دەم پارتی دەربارەی "یاسای ئاشتی" کۆنگرەیەکی ئەنجامدا و "تێکدان"ـی شەرمەزارکرد
شاندی دەم پارتی پاش کۆبوونەوە لەگەڵ ئاکەپە و مەهەپە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و ڕایگەیاند لەو کۆبوونەوانەدا "یاسای ئاشتی" تاوتوێ کراوە.
شاندی دەم پارتی پاش کۆبوونەوە لەگەڵ ئاکەپە و مەهەپە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و ڕایگەیاند لەو کۆبوونەوانەدا "یاسای ئاشتی" تاوتوێ کراوە.
دەم پارتی پاش بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە و دەربارەی کۆبوونەوەکان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەست.
هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغۆللاری پاش کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆیان لەگەڵ ئاکەپە و مەهەپە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان لە پەرلەمان ئەنجامدا.
تونجەر باقرخان ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکاندا وتوێژیان لەسەر بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ کردووە، گوتی: "لەگەڵ هەردوو پارتەکە باسی یاسای ئاشتییمان کرد. بەشێوەیەکی دوورودرێژ باسمان لە بەدیهێنانی ئاشتی کرد".
"لەگەڵ ڕێکخراوەکان و لایەنەکانی کۆمەڵگە کۆبووینەوە"
باقرخان ڕایگەیاند تا ئێستە نزیکەی ١٠١ کۆبوونەوەیان لەگەڵ گەلدا ئەنجامداوە، لەگەڵ ڕێکخراو و لایەنەکانیش کۆبوونەتەوە، گوتی: "بە هەردوو پارتەکەمان ڕاگەیاند بۆ پێشكەوتنی پرۆسەکە دەبێت هەنگاوی پێویست بنرێت. ئەگەر هەنگاوی پێویست بنرێت، مەترسییە هەرێمی و جیهانییەکان ئاسانتر، تێدەپەڕن. ئێمە هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەمە کرد".
هەروەها گوتی: "دەبێت هەلومەرجی کارکردن و پەیوەندی بەڕێز ئۆجالان چاک بکرێت. بۆ هەنگاوی دیموکراتیک، دەبێت خەبات بکرێت".
هێرشەکە شەرمەزار دەکەین
باقرخان تیشکی خستەسەر کۆمەڵکوژییەکەی دوێنێ لە کۆبانێ کە ٩ کەس لە هەمان خێزان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهیدکران، گوتی: "ئەم هێرشە شەرمەزار دەکەین و زۆر تووڕە و غەمگینین. هێرشی لەم جۆرە زیانی گەورە دەگەیەنێت بە پرۆسەکان لە سوریا و ئێرە. هەم بەڕێز ئۆجالان و هەم بەڕێز ئەردۆغان پێشتر جەختیان کردەوە لەسەر مەسەلەی تێکدان. پێویستە کارە تێکدەرەکان ئاشکرا بکرێن. ئەم کۆمەڵکوژیانە قبووڵ ناکەین. هێرشێکی ئاسایی نییە. ئەم هێرشانە سوودی بۆ پرۆسە نییە. پێویستە بوەستێنرێن".
پێویستە هەوڵەکانی تێکدان ئاشکرا بکرێن و بەرپرسیاران دادگایی بکرێن
باقرخان تیشکی خستەسەر لێدوانێکی پێشووی ئەردۆغان کە ڕایگەیاندبوو بەرامبەر هەموو هەوڵێکی تێکدەرانە ڕێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر، باقرخان گوتی: "دەبێت دەستبەجێ ئەم هەوڵی تێکدانانە ئاشکرا بکرێن و بکەرانی دادگایی بکرێن."
"کەی دەچنە ئیمراڵی"
پاشان هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە، گوتی: "بەرنامەی چوون بۆ ئیمراڵی لە چەند ڕۆژی ئایندە ڕوون دەبێتەوە. هێشتا داواکارییەکی وەهامان نەکردووە".
دەربارەی چەکدانانی پەکەکە، گوتی: "بەڕێز ئۆجالان لە بانگەوازەکەیدا بەڕوونی گوتبووی، دەتوانم کۆنگرە ببەستم و بڕیار بدەم. بۆ ئەمە دەبێت هەلومەرجی پێویست بۆ ئەمە بڕەخسێت، ئەوەندەی ئێمە بزانین، هەنگاوێک لەم ڕووەوە نەنراوە".
تولای حاتەم ئۆغۆللاری هەروەها جەختی کردەوە، ئاکەپە و مەهەپە لەگەڵ هەنگاونان بوون بۆ دیموکراتیکبوون، بەڵام وەڵامێکی ڕوونی دەم پارتیان نەداوەتەوە سەبارەت بە پرسی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان.
هەروەها جەختی کردەوە لەم پرۆسەیەدا بەرپرسیارێتی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی ئاکەپە، گوتی: "لێدوانەکانی بەڕێز ئەردۆغان دەربارەی ئەم بابەتە گرنگن. ئێمە هێشتا نازانین هەنگاوەکان چین. دەبێت لەم ڕووەوە، بەڕێز سەرۆککۆمار و حکومەت هەنگاوی ئەرێنی بنێن".
پەیامی نەورۆز دەدرێت؟
تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند بۆ نەورۆز چاوەڕێی پەیامێکن لە ڕێبەر ئاپۆوە، گوتی: "پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان پشتگیری لەم پرۆسەیە دەکات. بۆیە بەگرنگییەوە لەم پەیامە دەڕوانین. ئێمە دەربارەی ئەم پەیامە داخوازییەکانی خۆمان بە بەرپرسان ڕاگەیاند. بەهیواین وەڵامێکی ئەرێنی بدرێتەوە. لە ڕۆژانی ئایندەدا ئەمە ڕوون دەبێتەوە".