بلینكن؛ كۆژاندنەوەی كامێراکانی ئاژانس قەیرانی ئەتۆمی ئێران قوڵتر دەكاتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند؛ كۆژاندنەوەی ٢٧ كامێرای چاودێری ئاژانس لەلایەن ئێرانەوە دەبێتە هۆی زیاتر گۆشەگیركردنی ئابوری و سیاسی ئێران.

ئانتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رایگەیاند، ئێران بەهەڵگرتنی ئەو كامێرایانەی بۆ چاودێری كردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە دانراون، زیاتر رووبەرووی گۆشەگیری و بەردەوامی ناكۆكیەكان دەبێتەوە.

بلینكن لەهەمانكاتدا جەختی كردەوە كە گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی، هەرچەندە رووبەرووی هەڕەشە بووەتەوە، بەڵام تا ئێستاكە لەسەر مێزەكەیە.

رۆژێك دوای دەركردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی بڕیاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رافائیل گەروسی، بەرێوەبەری ئاژانسەكە رۆژی پێنج شەممە رایگەیاندوە؛ ئێران دەستی بەهەڵگرتن و كۆژاندنەوەی ٢٧ كامێرای چاودێری بنكەكانی ئەتۆمی لەسەرانسەری ئەو وڵاتەی دەست پێكردوە.

لەبەردەوامیدا ئاژانسی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئێران بەدەر لە كۆژاندنەوەی ٢٧ كامێراكەی ئاژانس، پێوەری ئاوی لەكارگەی ئاوی قورسدا لێكەوندۆتەوە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی راشیگەیاند؛ كێشەی دۆسیەی ناوەكی ئێران لەوەدایە كە ئەم وڵاتە لەپێدانی زانیاری راست و درۆست بەئاژانس بۆ بەدواداچوون بەدۆسیەی ئەتۆمی دوورە پەرێزە. 

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هاوكات راشیگەیاندوە؛ ئێران لەشوێنی وڵامدانەوە بە پرسیارەكانی ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتیە و پتەوكردنی هاوكاری وڵاتەكەیان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەپێچەوانەوە رێگرن لەهەوڵدانەكان.

لەم چوارچێوەیەشدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەكاردانەوە لەبەرامبەر بەهەڵوێستی ئێران جەختی لەوە كردۆتەوە كە"تەنیا دەرئەنجامی ئەم رێڕەوە، قوڵكردنەوەی قەیرانی ناوەكی و گۆشەگیری و پەراوێزخستنی زیاتر ئابوری و سیاسی ئێرانە.

ف.ق