڕەبجدەرانی تورکیا ڕووبەڕووی وێرانکاری زیاتر ببنەوە. نەک هەر لەم شەڕە نەگریسەدا منداڵەکانیان دەکوژرێن، بەڵکوو داهاتووشیان لەناو دەچێت. بە تایبەتی هێزەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی یەکگرتووی گەلان پێویستە تێکۆشانێکی بەهێز بۆ چینی کرێکار و ڕەنجدەران بەڕێوە ببەن و لەم ڕاستییە تێبگەن. لە ڕوانگەی ئێمەوە "داهاتوو لە سۆسیالیزمدایە"، واتە ڕزگاری مرۆڤایەتی بە سۆسیالیزمەوە بەدەست دەکەوێت.

١ی ئایار نزیک دەبێتەوە. لە پرۆسەیەکی وادا گەلی تورکیا، کرێکاران و گەلانی کوردستان چۆن دەتوانن وەڵامی ئەم پرۆسەیە بدەنەوە و بەرپرسیارێتییان چییە؟

دوران کاڵکان: پێویستە لە مانای ١ی ئایار تێبگەین. بۆ ئەوەی ١ی ئایار لە مانای ڕاستەقینەی خۆی لابدەن، پەنا بۆ هەموو جۆرە سیاسەت و ڕێبازێک دەبەن. هێرشەکان لە دژی ئەم ڕۆژە زۆرن. هەرچەندە ١ی ئایار ڕۆژی تێکۆشانە لە دژی هێرش، کۆمەڵکوژی و گوشارەکانی هێزە دەسەڵاتدارەکان، بەڵام کەسانێکیش هەن کە هەوڵدەدەن ١ی ئایار وەک بەهایەکی بەنرخ نیشان بدەن. دەبێت کەس بەم شتانەوە فریو نەخوات.

تێکۆشان لەدژی پلانە گڵاوەکان زۆر گرنگە. ١ی ئایار ڕۆژی کرێکارانە، ڕۆژی ڕێکخستن و داواکاری مافی ڕەنج، بەرخۆدان، یەکڕیزی و یەکگرتوویی کرێکارانە. مەرجی نزیکبوونەوەی دروست بۆ ئەم ڕاستییە پێویستە.

ئێمە بزووتنەوەیەکی کرێکارین و خاوەنی یەکێتین

تا دەسەڵاتداری و سیستەمی دەوڵەتی هەبێت، جیاوازی چینایەتی لە کۆمەڵگادا پەرە دەستێنێ. دەسەڵاتدار و ستەمکار بوونیان هەیە، بەڵام بندەست، کرێکار و ڕەنجدەر و ژنیش هەن. هەروەها گەنجان بەشێکی پێشەنگی ئەم کۆمەڵگایەن. هەر بۆیە ململانێی چینایەتیش هەیە.

ئێمەش تێکۆشانی لەو شێوەیە بەڕێوە دەبەین. ناوی حیزبەکەمان ئەوەیە؛ پارتی کرێکارانی کوردستان واتە ئێمە بزووتنەوەیەکی کرێکاریین. ئێمە بزووتنەوەیەکی یەکگرتووی گەورەین، تێکۆشانێکی فیداییانە بەڕێوە دەبەین هەروەها ئێمە هێزێکی شەڕکەرین. هەر بۆیە پێویستە بە باشی لە مانای ئەمە تێبگەین. پێویستە لەسەر بنەمای دروست و باوەڕپێکراوانە ببینرێت و لێی تێبگەین.

 

گەشەکردن، بەهێزی و سەرکەوتنی تێکۆشانی ژنان پەیوەست بە بنەمای دروست و پەیوەندی بە بنەمای چینایەتیەوە هەیە کە هەروەها لایەنێکی زۆر گرنگی تێکۆشانی ئایدیۆلۆژییە. دەتوانین بۆ نموونە ئاماژە بە ڕۆژی جیهانی ژنانی زەحمەتکێشی ٨ی مارس بکەین.

لەم چوارچێوەیەدا هەوڵدەدەین لە بەهاکانی ١ی ئایار تێبگەین و هەوڵدەدەین بە شێوەیەکی مەزن، پراکتیکی و ڕێکخستنی نوێنەرایەتیان بکەین. بۆ ئەم پرۆسەیە زۆر پێویستیەکە، هیوادارین پڕۆسەی ١ی  ئایار ببێتە پردێک بۆ ئەم داخوازیانە. ئێمە وەک پەکەکە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی یەکگرتووی گەلان تا ئێستا تێکۆشانێکی لەو شێوەیەمان بە شێوەیەکی بەهێز و کاریگەر بەڕێوەبردووە. لەمەودوا لەسەر هێڵی سەرکەوتن درێژەدەری ئەم تێکۆشانە دەبین.

ئێمە ئەمەمان لە پرۆسەی پێشوودا بینی. هاوڕێمان فەرزات بە کورتی ئەمەی باسکرد. بەڕاستی لە ٨ی ئادار و نەورۆزیشدا گەیشتە لوتکە. هەروەها شکستی ئاکەپە و مەهەپەیە لە هەڵبژاردنەکاندا کە گورزێکی گەورە بوو لە فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە درا، دەرئەنجامی ئەمانە بوو.

ئێستا ١ی ئایار لوتکەی سۆسیالیستەکانە و گوزارشت لە ڕزگاری بندەستان و خاوەنداری لە کرێکاران دەکات. هەر بەم هۆیەشەوە ئێمە بە هەموو هێزمانەوە خەریکی سەفەربەرین و لەسەر بنەمایە تێکۆشان هەڵدەسەنگێنین. ئێمە پێمان وایە ١ی ئایاری ٢٠٢٤ تێکۆشانی پرۆسەکانی ڕابردوو بەرەوپێش دەبات و دەگەیەنێتە بەرزترین ئاستی خۆی.

ئێمە هەموو شوێنێک دەکەینە تەقسیم و ڕۆژی لێپرسینەوە لە ئاکەپە

پەیامەکانتان بە بۆنەی ١ی ئایاری ٢٠٢٤ چین؟

فەرزات جان: سەرەتا دەمەوێ بڵێم، ١ی ئایار ڕۆژی یەکگرتوویی، تێکۆشان و یەکڕیزی چینی کرێکاری تورکیا و کوردستانە، هەمیشە ڕۆژی تێکۆشان و سەردەمی زۆر تایبەت و سیاسی بووە. هیوادارم ١ی ئایاری .ئەمساڵیش ببێتە ئامرازێک بۆ سەرهەڵدانی تێکۆشانێکی زۆر بەهێزتری کرێکاران، بندەستان و گەلەکەمان لەدژی وێرانکاری، گوشار و تیرۆری فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە.

بێگومان تەقسیم مەیدانێکە کە بە خوێن سەرکەوتووە. بێگومان دەبێت لە تەقسیم بەرخۆدان بەرێوە بچێت. بەڵام لەهەمان کاتدا دەبێت دروشمی "هەموو شوێنێک تەقسیمە، هەموو شوێنێک بەرخۆدانە" لە هەموو شارەکانی تورکیا و کوردستان بەرز بکرێتەوە. ئەمڕۆ هەموو کرێکاران و ڕەنجدەران، به تایبەت گەلانی کوردستان، پێشکەوتنخوازان، شۆڕشگێڕان، عەلەوی، ژنان، گەنجان و ڕووناکبیران، لە هەموو شوێنێک وەک  تەقسیم بەرامبەر فاشیزمی ئاکەپه-مەهەپە که شەڕی ڕاگەیاندووە، ١ی ئایار له ژێر چەتری یەکگرتوویی و یەکڕیزیدا تێکۆشان بەرز بکەنەوە. لەم ڕووەوە زۆر پێویستە ڕۆحی ڕاپەڕینی گەزی و بەرخۆدانی کۆبانی و ڕۆحی نەورۆز و هەشتی مارس و ڕۆحی ژنانی ڕەنجدەری جیهان بەرەو مەیدانەکانی ١ی ئایار بڕۆین. پێویستە ئەو ڕۆژە ببێتە ڕۆژی لێپرسینەوە لە ئاکەپە. جارێکی تر ١ی ئایار لە چینی کرێکارانی تورکیا و کوردستان پیرۆز دەکەم.

لەو باوەڕەدام شکۆمەندی ٨ی ئادار و نەورۆز دەگاتە لوتکە

دوران کاڵکان: بەڕاستی ٨ی مارس و نەورۆز دەرکەوتنێکی گرنگ بوون. ئێمە پێمان وایە کرێکاران، ڕەنجدەران، گەلی کورد، هەموو گەلانی تورکیا، ژنان و گەنجان لە ١ی ئایاردا ئەم دەرکەوتنە دەگەیەننە بەرزترین ئاستی خۆی. لە ١٠ی تشرینی یەکەمەوە بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی کورد و داواکاری ئازادیی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جیهاندا هەڵمەتێک دەستی پێکرد و ڕێپێوانی ئازادی بەڕێوە چوو. لەو باوەڕەداین لە 1ی ئایاری ئەمساڵدا گەل، ژنان و گەنجانمان ئەم هەڵمەتە بگەیەننە ئاستێکی نوێ. بانگەوازیمان لەسەر ئەم بنەمایە دەبێت. هەڵمەتی ئێمە بۆ ئازادی هەڵمەتی شۆڕشی دیموکراتیکی تورکیایە.

ئازادی کورد و دیموکراسی تورکیا وەک گۆشت و نینۆک پێکەوە گرێدراوی یەکترن. شۆڕشی ئازادیی کوردستان و شۆڕشی دیموکراتیکی تورکیا بەهەمان شێوەیە گرێدراوی یەکترن. هەڤاڵانی هەبەدەهە بەم شێوەیە تێدەگەن. هۆشیاری هەبەدەهە لەسەر ئەم بنەمایە، لەسەر بنەمای تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە بنیات نراوە. بۆیە پێمان وایە لە ١ی ئایاردا، هەڵمەتی ئازادیی کە لە کوردستان بەڕێوەی دەبەین، بە خێرایی گەشە دەکات و وەک هەڵمەتی شۆڕشی دیموکراتیک لە تورکیا دەگاتە لوتکە. هەموو کرێکاران، ڕەنجدەران، ژنان، گەنجان و هەموو بندەستەکانی تورکیا بەدڵنیاییەوە ١ی ئایار دەکەنە ڕۆژی لێپرسینەوە لە سیستەمی فاشیست، ستەمکار و قڕکەر. لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە گەلەکەمان، ژنان، گەنجان، کرێکاران و هەموو چین و توێژەکان دەکەم کە بە دڵنیاییەوە بەشداری لە چالاکییەکانی ١ی ئایار بکەن و ١ی ئایار بکەنە لوتکەی نوێی هەڵمەتی ئازادی لە کوردستان و جیهاندا. لەو بڕوایەدام لە ١ی ئایاردا ملیۆنان کەس لە کوردستان و تورکیا و هەموو جیهان بە دروشمی 'بژی ئازادی، بژی یەکی ئایار، بژی سۆسیالیزم' دەرژێنەو گۆڕەپانەکان. لەسەر ئەم بنەمایە دیسان ١ی ئایار لە هەموو بندەستان کرێکاران و سەرجەم چین و توێژەکان پیرۆز دەکەم و بە ڕێزدارییەوە شەهیدەکانمان بە بیر دێنمەوە.