لە کۆبوونەوەکانی دەم پارتی و دەڤا و سەعادەت وتوێژ لەسەر "پرۆسەکە" کرا

دەم پارتی لە چوارچێوەی بەرنامەی جەژن لەگەڵ پارتەکانی دەڤا و سەعادەت کۆبوونەوە.

جێگرانی هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی یوکسەل موتلو و ئۆزتورک تورکدۆغان و پەرلەمانتار حوسێن ئۆلان پێشوازییان لە سەردانەکانی جەژن کرد.

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان و پەرلەمانتار زەینۆ بایرامئۆغلو و پەرلەمانتار ئۆنور دوشونمەز سەردانی پارتە سیاسییەکانیان کرد.

لە سەردانەکەیان بۆ لای پارتی سەعادەت، ئایشەگوڵ دۆغان گوتی: "پێویستە بانگەوازەکەی ٢٧ ی شوبات و لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە".

هەروەها جەختی کردەوە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی پارتەکان بە گرنگ دەبینن.

ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەریی گشتی پارتی سەعادەت، بولەنت کایا ڕایگەیاند گفتوگۆکان بۆ کرانەوەی سیاسی بە گرنگ دەزانن، گوتی: "دەبێت تورکیا کێشەکان بە سیاسەت و کۆمەڵگەی مەدەنی چارەسەر بکات نەوەک بە چەک و شەڕ. کێشەکان بە لێک تێگەیشتن چارەسەر دەبن. دەبێت دیالۆگ و دانوستانی بوێرانە هەبێت".

شاندی دەڤا کە پێکهاتبوو لە جێگری سەرۆکی گشتی دەڤا سەعید کاراجا و پەرلەمانتار کەرەم ئاڵتون و جێگری سەرۆکی گشتی بوشرا ساکینمەز سەردانی دەم پارتی کرد.

جێگرانی هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی یوکسەل موتلو و ئۆزتورک تورکدۆغان ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر دانانی قەیوم. شاندی دەم پارتی ڕایگەیاند بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردووە، دەبێت حکومەت ئەرکی سەر شانی جێبەجێ بکات.

جێگری سەرۆکی گشتی دەڤا سەعید کاراجا ڕایگەیاند پارتەکەیان پێش هەمووان هەڵوێستی  خۆی بەرامبەر دانانی قەیوم لە بەرنامەی پارتەکەی جێ کردووەتەوە، گوتی: "بەهیواین ئەم پرۆسەیە نەکرێتە قوربانی حیساباتی بچوک".