حەماس و فەتح بە نێوەندگیری چین رێککەوتنێکی ئاشتییان واژۆکرد

بزوتنەوەی حەماس و فەتح دوای ١٧ ساڵ ناکۆکی وململانێی توند بە نێوەندگیری چین رێککەوتنی ئاشتییان لە ژێر ناونیشانی "یەکگرتوویی فەلەستین" واژۆکرد.

بە گوێرەی هەواڵێکی میدیای فەرمی چین، دوای سێ رۆژ دانوستانی چڕ لە نێوان حەماس و فەتح بە نێوەندگیری پەکین، کە تیایدا ١٢ گروپی دیکەی فەلەستینیش ئامادەبوون، رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئەو دوو گروپەدا واژۆکراوە.

شاندی فەتح بە سەرۆکایەتی محەمەد عەلول و شاندی حەماسیش بە سەرۆکایەتی موسا ئەبومەرزوق لەو دانوستانەدا بەشداربوون.

موسا ئەبورمەرزوق دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە وتی: "ئەمڕۆ بەئامنجی یەکڕیزی و یەکگرتوویی نەتەوەیی پەیماننامەیەکمان واژۆ کرد و رایدەگەیەنین کە رێگەی بە ئەنجامگەیاندنی ئەم پرۆسەیە بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی نیشتمانیدا تێپەڕدەبێت و ئێمە پابەندین بە یەکڕیزیی نیشتمانییەوە و لەو پێناوەشدا هەنگاو دەنێین".

وان یی وەزیری دەرەوەی چین کە لە گەڵ هەردوو شاندەکە کۆببووەوە رایگەیاند، دیارترین خاڵی رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئەو دوو لایەنە بریتیە لەوە کە چۆن و بە چ شێوەیەک حکومەتێکی یەکگرتوو لە دوای شەڕ لە غەززە دروست بکرێت.  ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە هەرچەندە پرسی ئاشتی بابەتێکی ناوخۆیی فەلەستییەکانە، بەڵام بەبێ نێوەندگیری و پشتیوانی نێونەتەوەیی ناگاتە ئەنجام.

حەماس ساڵی ٢٠٠٧ دوای شەڕێکی خوێناوی بزوتنەوەی فەتحی لە کەرتی غەززە کردە دەرەوە و بزوتنەوەی فەتحیش بەسەرۆکایەتی مەحمود عەباس دەسەڵاتی لە کەناراوەکانی خۆرئاوا بەدەستەوەیە.

لەماوەی ١٧ ساڵی رابردوودا چەندین لایەنی وەک کۆمکاری عەرەبی و هەروەها وڵاتانی میسر و سعودیە و رووسیا هەوڵیاندابوو، ئاشتی لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا سازبکەنوە، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجامبوو.

دوایین هەوڵ بەو ئاراستەیەدا ساڵی ٢٠٢٢ لە جەزایر خرابووە گەڕ، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو.

بزوتنەوەی حەماس کە پاشخانێکی ئیخوان موسلمینی هەیە لایەنگری پێکهێنانی حکومەتێکی ئایینیە، هەرجی بزوتنەوەی فەتحیشە لەگەڵ حکومەتی سیکولار و عەلمانیدایە کە تیایدا ئایین و دەسەڵات لەیک جیابکرێنەوە.

رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەو دوو لایەنە لەکاتێکدایە کە نۆ مانگە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە و بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی ٣٩ هەزار فەلستینی کوژراون و غەزەش بە تەواوەتی خاپور بووە.

دەستپێکردنی شەڕەکە دوای ئەوە هات کە حەماس هێرشێکی کتوپڕی کردە سەر ئیسرائیل و سەدان کەسی کوشت و دەیانی دیکەشی بە بارمتەگرت، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردەسەر کەرتی غەززە و تائێستاش بەردەوامە و بەهۆی ئەو شەڕەوە هاووڵاتیانی مەدەنی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

هـ. ب