ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە سەبری ئۆک دەربارەی ڕۆژەڤەکان، وەڵامی پرسیارەکانی ستێرک تیڤی دایەوە.
ئێمە تەواوی ڕیپۆرتاژەکە بڵاودەکەینەوە.
دەمانەوێت بە ئاهەنگەکانی نەورۆز دەست پێ بکەین. نەورۆزی ئەمساڵ بە جۆشێکی مەزن پیرۆزکرا. ڕۆح و جۆشێکی چۆن لە گۆڕەپانەکان هەبوو، گەلی کورد و دۆستەکانیان چ پەیامێکیان دا و ئەم پەیامە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بەڕاستی نەورۆزی ئەمساڵ تایبەت و جیاواز بوو. سەرەتا دەمەوێت وەک هەموو هەڤاڵان و گەلەکەمان، نەورۆز لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز بکەم. بە ڕێزەوە سڵاو بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەنێرم. هەروەها لە کەسێتی هەڤاڵ مەزڵوم و زەکیە و بێریڤان و ڕۆناهی و ڕەهشانەکاندا هەموو شەهیدانی نەورۆز و شەهیدانی شۆڕش بە ڕێز و سوپاسەوە بیردەهێنمەوە، سەری ڕێزیان بۆ دادەنەوێنم. نەورۆز لە گەلەکەمان و دۆستەکانمان پیرۆز دەکەم. ئەم نەورۆزە، لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا، یەکەمجارە بەم ئاستە پیرۆز دەکرێت. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، پاش هەزار ساڵ، یەکەمجارە بەم ئاستە بێت. نەورۆزی ئەمساڵ بە جۆش و خرۆشێکی مەزنەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات و لە سەرانسەری جیهان بەڕێوەچوو. بە دڵنیاییەوە هۆکار هەیە بۆ ئەمەش. نەورۆز هەمیشە ڕۆژێکی پیرۆزە بۆ گەلی کورد. ڕۆژی بەرخۆدان و سەرهەڵدانە. وەک هەمووان دەزانن تایبەتمەندی ئەم نەورۆزە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆیە بۆ 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'. بۆیە لە ماوەی ٥٠ ساڵدا بۆ یەکەمجار بەم ئاستە جەماوەرییە مەزنە نەورۆز پیرۆزکرا. لە چوار پارچەی کوردستان، لە دەرەوەی وڵات و لە سەرانسەری جیهان، لە هەموو شوێنێکدا کە کورد دەژین، نەورۆز بە مۆڕاڵ و جۆش و خرۆشەوە پیرۆزکرا. بێگومان هۆکاری ئەمەش بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ 'ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک' بوو. ئەمەش جۆش و خواستێکی تایبەتی لای گەلی کورد دروست کرد و گەلی کورد و دۆستەکانیان لە ئاستێکی زۆر بەرزدا ئەم نەورۆزەیان پیرۆز کرد، کە هێشتاش بەردەوامە. ئەو پەیامانەی گەلەکەمان لەم نەورۆزە دەیدەن گرنگن. سەرەتا گەلەکەمان مانیفێستی ڕێبەر ئاپۆی لەم نەورۆزە پەسەند کرد و خاوەنداری لێ کرد. گەلەکەمان وەک هەموو هەموو چالاکییەک و هەموو ساتێکی ژیانی ڕۆژانەی، دیسانەوە بە درووشمی 'بێ سەرۆک ژیان نابێ' و 'بژی سەرۆک ئاپۆ' خاوەنداری لە مانیفێستۆی ڕێبەر ئاپۆ کرد و پشتگیری بۆ ڕێبەر ئاپۆ دووپات کردەوە. گەلی کورد دەزانێت کە ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژی یەکەمەوە تا ئەمڕۆ، هەردەم تێکۆشاوە و ڕەنجی داوە بۆ گەلی کورد و گەلانی بندەست و مرۆڤایەتی و بەتایبەت ژنان. ئەمڕۆش لەسەر ئەم بناغەیە مانیفێستۆیەکی پێش خستووە، لە نەورۆزیشدا گەلەکەمان بە یەک دەنگ و ڕۆح و ئیرادە، خاوەنداری و پشتیوانی لێ کرد. تەنانەت هەندێک کەس چاوەڕێی ئەوە نەبوو، گەلی کورد و دۆستەکانی وەها بە جەماوەری و پێکەوە ڕاپەڕن. چونکە پرۆپاگەندە و دژایەتیەک هەبوو، وەک ئەوەی ئەم مانیفێستۆیەی ڕێبەر ئاپۆ لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورددا نەبێت. بەڵام گەلەکەمان ڕێبەر ئاپۆ دەناسێت و متمانەی پێیەتی و لێی تێدەگات. بۆیە گەلەکەمان و دۆستەکانی بە جۆشێکی مەزنەوە وەڵامیان دایەوە. زۆر کەس سەرسام بوون. یەکەمجارە بەشدارییەکی وەها مەزن لە نەورۆزدا هەبێت. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، پەیامی یەکەم و خاوەنداریکردن لە مانیفێستۆی ڕێبەر ئاپۆ، نیشانی دەدەن کە رێبەر ئاپۆ لەم پرۆسەیەدا هەرچی گوت و هەرچی دەڵێت، ڕاستە و گونجاوە. ئەمە پەیامێکی گرنگ و تایبەت بوو لەم پرۆسەیەدا. دووەم پەیامی گرنگی ئەوە بوو، گەلەکەمان بۆ هەمووانی سەلماند کە گرێدراوە بە بەها و هەبوون و ژیانی ئازادەوە. وەک مێژووی ئێمە و تێکۆشانی ٥٠ ساڵەمان، ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی هەر قوربانییەک پێویست بێت دەیدەین. پێداگرین لەسەر هەبوون و ژیانی ئازاد، دەبێت هەموو مرۆڤایەتی و سیاسەتی نێونەتەوەیی و هەموو جیهان بزانن ئەمە هەڵوێستی ئێمەیە. سێیەم، گەلەکەمان پەیامێکی دا بە دەوڵەتی تورک. هەرچەند دەوڵەتی تورک بە پرۆپاگەندەی ڕەش، دەیەوێت کاریگەری لە گەلی کورد بکات و ڕۆژەڤی ساختە بئافرێنێت، ناکۆکی لەنێوان بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان و ڕێبەر ئاپۆدا نیشان بدات، وە دەیویست گەلی کورد بێچارە و بێئیرادە و بێ تێکۆشان نیشان بدات و خۆی بە سەرکەوتوو دەربخات، بەڵام گەلەکەمان بە یەک ئیرادەوە و بە جۆشێکی مەزن لە چوارچێوەی مانیفێستۆدا نەورۆزیان پیرۆز کرد. هەروەها ئەم بۆچوون و هەڵسەنگاندن و پڕوپاگەندەی دەوڵەتی تورک دژی ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەکەمان و پەکەکە و گەلەکەمان بێ کاریگەرن. ناتوانێت هیچ ئەنجامێکی لێ وەربگرێت. با دەوڵەتی تورک بزانێت ئێمە پابەندین بە بەهاکانمان و ئامادەین بۆ چارەسەر، بەڵام هەرگیز سەرمان نەوی ناکەین. وە وەک ڕۆحی نەورۆز کە لە مێژووەوە بۆمان ماوەتەوە، لە سەرووی هەموو شتێکەوە، بەهاکانمان، ئازادیی خۆمان و ژیانی ئازادمان دەپارێزین. ئەم پەیامە بە دەوڵەتی تورک درا. کەواتە هەرچییەک بکەیت و بیڵێیت، ڕاستییەکە ئەمەیە. ئەگەر ئەم ڕاستییە نەبینن، ناتوانن بەرەو پێشەوە بچن و کێشەکان بە ڕێگای دروست ببینن و چارەسەری بکەن. ئەمە هەڵوێستی گەلی کوردە و پێویستە بەو شێوەیە بیبینن. بە واتایەکی تر گەلەکەمان پەیامێکی وا گرنگ بۆ دەوڵەتی تورکیا نارد. ڕەنگە یەکەمجار نەبێت، بەڵام مرۆڤ دەتوانێ بڵێت گەلەکەمان لەم ئاستە بەرزەدا بە ڕۆحێکی نەتەوەیی لە چوار پارچەی کوردستان و لە سەرانسەری جیهان نەورۆزی پیرۆز کرد. ئەمەش زۆر گرنگ بوو. زۆرجار باسمان کردووە و ڕێبەر ئاپۆش گرنگی یەکێتی نەتەوەیی خستۆتە ڕۆژەڤەوە و ئەوەش دەزانرێت کە هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ پەیوەست بەم بابەتە زۆرن. هەروەها خەون و خەیاڵی گەلی کوردە کە دەستبەجێ یەکێتیی خۆی دابمەزرێنێت. بۆیە نەورۆزی ئەمساڵ گرنگ بوو. واتە هەموو کوردان بە ڕەنگی خۆیان و ئیرادەیان خۆیان و جۆشی مەزنەوە بانگەوازیان بۆ یەکێتی نەتەوەیی کرد. دەیان ملیۆن مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان خواستی خۆیان بۆ یەکێتیی نەتەوەیی دەربڕی. پێویستە هەموو ڕێکخستنە کوردییەکان و پارت و سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر و ئەکادیمییەکان، ئەم پەیامەی گەلی کورد بۆ یەکێتیی نەتەوەیی باش تێبگەن و خاوەنداری لێ بکەن. پێویستە هەمووان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن و ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، ببنە وەڵامگۆی خواستی گەلی کورد بۆ یەکێتیی نەتەوەیی. ئەمە گرنگ بوو. هەروەها بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بەتایبەت ٨ ی ئادار پیرۆزکرا. بە مۆراڵ و جۆشەوە پێشوازی لە مانیفێستۆکەی ڕێبەر ئاپۆ کرا، بەشێوەکەی جەماوەری گەنجانی کورد و دۆستەکانیان و هێزە ئەنتەرناسیۆنالیستەکان لە هەموو جێیەک جەژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد.
ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ ی شوبات بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی کرد. پاشان پەکەکە پشتگیری بۆ بانگەوازەکە دەربڕی. مانگێک بەسەر بانگەوازەکە تێپەڕی، لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە هیچ گۆڕانکارییەک نییە. ئەم ڕەوشە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بەڕاستی ئەم ڕەوشێکی گرنگە. ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ ی شوبات بانگەوازێکی بۆ گەلەکەمان و کۆمەڵگەی تورکیا و سیاسەتی نێونەتەوەیی و هەموو کەسێکی پەیوەندیدار کرد. هەروەها دەزانرێت کە پەکەکە گرنگییەکی زۆری بە بانگەواز و مانیفێستەکەی ڕێبەر ئاپۆ داوە. پەکەکە لە کاتی خۆیدا کۆبووەوە و گفتوگۆکانی ئەنجامدا و هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند بەبێ ئەوەی کاتێکی زۆر بەفیڕۆ بدرێت. لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دووپاتی کردەوە کە پشتگیری لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن و مانیفێستەکەش قبووڵ دەکات. پەکەکە ئەم هەڵوێستەی بۆ ڕای گشتی ڕوون کردەوە. لە هەمان کاتدا پەکەکە لە ١ی ئاداردا، ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند،کە ئەمەش زۆر گرنگ بوو. بە واتایەکی تر، لە ڕەوشێکی وا گرنگدا، پەکەکە ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند. پەکەکە بە ئیرادە و جددیەتەوە بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوی نا. پاشان بەشێوەیەکی سروشتی دەبوو دەوڵەتی تورک شتێکی ئەرێنی بڵێت و هەنگاوێک بنێت بۆ بنیاتنانی ئەم پرۆسەیە لە سەر بناغەیەکی ئەرێنی و مەعقول. ئاخر ئامانجەکانی ئاگربەست ئەوە بوو کە نیشان بدەن کە چەندە جددین لەم بابەتە و تا چ ڕادەیەک پێداگرن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەموو کەسێک بتوانێت بە ئاسوودەیی بیربکاتەوە، ورد ببێتەوە و قسە بکات، خۆی ئامادە بکات، هەنگاوی پێویست بنێت و پلانی خۆی دابنێت. بە واتایەکی تر دەبێت هاوسەنگی لەم زمان و سایکۆلۆژیایەدا بئافرێنرێت. هەنگاوەکەی پەکەکە گرنگ بوو. بەڵام بەداخەوە دەوڵەتی تورک نە لە ڕووی قسەکردنەوە هیچی کردووە و نە لە ڕووی پراکتیکەوە هەنگاوی ئەرێنی ناوە. وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت، بە هیچ شێوەیەک قسە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ نەکرابێت، بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەبێ ئاگاداری دەوڵەتی تورک کرابێت، پەکەکە ئاگربەستی ڕانەگەیاندبێت، هیچ پرۆسەیەکی لەو شێوەیە نەبێت، وەک جاران هەڵسوکەوت دەکات. بە واتایەکی تر نە گۆڕانکاری لە زمانەکەیاندا ڕوویدا و نە گۆڕانکارییەکی ڕوون لە پراکتیکدا. ناڵێم لە ڕۆژانی سەرەتا ئومیدێک هەبوو، بەڵام مرۆڤ خوازیارە ئومێدێک هەبێت. ئەوەی ئێستا هەیە، هیچ نیشانەیەکی هیوای نیشان نەداوە. چونکە لەوێ هیچ شتێک نییە. هەرچەند نزیکەی مانگێکە پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە، دەوڵەتی تورک زیاتر لە نۆ هەزار جار بە فڕۆکە و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و تانک و تۆپ و هاوەن هێرشی کردووە. یانی مرۆڤ تێناگات، چۆن دەبێت پرۆسەیەکی وەها هەبێت و ئاگربەست هەبێت، لەولاشەوە ئەوەندە هێرش هەبێت. ئەمە ئاستی جددیەتی ئەوان دەردەخات. هەڵبەتە ئەم پرۆسەیە تەنها بەدەستی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کرد. هەمووان دەزانن بە پێشهاتە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێ کرد. دەوڵەتی تورک ئەمەی هەڵسەنگاند. هەر لە باخچەلییەوە تا زۆر کەسی تریش لەسەر ئەو پرسانە قسەیان کرد و ڕایانگەیاند کە پێویستە بەرەی ناوخۆمان بەهێزتر بکەین، مەترسی و هەڕەشە لەسەر سنوورەکەمان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و ئەم پێشهاتانەی ئەم دواییە کاریگەری لەسەر تورکیاش دەبێت. کەواتە ئەمە هۆکارێک بوو بۆ دەوڵەتی تورکیا. مەترسییەک هەبوو. شتێکی تر ئەوە بوو کە دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر پەکەکە و پرسی کورد سەرکەوتوو نەبوو. لە بەرامبەر هەموو شتێکدا سەرکەوتوو نەبوو. بە واتایەکی تر، سەرەڕای پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیا، پاڵپشتی ناتۆ و ئەمریکا و ئەوروپا، نەیتوانی لە ڕووی پەیوەندییە ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکانەوە هیچ ئەنجامێک بەدەستبهێنێت. بەهۆی ئەمەشەوە بینیان بنبەستێک هەیە، نەیانتوانی ئیرادەی پەکەکە بشکێنن و پرسی کورد وەک ئەوەی بیریان لێ دەکردەوە چارەسەر بکەن. بینیان کە ئەمە مەحاڵە. بە پێویستیان زانی بانگەوازێک بکەن. سەرەتا لە باخچەلیەوە دەستی پێکرد و داوای لە ڕێبەر ئاپۆ کرد بچێت لە پەرلەمان قسە بکات. ڕێبەر ئاپۆ، لە بەرامبەر ئەمەدا، دوای کۆبوونەوە و گفتوگۆ، ئەم مانیفێستییەی خستەڕوو. ڕێبەر ئاپۆ خۆی لە ڕووی فیکری و زەینییەوە هەمیشە ئامادە بووە. لە ساڵی ١٩٩٣ەوە هەمیشە لە چوارچێوەیەکی سیاسی و دیموکراتیکدا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت. بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕا لە دەرەوەی شەڕ. پەیوەست بە پارادایمی نوێ بە قووڵی تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییە دیموکراتیکەکان. لەم ڕووەوە، ئەوەندە قووڵ و فراوان و پێداگربوو، تا ئەو ڕادەیەی ڕەخنە لە ئێمە هەبوو. دەیگوت بۆچی لە کاتی خۆیدا ئەم گۆڕانکاریانەتان نەکرد؟ لەسەر ئەو بنەمایە ڕێبەر ئاپۆ دیدار و گفتوگۆی لەگەڵ دەوڵەت و نوێنەرانی ئەنجامدا و ئەم مانیفێستییەی پەرەپێدا. لەسەر ئەو بناغەیە ڕێبەر ئاپۆ دیدار و گفتوگۆی لەگەڵ دەوڵەت و نوێنەرانی دەوڵەت ئەنجامدا و ئەم مانیفێستییەی خستەڕوو. هێشتا شتەکە بەجۆرێکە وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت. دەوڵەتی تورک لەسەر هەڵوێستەکانی جارانی بەردەوامە. لەم ڕووەوە جدییەتی نییە. هەر دەڵێن بۆچی پەکەکە چەک دانانێت، بۆچی کۆنگرەی خۆی نەبەست؟ ئایا بەڕاستی بەستنی کۆنگرە و چەکدانان ئەوەندە ئاسانە؟ دەوڵەتی تورک ئەمە باش دەزانێت، وەک هاوڕێکانمان زۆر جار وتوویانە، کە بەبێ ڕێبەر ئاپۆ کەس ناتوانێت کۆنگرە ببەستێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بدات، بەو گەریلایانەی لەسەر ناوی ڕێبەر ئاپۆ سوێندیان خواردووە و بەشداربوون بڵێت، دەست لە چەک هەڵبگرن. دەوڵەتی تورک باش ئەمە دەزانێت. ئەگەر بیەوێت ڕێ و ڕێبازی ئەمە هەیە و خۆی دەزانێت. هەروەها پەکەکە ئەوەی پێویست بوو بە ئاشکرا و بەدرووستی بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند. پێویستە ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت و کاری خۆی بە ئازادی بکات. ڕاستی لەم ڕووەوە، دەوڵەتی تورک وەڵامێکی نەرێنی نەداوەتەوە و نەیگوتووە نا. مانگێک تێپەڕیوە، ئەوەی ئێمە دەزانین لە هەلومەرجی ژیانی ڕێبەر ئاپۆدا هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەداوە. باشە، گەلی کورد و پەکەکە چۆن ئەمە پێناسە بکەن؟ واتای چییە؟ دەوڵەتی تورک ڕایگەیاندبوو دەستبەجێ ڕەوشەکە دەگۆڕن، لەڕووی یاساییەوە گۆڕانی پێویست دەکەن و لە پەرلەمان کۆمیسیۆن دادەمەزرێنن.
هەروەها شاندی ئیمراڵی لەگەڵ زۆر پارت کۆبووەوە و ڕۆژەڤیان دەستنیشان کرد. بەڵام دەوڵەت وەک بڵێی هیچ نەبووە، مامەڵە دەکات. مانگێک تێپەڕیوە بەسەر ڕاگەیاندنی مانیفێستەکەی ڕێبەر ئاپۆ، بەڵام دەوڵەتی تورک نە یەک وشەی ئەرێنی وتووە و نە هەنگاوێکی ئەرێنی لە پراکتیکدا ناوە. تەنها دەڵێت پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنیدا پرسیار لە جەودەت یڵماز جێگری سەرۆک کۆمار کرا کە ئایا جارێکی دیکە شاندی ئیمراڵی سەردانی ئیمراڵی دەکەنەوە؟ وەڵامی دایەوە و وتی نەخێر شاندەکە ناچن، پێشتر چووبوون و هاتن و پەیامەکانیان هێناوە. کەواتە ئێوە تا ئەم ڕادەیە بە شێوەیەکی ناجدی مامەڵە دەکەن؟ کەواتە، ئایا بەم جۆرە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا گفتوگۆیان کردووە؟ واتە پەیامەکە هاتووە، هەموو شتێک بەدی دێت و هەموو شتێک تەواو دەبێت. ئاوا بە شێوەیەکی یەکلایەنە. ئایا شتێکی وا دەبێت؟ یان ئەوەیە جدی نین. واتە بابەتێکی گرنگە، خۆیان دەڵێن، ڕێبەر ئاپۆ بەرپرسیارێتی چارەسەری پرسێکی سەد ساڵەی گرتووەتەئەستۆ. بەڵام ئەوان دەڵێن، شاندەکە یەک دوو جارێک چووە و ئیتر دەبێت هەموو شتێک کۆتایی بێت. ئەمە جدییەت نییە. دیسان وەزیری داد دەڵێت، بنەماڵەی ڕێبەر ئاپۆ داواکارییان پێشکەش کردووە، ئێمە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین. کامەیە جدییەت؟ ئەمە مافێکی گشتییە، دەیان و سەدان هەزار زیندانیکراو لە زیندانەکانی تورکیا هەن. هەرکەس حەقی خۆیەتی مافی خۆی بەکاربێنێت و دەوڵەتیش ئەمەی قبووڵ کردووە. ئەمە شتێکی سروشتییە، ئیمتیاز و شتێکی نوێ نییە. لەبری ئەوەی شاند بچێتە لای سەرۆکایەتی، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت، لەگەڵ هەر کەس بیەوێت دیدار بکات، گفتوگۆ بکات، پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دابنێت، بۆ بەستنی پەکەکە خاوەن هەڵوێست بێت و کاربکات، گفتوگۆ بکات و دیدگا بخاتەڕوو، ئەمانەش بگەیەنێت بە پەکەکە، لەبری ئەوەی دەرفەت بۆ بەستنی کۆنگرە بڕەخسێنن، ئەمە هەڵوێستی ئەوانە. یانی هەمووی بە لایەک، باشە کۆنگرە دەبەستین، ئەی کۆنگرە چۆن دەبەسترێت؟ ئێوە چۆن بیردەکەنەوە، بۆ ئەوەندە ناجدیین. هەم شەڕ دەکەن، هەم زیاتر لە ٩ هەزار جار بەشێوەی جیاواز هێرش دەکەن، دەتانەوێت لەژێر ئەم هێرشانەدا کۆنگرە ببەسترێت. واتە دەڵێن، تەسلیم ببن. ئەمە نوێ نییە. ٤٠ ساڵە هەمان شت دەڵێن و ئەنجامتان بەدەست نەهێناوە. دەتوانم ئەمە بڵێم، لەم پرۆسەیەدا ڕێبەر ئاپۆ بەرپرسیارێتیی مێژوویی گرتەئەستۆ. هەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر گەلی کورد و کۆمەڵگەی تورکیا نیشاندا. باجی پرسی کورد لەسەر کۆمەڵگەی تورکیا قورس بوو، ئازارەکەی دەچێژن. برسێتی و بێکاری و پەرێشانی و ئابووری داڕوخاو و سیاسەتی بەبنبەست گەیشتوو هەیە، تورکیا ئیعتیباری نەماوە و هەموو شتێک بۆ شەڕ سەفەربەر دەکەن. ڕێبەر ئاپۆ ویستی ڕێگە لەمە بگرێت. چەند ساڵە ئەم شتە دووپات دەکاتەوە. پارادایمی سەرەکیی ڕێبەر ئاپۆ، کۆمەڵگەی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیکە. بە واتایەکی تر ئەگەر تورکیا ئاسودە نەبێت، ئەگەر تورکیا دیموکراسی نەبێت، ئەگەر پرسی کورد چارەسەر نەکرێت، ئەگەر کورد ئاسوودە نەبێت، ئەوا تورکیا هەرگیز ئاسوودە نابێت. بەهۆی ئەمەوە کێشەکانی تورکیا بە شێوەیەکی ڕیزبەندی زیاد دەبن. ئێستاش هەر بەو شێوەیە. هەمووان دەیبینن. هەڵوێستی تورکیا لەم پرۆسەیەدا ئەرێنی نییە و خۆ دووبارەکردنەوەیە. کێشەکە ئەوە نییە کە پەکەکە فریو دەدەن، ئەوان خۆیان فریو دەدەن. هێشتا بە دوژمنایەتی، هێشتا بە لوتبەرزی نزیک دەبێتەوە، دەیەوێت سایکۆلۆژیایەکی وەها زاڵبکات. گەلی کورد گەلێکی سیاسییە، خاوەنی تێکۆشانە، قوربانی داوە، حەقیقەت دەناسێت و هۆشیارە. ئەگەر پرۆسەیەکی وەها پێش بکەوێت و ئەنجام بگرێت، بە تێکۆشان دەبێت. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت چەندێک لە پارادایمەکە تێبگەن و لە خۆتاندا جێبەجێی بکەن، ئەوەندە خاوەن هێز دەبن و ئەنجام بەدەست دەهێنن. کەواتە گرنگ چییە. گەلەکەمان و هێزە دیموکراتیکەکان خۆیان لەبەردەم مێژوودا بەرپرسیار ببینن و تێبکۆشن. تەنها چاوەڕێی ئەوە نەبن بۆ دەوڵەتی تورک هەنگاو نانێت. ئەرێ. بە تێکۆشانی خۆتان فشار لە دەوڵەتی تورک بکەن، تورکیا ناچار دەبێت هەنگاوبنێت. دەبێت هێزی چارەسەر لە خۆتاندا ببینن و بنیاتی بنێن و تێکۆشان مەزنتر بکەن. دەمەوێت بڵێم، هەردەم ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژەڤی سەرەکیمانە و گەیشتووەتە ئاستێکی هەرە بەرز. لە ئاستی نێونەتەوەییدا ئەکادیمی و سیاسەتمەدار و کۆمەڵگە و دەوڵەت و زۆر لایەن هەڵمەتیان دەست پێ کردووە. دەبێت ئەم هەڵمەتە لە هەموو جێیەک بەردەوام بێت و پێش بکەوێت. دەرفەتەکان زۆرن. چۆن؟ کاتێک ڕێبەر ئاپۆ ئەم مانیفێستەی خستەڕوو، نەوەک هەر لای گەلی کورد و دۆستەکانیان، لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازیی لێ کرا. نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا و دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا و زۆرێک لە ئەکادییمی و ڕێکخراوەکان خاوەنداریان لە بانگەوازەکە کرد و بە ئەرێنی بینیان. ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەڵمەتی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ باشتر ڕێکبخرێت، دەبێت ئەم دەرفەتە بەکاربهێنرێت. دەبێت ئەم هەڵمەتە بەردەوام بەرەوپێش ببرێت.
لە تورکیا لە لایەن دەسەڵاتی ئاکەپەوە سیاسەتی قەیراناوی بەڕێوەدەبرێت. ئەمەش لە سیاسەتەکانی دەرەوەشیاندا دیارە. لە بەرانبەر ئەم سیاسەتە کە بە قەیران بەڕێوەدەبرێت هێزە دیموکراتیکەکان، سۆسیالیست، ئۆپۆزسیۆن دەبێت هەڵوێستێکی چۆنیان هەبێت؟
دەوڵەتی تورکیا کێشەی هەیە. کێشەی ئابووری، سیاسیی، ناوخۆیی و دەرەکیی هەیە. دەمەوێت بڵێم کۆمەڵگەی تورکیا بابەتی پڕۆسەی دیموکراسی بە تەواوی ئەزموون نەکردوە. لە مێژووی خۆیدا بەم شێوەیە. تەماشای ئەوروپا بکەن بە سەدان ساڵ تێکۆشانی دیموکراسی کراوە و بەهای دیموکراسی دەرکەوتووە. ئەگەر دەوڵەتانی ئەوروپا بیانەوێت ئەو بەهانە پێشێل بکەن، ڕای گشتی کۆمەڵگەکانی ئەوروپا هۆشیارییان هەیە، ڕێگە نادەن بەمە و تێکۆشانی خۆیان دەکەن. لە مێژووی تورکیادا ئەم تێکۆشانە زۆر کەمە و لاوازە. واتا تورکیا دیموکراتیکبوونی کۆمەڵگەی زۆر ئەزموون نەکردوە و زۆر پەرەی پێنەداوە.هەمیشە سیاسەت لە سەرەوە ڕێکخراوە. سەردەمی عوسمانی، سەدەی کۆتایی تورکیاش هەمیشە لە سەرەوە بەڕێوەبراوە. کۆمەڵگەی تێکۆشانی دیموکراتیک و بناغەکەی بە تەواوی بەهێز نەکردووە. بەڕێوەبردنی بۆ دەوڵەت زۆر سەخت نییە. هەمیشە وایکردوە، کۆمەڵگە بێ دەنگ بووە. دەبینیت دونیا دەگۆڕێت، ڕۆژهەڵاتی ناوین دەگۆڕێت. کێشەکانی تورکیا فرەلایەنن، قوڵن و گرنگن. وەک پێشتر نییە، کۆمەڵگە هۆشیاربووتەوە و خۆی دەناسێت. وەک پێشتر بەڕێوەبردنی ئاسان نییە. کاتێک کۆمەڵگە هۆشیار دەبێتەوە، کێشەکانی خۆی دەبینێت، خۆی دەناسێنێت و دەرەوەی دەوڵەتی تورکیا شکست هەیە، بەڵام قەیرانەکانیان هێشتا زیادترو قوڵتر دەبێت. ئێستا سەیری ئەوە بکەین دۆخی ئاکەپە چیە؟ یەک؛ سیاسەتی دەرەکییان هێشتا وەک ئەوەی دەڵێن عوسمانیی نوی، لە ڕاستیدا لە ئەقڵی ئاکەپەشدا ئەمە هەیە. واتا وەک عوسمانییەکان خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرفراوان بکەن و تاوەکو ئەفریقای باکوور. لە لیبیا چ کارێکتان هەیە؟ ئایا کێشەکانی لیبیا چارەسەر دەکەن یان لە ژێریدا دەمێننەوە و سەختری دەکەن؟ یاخود لە سۆماڵ چ کارێکتان هەیە؟ ئایا کێشەکان چارەسەر دەکەن یان سەختری دەکەن. ئێراقیش وڵاتێکی سەربەخۆیە و دراوسێیانە. هەزاران سەربازی خۆتان لەوێ جێگیر کردووە و داگیرتان کردووە، ئەمە کێشەیەکە. سوریاش بەهەمان شێوە. سەیری سوریا بکەن. دەستێوەردان و سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لە سووریا، ئایا بەرەو چارەسەری دەچێت یان کێشەکانی ئێستا قوڵتر و سەختر دەکات؟ زۆر ڕوونە کە چارەسەرنەبوونی سەرەکیترین کێشەکانی سووریا، بەهۆی دەوڵەتی تورکیاوەیە. لە بەرانبەر گەلی کوردیش بەم شێوەیە، لە بەرانبەر نەتەوەکانی دیکەش هەمان شێوەیە. لە بەرانبەر ئاین و کەلتورەکانی تریش بەم شێوەیە. لە ناو هەتەشەدا دەیان گرووپ هەیە. پاڵپشتی ئەو کەسانەیە سەری کورد، ئێزدی و بەتایبەت ژنیان بڕیوە. ئەم سیاسەتە ئارامی ناهێنێتە سووریا، دیموکراسی ناهێنێتە سووریا. سیاسەتی دەرەکییان هەمووی لەسەر مەترسییە، ناحەقی و داگیرکارییە. ئەمە هیچ عیتبارێکی قازانج کردن و هیچ هێزێک بە دەوڵەتی تورکیا نادات. بە پێچەوانەوە لاوازبوونی دەخاتە ژیانکردنەوە. کۆمەڵگەش لە بەرانبەریان ناڕازین. دەوڵەتی تورکیا ئێستا لە ناوخۆشدا هەمان کێشە ئەزموون دەکات. کێشەی ئابوورییان لە چ ئاستێکدایە؟ ئەگەر لە جیهاندا پلەبەندییەکی ئابووری خراپترین و مەترسیدارترین هەبێت، دەوڵەتی تورکیا لە پلەی ٤ەم یان ٦ەمدا دەبێت. باشە. بۆچی وایە؟ ئایا دەوڵەمەندانی تورکیا لەسەرۆ و خوارەوە کەمن، یان کۆمەڵگەی تورکیا ڕەنجدەر نییە؟ بۆچی بەم شێوەیە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە بە تریلیۆنان پارە لە شەڕدا خەرج کراوە. دەوڵەتی تورکیا ئەمە بە فشاری ئیداری بەڕێوەدەبات. دەڵێت دەنگتان نەیەت، قبووڵی بکەن و ڕازی بن. بەم شێوەیە دەیەوێت ئیدارەی بدات و فشار دەکات. کۆمەڵگەش بەم شێوەیە پەرێشان دەبێت. سیاسەت وەستێنراوە، ئەکادیمیستەکان ناتوانن قسە بکەن، ڕۆشنبیران ناتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەن، زانکۆکان ئازاد نین، کۆمەڵگە دیموکراتیک نییە و ئازاد نییە. لە هەر لایەکەوە تەماشای دەوڵەتی تورکیا بکەیت، هیچ سەقامگیرییەک نییە و لە هەموو لایەک ئاڵۆزی و کێشە هەیە. لە سیاسەتدا کێشە هەیە، لە ئابوریدا کێشە هەیە و هتد. کاتێک کێشە هەیە، یان پێویستە چارەسەرێکی دیموکراتیک پێشبخەیت، یان بە بە فشار پێداگری بکەیت. ویست و هەڵبژاردنی ئاکەپە دیموکراتیکبوون نییە، فشار بە پێویست دەبینێت. بە زەختی دادگا و هێزی پۆلیس دەچێتە سەر کۆمەڵگە و بەم شێوەیە دەجووڵێتەوە. دەزانرێت بە ساڵان لە بەرانبەر سیاسەتی دیموکراتیکی کورد، پێشتر هەدەپە، ئێستا دەم پارتی چەند شارەوانییان هەبوو قەیومیان بەسەردا سەپاند. تەنانەت لەم ماوەیەدا قەیومیان بەسەر شارەوانی مێردین و وان، ئێلح، جولەمێرگ و هتد... یان سەپاند. گەلی کورد سەر نەوی ناکات و لە تێکۆشان پێداگرە. دەوڵەتی تورکیا و هێزە دەسەڵاتدارەکانیش ترسیان لە دیموکراسییە. هەمیشە لە بەرانبەر هەڵوێستی کۆمەڵگە بە ترسەوە ژیان دەکەن. وەک گوتم، یان پێویستە بە شێوازێکی دیموکراتیکی چارەسەر ببینێت یان هەمیشە خۆی بپارێزێت و بە زۆر و فشار بەڕێوەبچێت. هەڵبژاردن و ڕاستی ئاکەپە دیموکراتیک نییە. بە فشار دەڕوات. دەبینیت لە لایەنی جەهەپەوە هەڵوێست و پێشکەوتنێک هەیە. هەندێک کەسی وەک ئەکرەم ئیمامۆغلو وەک بەدیلی ئەردۆگان دەرکەوتوون و خۆیان ئامادە دەکەن. ناکۆکییەکانی نێوان ئاکەپە و جەهەپەش دەرکەوتن و ئاکەپە دایبەسەر جەهەپەدا. لەم دواییانەدا ئەکرەم ئیمامۆغلۆیان زیندانی کرد، هەندێک سەرۆک شارەوانی تریان زیندانی کرد، قەیوم بەسەر شارەوانی سەپێنرا و ئەم فشارە هێشتا بەردەوامە. بەرانبەر ئەم هەڵوێستەی جەهەپە پیشانی داوە، بە لای ئێمەوە گرنگ و بەهادار بوو. مرۆڤ دەیەوێت بپرسێت تاوەکو ئێستا ئەو ئەقڵەی جەهەپە لە کوێ بوو لە وان بپرسێت. کاتێک لە بەرانبەر سیاسەتی دیموکراتیک و ئیرادەی گەلی کورد ئەوەندە زۆرداری، فشار، لەناوبردن و هێرش هەبوو، لە بەرانبەر ئاکەپەدا دەنگی زۆر بێهێز بوو. بەڵام ئەمڕۆ ناچار بوو هەڵوێستی ڕوون لە بەرانبەر ئاکەپەدا دەربڕێت.
٢٨ی ئادار ڕۆژی قارەمانێتی نەتەوەییە. هەروەها ڕۆژی شەهیدبوونی فەرماندەی مەزن عەگیدە. فەرماندە عەگید لە مێژووی تەڤگەری ئازادی کوردستاندا چ شوێنێکی گرنگی بە جێهێشتووە؟
ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ عەگید بەڕێزداری و منەتداری بە بیردێنمەوە و لە کەسێتی هەڤاڵ عەگیدا سەری ڕێز بۆ هەموو شەهیدان دادەنەوێنین. هەڤاڵ عەگید لە مێژووی ئێمەدا کەسایەتییەکی جیاوازە. وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت؛ فەرماندەی نەتەوەیییە. وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت؛ "وەک چۆن مەزڵوم دۆغان هەوێنی بەرخۆدانی پەکەکەیە، فەرماندە عەگیدیش پردی بەرخۆدانی زیندانی ئامەدی لە چیاکاندا کردەوە، بە بوێری یەکەمین کەس کە خۆی گەیاند بە چیاکانی کوردستان هەڤاڵ عەگید بوو. یەکەمین کەس بوو خۆی گەیاندە چیاکانی کوردستان. دەستپێک و بناغەی هێزەکانی گەریلای بونیاتنا و گەریلای پەروەردە کرد. هەڤاڵ عەگید لە سەختی ئەوکاتەدا پێویستی سیاسەت و دیپلۆماسی خۆی جێبەجێی دەکرد. کاتی واهەبوو چالاکوان، سیاسەتمەدار بوو، کاتی واش هەبوو دیپلۆماتکار بوو.
کەسێتییەکی فرەڕەهەند و پێشکەوتوو بوو، بەڵام کە ناوی هەڤاڵ عەگید دەهێنرێت، بێگومان یەکەم شت کە دێتە بیری مرۆڤ فەرماندەییەکەی بوو. هەڤاڵ عەگید فەرماندەی نەتەوەیی بوو و پێشەنگی شەری گەریلا و هێزی گەریلا بوو. لە بونیتانانی ئەم هێزەدا رۆڵێکی سەرەکی بینیبوو. لە کەسێتی هەڤاڵ عەگیددا مەحاڵ بوونی نەبوو. زمانی گلەیی و گاززندەی نەبوو. هەمیشە سەرکەوتن، ئەرێنی و متمانە بەخۆی بوو. هەلومەرج هەر جۆرێک بوایە، هەڤاڵ عەگید دەیتوانی هەنگاوێکی بەهێز بنێت و ئەنجامێک بەدەست بهێنێت. لەم خاڵەدا هەمیشە متمانەی بەخۆی هەبوو. هەڤاڵانی هەڤاڵ عەگیدیش باوەڕیان بەخۆیان هەیە. ئەگەر لەگەڵ هەڤاڵ عەگیدن، ئەوا مانای ئەوەی هەیە سەردەکەون و ئەنجام بە دەست دەهێنن. هەمیشە ئەم متمانەیەی بۆ هەڤاڵانی دەوروبەری و کۆمەڵگە بڵاودەکردەوە. جێگەی باوەڕ بوو. تایبەتمەندییەکی دیاری هەڤاڵ عەگید بوێرییەکەی بوو. بینینی هەڤاڵ عەگید تەنها ڕۆژەکانی ژیانی نەبوو، بەڵکو ستراتیژیک و فرەڕەهەند بیری دەکردەوە.
بە پێی ئەو پلانی دادەنا و ئامانجەکە دیاری دەکرد. ئامانجە گەورەکانی جێبەجێ دەکرد. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت؛ ئەگەر هەڤاڵ عەگید هەبوایە و ژیانی بکردایە. شوێنی بە ئاسانی پڕ ناکرێتەوە. ئەوان مۆری خۆیان لەم پڕۆسەیە دا. ئەوان بونیاتیانا و یەکەم هەنگاوی مێژووییان نا. کاتێک هەڤاڵ عەگید شەهید بوو، دەوڵەتی تورکیا پرۆپاگەندەیەکی بڵاو کردەوە؛ تەنانەت دەستی ڕاستی ڕێبەر ئاپۆش لەناوچوو، لەمەودوا پەکەکە ناتوانێت بوەستێت و هیچ شانسێکیشیان نەماوە. پرۆپاگەندەیەکی لەم جۆرەیان دەکرد. ڕاستییەک هەبوو کە بەڕاستی شوێنی هەڤاڵ عەگید بە ئاسانی پڕ ناکرێتەوە، بەڵام ڕەنج، ڕامان، تێکۆشان و پەروەردەی ڕێبەر ئاپۆ کە بە هەزاران هەڤاڵی دا، ئەمڕۆ دەبینین کە بە هەزاران ناوی مەزڵوم، ڕەهشانان، ساراکان، بێریڤانەکان، یەژا ستار و گەریلا لەسەر پێن. لەسەر ناوی هەڤاڵ مەزڵوم و عەگید، ئەمڕۆ بە هەزاران لە ناو شەڕدا لە تونێلەکان بەرخۆدان دەکەن. ئەمە ڕۆحێکە. هیچ شتێک بە بێ بناغە نابێت. هەر کەس کەسێتی هەڤاڵ عەگید دەخوێنێتەوە فێر دەبێت و دەزانێت لە ناویدا بوێری، مۆرال، کەسێتی، سەرکەوتن دەبینێت. واتا هێڵ و میراتێکی بەمجۆرەی بەجێهێشتووە. بارودۆخ چی دەبێت با ببێت تێکۆشان دەکرێت و تێکۆشان سەردەکەوێت و ئەنجام دەهێنێت. ئەمڕۆ لە چوار بەشی کوردستاندا بە هەزاران بەم باوەڕەوە گەریلا و گەنج لەسەر پێن و لە ناو شەڕدان.
هەفتەیەکی دیکە ٤ی نیسان ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆیە. گەلی کورد و دۆستانی چۆن پێشوازی لەم ڕۆژە دەکەن؟
سەرەتا ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین و لە گەلەکەمانیش پیرۆزی دەکەین. ڕێبەر ئاپۆ هەرگیز بۆ خۆی نەژیاوە. واتا تەنها کەسایەتییەک نییە... ڕێبەر ئاپۆ بە میلیۆنان گەلی کوردە و تاوەکو مرۆڤایەتییە. پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بە هەزاران ساڵ گەیشتووە بەم ئاستە، پێشی مرۆڤایەتی ڕووناک دەکاتەوە و دەبێتە وەڵام. هیچ سنور و ناسنامەیەک ناتوانێت ڕێبەر ئاپۆ پێناسە بکات. ڕێبەر ئاپۆ هەموو کەسێک و مرۆڤایەتییە. بۆ ئەمەش ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی گرنگە. گەلی کورد هەرچەندە لەم ڕۆژە دڵخۆش بێت و شانازی پێوە بکات مافدارە. بە هەیجان و جۆشێکی مەزنەوە ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکەین. لە مێژووی نەتەوەیی گەلی کورددا، بەداخەوە ڕۆژی وا گرنگ کەمن. هەموو کورد لەم ڕۆژەدا هیوا و دەروونیان یەکدەگرێت. ڕۆژێکی بەم شێوەیە گرنگ مانایەکی بەم شێوەی هەیە. بۆ ئێمە ئەمە شانسێک و دەرفەتێکی مێژووییە. مرۆڤ لێ بڕوانێت و نزیکی بێتەوە. گەلەکەمان بەم شێوەیە نزیکی ئەم ڕۆژە دەبێتەوە. پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ؛ ژنی ئازاد، دیموکراتیکبوونی کۆمەڵگە و ئیکۆلۆژیا گرنگن. لە هەمان کاتدا لەم ڕوانگەوە ٤ی نیسان پیرۆز دەکرێت. کورد لەو شوێنانەی لێین تا ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار نەمایان چاندووە. ئەمەش نزیکایەتییەکی ئیکۆلۆژییە. بەتایبەت ژن و گەلی کورد بە تەواوی لەم ڕۆژەدا دەبینرێن. با ئەم گرنگییە ببینین و بیکەین بە ڕۆژی پیرۆزکردن. وەک گەلی کورد بەتایبەت کادیران، جەنگاوەران و ئەندامانی ئەم تەڤگەرە ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی تایبەتە، ڕۆژی تێڕامانە، دەبێت مرۆڤ بەم شێوەیە لێی بڕوانێت. لەم ڕۆژەدا چەندە نزیکی ڕاستینەی ڕێبەر ئاپۆم، لەم ڕۆژەدا چەندە لە ژیانی خۆمدا نمایندەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەم. لەم ڕۆژەدا کەم وکورتییەکان چین و چۆن دەتوانم خۆمی لێ ڕزگار بکەم و تێیپەڕێنم و خۆم باشتر پێشبخەم. لەم ڕۆژەدا چۆن دەبمە وەڵامێک بۆ داهاتوو، واتا هەر یەکێک لە ئێمە لە هەمانکاتدا خۆمان سەرلەنوێ بونیات بنێینەوە. هێزێکی نوێ لە خۆماندا بونیاتبێین. خۆمان بە ڕێکخستن بکەین. واتا نەک تەنها وەک پیرۆزبایییەک، لە هەمانکاتدا وەک هۆشیاری، خۆناسینەوە، خۆبینین و خۆمان بونیات بنێینەوە. ئەگەر بەم شێوەیە بێت ئەوا مانای ئەم ڕۆژە دەزانرێت و لێی تێدەگەن. لەو باوەڕەدام هەموو کورد لە چوار بەشی کوردستان، بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان لە هەموو شوێنێک ئەم ڕۆژە بە شانازییەوە پیرۆز دەکەن. بەم بۆنەیەوە جارێکی تر ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەم و لە گەلەکەمانی پیرۆز دەکەم.