کۆنفرانسی "یەکێتیی ئەوروپا، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد" لە پەرلەمانی ئەوروپا کە ١٩ هەمین جارە ئەنجام دەدرێت، لە ڕۆژی دووەمدا کۆتایی هات. پانێڵی پێنجەم و کۆتایی بە ناونیشانی "هاندان بۆ دیموکراسی و بنیاتنانی ئایندە" بە سەرپەرشتی دەلال ئایدن دەستی پێ کرد.
شیلان فوئاد حسێن: تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد کارەکتەرێکی گەردوونی بەدەستهێنا
لە ئینستیوتی توندوتیژی خێزان و ئایین و کۆچبەران، شیلان فوئاد حوسێن ڕایگەیاند ژنان دەیانەوێت ئایندەی خۆیان دەستنیشان بکەن، تێکۆشانی ژنانی کورد لەگەڵ تێکۆشانی فێمینیزم یەکی گرتووە و کارەکتەرێکی گەردوونی بەدەستهێناوە، چاو و گوێی جیهان لەسەر ڕۆژئاوایە، گوتی: " ژنان لە ڕۆژئاوا دژی زیهنیەتی پیاوسالاری ڕاپەڕین. بەپێی ئەو سیستەمەی دایانمەزراند، لە بچووکترین گروپەوە تا گەورەترین ئەنجومەن، هاوسەرۆکی ژن و هاوسەرۆکێکی پیاو هەیە. ئەمەش ڕێگە بە ژنان دەدات ڕۆڵێکی ڕاستەقینە بگێڕن. بزووتنەوەی ژنان لە زیندانەکانی ئامەد و لە ڕۆژئاوا و لە هەرێمەکانی گەریلا دەرکەوتووە".
هەروەها گوتی: "لە باشووری کوردستان ژنان دژی زیهنیەتی فیوداڵی تێکۆشان، بەبێ ژنان دیموکراسی نایەتەدی".
نەیلوفەر کۆچ: دەبێت ببینە ئەکتەری گۆڕانکاری
لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) نەیلوفەر کۆچ تیشکی خستەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و ڕایگەیاند دەبێت ئەم دەرفەتە بەکاربهێنرێت، گوتی: " کاتی ئەوە هاتووە گەلی کورد چارەنووسی خۆی دیاری بکات. دەبێت ئێمە ببینە ئەکتەرەکانی ئەم گۆڕانکارییە. داوای دیموکراسی لە دیکتاتۆرەکان هیچ سوودێکی نییە. ترەمپ یان ئەردۆغان پێویستیان بە دیموکراسی نییە. گەل پێویستی بە دیموکراسییە. بۆیە دەبێت ئەو بەرپرسیارێتیەی کە دەکەوێتە سەرمان جێبەجێ بکەین. لەناو تورکیادا کێشەی زۆر هەیە. ڕووبەڕووی ڕژێمی تۆتالیتاری دەبینەوە. بانگەوازەکەی ئۆجالان هیوای بە کورد بەخشی کە پێشەنگایەتی ئەم پرۆسەیە بکات".
ئەنجامی کۆتایی
پاش پشوویەکی کورت، ئەنجامی کۆتایی لەلایەن دێرسیم داگدەڤەرەن ئاشکرا کرا.
لە بڕیارەکەدا تیشکخراوەتە سەر زیادبوونی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی جیهان، دووپاتکراوەتەوە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ تورکیا و تەواوی هەرێمەکە دەرفەتێکی بێ وێنە پێشکەش دەکات، دەڵێت: "پەکەکە دەستبەجێ بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەکلایەنە وەڵامی بانگەوازەکەی دایەوە. ئێستە ئەوەی دەبێت بکرێت ئەوەیە، بناغەی یاسایی و سیاسی بنیات بنرێت تاوەکو ئەم پرۆسەیە بگاتە ئاشتییەکی درێژخایەن. بەشداری ئۆجالان بۆ پرۆسەی ئاشتی و سەرکەوتنی پرۆسەکە گرنگییەکی مەزنی هەیە".
لە بڕیارەکەدا ئەم داخوازییانە هەن:
-راگرتنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا و هەرێمی کوردستانی عێراق کە پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە.
_ دانانی قەیوم کۆتایی بێت.
-دەستبەجێ گرتنەبەری ڕێوشوێنی سیاسی و یاسایی بۆ پێشخستنی ئەو پرۆسەیەی کە دەستیپێکردووە.
-بەدیهێنانی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان کە پێویستییەکی ناچارییە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دروست ڕۆڵی خۆی بەجێبهێنێت.
-بڕیارەکە ئەم بانگەوازەی ئاراستەی یەکێتی ئەوروپا و دامەزراوەکانی کردووە، بەتایبەتی کۆنسەی ئەوروپا.
-باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەک ڕەگەزێکی دیموکراتیکی حاشاهەڵنەگر بۆ سوریایەکی یەکگرتوو و فرەیی، دەبێت بە فەرمی بناسرێت و بەهێز بکرێت.
-دەستبەجێ بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تایبەت بە دۆزی عەبدوڵا ئۆجالان جێبەجێ بکرێت.
-بەکارهێنانی هەموو میکانیزمەکان بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد و دیموکراتیکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
-وەک پەیامێکی ئەرێنی بۆ پڕۆسەی ئاشتی بەردەوام، دەبێت پارتی کرێکارانی کوردستان لە لیستی تیرۆر دەربهێنن.