"پەکەکە لە بەهێزترین سەردەمی خۆیدایە'

گەریلاکانی یەژاستار و هەپەگە ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەیان پیرۆز کرد و وتیان: "وشە بەشی پێناسەکردنی ژیانی پەکەکە ناکات. پەکەکە ٤٦ ساڵی پڕکردووەتەوە، هێشتاش بەهێزەوە لەسەر پێیە و لە بەهێزترین سەردەمی خۆیدایە".

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ساڵی ١٩٧٨ بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ دامەزرا. ئەو رێکەوتە بووە سەرەتای دامەزراندنی ژیانێکی نوێ، ژیانێکی تێکۆشەریی و رازاوە بە هیوای سەرکەوتن، هەربۆیەش وەک جەژنی ژیانەوە ناودێر کراوە. گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بۆ گەشترکردنی ئەو جەژنە لە چیاکانی کوردستان دەیان ساڵە لەناو شەڕێکی دژواردان و لە دڵ و ناخەوە بەشداری ئەو شەڕەن، گیانی خۆیان لە پێناو سەرکەوتن دەبەخشن. گەریلای یەژاستار سارا بەرازی و گەریلای هەپگە وەڵات شەرزان کە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا تێکۆشانی ئازادیی بەڕێوەدەبەن بەمەبەستی پیرۆزبایی ٤٦ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.

گەریلا سارا بەرازی باسی لەوەکرد کە جەژنی ژیانەوە بە رەنجی رێبەر ئاپۆ و شەهیدانی شۆڕش گەیشتووەتە لوتکە و وتی، "ئەو دامەزراندنە بە هاوڕێیەتی کەمال و حەقییەکان دەستیپێکرد و تائێستاش ئەو رۆحە بەردەوامە. بە تێکۆشانی چەکداری، بیردۆزی و رێکخستنی بەردەوامە. ئەو رۆحە ئەمڕۆ لەبەرامبەر ستەم و دەسەڵاتداری ئێستادا تێدەکۆشێت. ئەو بەرخودانەی ئەمڕۆ لە تونێلەکانی شەڕ دەکرێت، لەسەر بناغەی ئەو رۆحەی پەکەکە سازکراوە. هەربۆیە وشە بەشی پێناسەکردنی ژیانی پەکەکە ناکات، مەگەر ئەوەی مرۆڤ بڕژێتە ناو ئەو ژیانەوە کە وەک دەریایەکە و لە نزیکەوە بیناسێت. داگیرکەران ناتوانن ئەو رۆحە تێکۆشەریە لەناو ببەن.

ئێمە لەسەر رێبازی رێبەر ئاپۆ هەنگاو دەنێین

ئەمڕۆ تەواوی جیهان هێز لە تێکۆشانی ئێمە وەردەگرێت، ناوی رێبەر ئاپۆ دەڵێنەوە. گەلی کورد کە پێیان دەگوت؛ 'سەرگۆڕەکەی کۆنکرێت کراوە' بە پێشەنگایەتی پەکەکە وشیاربووەتەوە، راستی داگیرکەری بینەوە و بەرامبەر وەستاوەتەوە. ئێمە وەک سەڕڤانانی یەژاستار لە سەر رێچکە و رێبازی ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ هەنگاو دەنێین و تێدەکۆشین. ئەمڕۆ پێشەنگایەتی ژنان بۆ ئەم دۆزە لە لوتکەدایە و هەموو کات بەم جۆرە دەبێت. شکست و بەزین ناناسێت. ساڵی داهاتوومان دەبێتە ساڵی مزگێنی سەرکەوتنی گەورە بۆ هەموو گەلانی جیهان".

پەکەکە ٤٦ ساڵە بە هێزوە لەسەر پێیە

گەریلا وەڵات شەڕزان باسی لەوەکرد، کە پەکەکە ٤٦ ساڵە لەبەرامبەر هەموو جۆرە هێرشەکان خۆڕاگری دەکات و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "داگیرکەران لە سەرەتاوە هەموو کات دەیانگوت کە ئەوان لەماوە چەند رۆژ و کاتژمێرێکدا کۆتایی بە پەکەکە دەهێنن.ئەوەتا ئەم پارتە ٤٦ ساڵی تێپەڕاند، هێشتاش بەو پەڕی هێزەوە لە سەر پێیە و لە پتەوترین و بەهێزترین سەردەمی خۆیدایە. گەریلا و گەلی کورد لە کەسایەتی فیداییانی سەردەم ئاسیا و رۆژگەرەکان ئەو پەیامەیان دا کە دەووڵەتی تورک لە لاوازترین سەردەمدایە و ئێمە کەی بمانەوێت پارێزراوترین شوێنەکانی دەکەینە ئامانج. داگیرکەرانی تورک لە سەردەمی رووخانیاندان. گەریلا لە چیاکان شەڕ دەکات. بە تایبەت لە ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ شەهیدان فیدایی سەرخۆبوون و رزگار بەرزی ئیرادەی گەریلا و پۆتانسیەلی شەڕەکەیان نیشاندا. ئەو قارەمانیە بەردەوام دەبێت.

ئێمە بە بەرخودان دوژمن تێکدەشکێنین

دەوڵەتی تورک ماوەی چەند ساڵە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا چەقیوە و بەردەوام گورزی لێدەدرێت. بەرخودان و قارەمانێتی گەریلا و گەل دوژمنی گەیاندووەتە ئاستی ئەوەی دەرگاکانی ئیمراڵی بکاتەوە و پەنا بۆ سیاسەتی نوێ ببات. ئێمە وەک گەریلاکانی ئەم رێکخستنە بۆ ساڵی نوێ خواست و ویستمان نەک هەر گەشترکردنی بەرخودان، بەڵکوو ئەوە دەبێت کە لە هەرێمەکانماندا دوژمن تێکبشکێنین و هەنگاو بە هەنگاو پاشەکشێیان پێبکەین".