بووڵدان: ئۆجالان له‌نێو گۆشه‌گیریدا گۆشه‌گیر كراوه
هاوسه‌رۆكی گشتیی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) و ئه‌ندامی شاندی ئیمڕاڵی په‌روین بووڵدان ڕایگه‌یاند، ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان له‌نێو گۆشه‌گیریدا گۆشه‌گیر كراوه.
هاوسه‌رۆكی گشتیی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) و ئه‌ندامی شاندی ئیمڕاڵی په‌روین بووڵدان ڕایگه‌یاند، ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان له‌نێو گۆشه‌گیریدا گۆشه‌گیر كراوه.
هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په په‌روین بووڵدان و وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی ژنان و په‌رله‌مانتاری شاری ئاگریی هه‌ده‌په دیرایه‌ت دیلان تاشده‌میر ده‌رباره‌ی «سزای دیسپلین» و گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجالان له بینای هه‌ده‌په له ئیسته‌نبووڵ كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانییان ساز كرد.
په‌روین بووڵدان له كۆنفڕانسه ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ده‌ستنیشانی كرد كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێ سه‌رنج ڕاكێشنه سه‌ر هێرشه‌كانی سه‌ر ئۆجالان كه ماوه‌ی ٢٠ ساڵه گۆشه‌گیر ده‌كرێت. گوتیشی، «پارێزه‌رانی ئۆجالان له ٦ی ئه‌یلوولی ٢٠١٨\١٥ی خه‌رمانان به‌مه‌به‌ستی دیدار له‌گه‌ڵ ئۆجالان داواكارییان پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام ڕه‌تكرایه‌وه. بیانووی ڕهتكردنهوهكهش بڕینه‌وه‌ی سزای دیسپلینه بۆ ئۆجالان. له هه‌مان كاتدا دیدار له‌گه‌ڵ زیندانییه‌كانی دیكه‌ی هه‌مان به‌ندیخانه به هه‌مان بیانوو ڕه‌تكراوه‌ته‌وه.»
له‌م بڕیاره‌دا كه له ٦ی ئهیلوول ده‌ركراوه، دیداره‌كان له‌گه‌ڵ ئۆجالان بۆ ماوه‌ی ٦ مانگی دیكه قه‌ده‌غه كراون. له بڕیاری ٢ی مارسی ٢٠١٨شدا، به پارێزه‌ران ڕاگه‌یه‌نرابوو كه مافی ڕاگه‌یاندن، سه‌ردانكردن و په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی قه‌ده‌غه كراوه. له ماوه‌ی ساڵانی ٢٠٠٥ - ٢٠٠٩دا ١١ سزا به‌سه‌ر ئۆجالاندا سه‌پێنراون و نامه ١٥٦ لاپه‌ڕه‌ییه‌كه‌ی له ساڵی ٢٠٠٩دا وه‌ك بیانووی قه‌ده‌غه‌كارییه‌كه پیشاندراوه.
«ئۆجالان له‌نێو گۆشه‌گیریدا گۆشه‌گر كراوه»
په‌روین بووڵدان ڕایگه‌یاند، «به‌ڕێز ئۆجالان كه‌سێكی ئاسایی نییه و ئیمڕاڵیش به‌ندیخانه‌یه‌كی ئاسایی نییه. به‌ڕێز ئۆجالان جارێكی دیكه له‌نێو گۆشه‌گیریدا گۆشه‌گیر كراوه. ئه‌و ٢٠ ساڵه گۆشه‌گیر ده‌كرێت و ماوه‌یه‌كی درێژه نه‌یتوانیوه خانه‌واده‌كه‌ی، شاندی سیاسی و پارێزه‌ران ببینێت. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی ئاشتی و دانوستاندا دیداره‌كان ده‌ستیان پێكرد و خانه‌واده‌كه‌ی ئه‌ویان بینی. به‌ڵام ماوه‌یه‌كی درێژه مۆڵه‌تی چاوپێكه‌وتن نادرێت.»
«بۆچی سزای ساڵانی ٢٠٠٥-٢٠٠٩ ئێستا جێبه‌جێ ده‌كه‌ن؟»
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په گوتی، «ئێمه پرسیار له كاربه‌ده‌ستان ده‌كه‌ین: ئه‌م سزایه بۆچی له‌نێوان ساڵانی ٢٠٠٥-٢٠٠٩ جێبه‌جێ نه‌كران، به‌ڵام ئێستا جێبه‌جێی ده‌كه‌ن؟ ئێمه ده‌زانین كه دادپه‌روه‌ری نییه، به‌ڵام شتێكی واتاداره كه دوای ١٣ ساڵ ڕێگری له دیداری به‌ڕێز ئۆجالان له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌كانی ده‌كرێت.»
بانگی سی پی تی كرا
په‌روین بووڵدان هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا داوای له سی پی تی (كۆمیته‌ی به‌رگرتن له ئه‌شكه‌نجه) و ڕێكخراوه‌كانی ئه‌ورووپا كرد ده‌رباره‌ی بارودۆخی ئۆجالان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
«مرۆڤێك كه نه‌توانێت پارێزه‌ر و خانه‌واده‌كه‌ی خۆی ببینێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش سزای دیسپلینی به‌سه‌ردا بسه‌پێنن... ئه‌مه دۆخی ماف و قانوون له توركیا ده‌خاته‌ڕوو. ده‌رباره‌ی ئه‌م سزای دیسپلینه ئێمه چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی دادین. ئه‌م داواكارییه هه‌م له حكوومه‌ت و هه‌م له وه‌زاره‌تی داد ده‌كه‌ین. ئه‌و ڕووداوانه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌تایبه‌تی له توركیا ڕووده‌ده‌ن، پیشانی ده‌ده‌ن كه پێویسته ده‌موده‌ست چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئۆجالان ده‌ستپێبكرێت. ئێمه ده‌زانین كه كاتێك دیدار له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئۆجالان بكرێت، توركیا له نێو قه‌یران و گێژاو ده‌رده‌چێت. ئێمه ده‌مانبینی كاتێك دیداره‌كان ده‌كران قه‌یران و گێژاو نه‌بوون. دوای ئه‌وه‌ی ده‌رگه‌كانی ئیمڕاڵی داخران، هه‌وڵی كوده‌تا درا. به‌ڕێز ئۆجالان له‌م بابه‌ته‌دا هۆشداری دابوو.»
بووڵدان گوتیشی، «گۆشه‌گیری تاوانێكه له دژی مرۆڤایه‌تی كه زۆرترین جار له به‌ندیخانه‌ی ئیمڕاڵی كراوه. ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ی له‌نێو گۆشه‌گیریدا ده‌كرێت، شتێك نییه قبووڵ بكرێت. هه‌م به ناوی هه‌ده‌په و هه‌م به ناوی شاندی ئیمڕاڵی ده‌مه‌وێ بڵێم كه پێویسته گۆشه‌گیریی سه‌ر به‌ڕێز ئۆجالان به‌په‌له هه‌ڵبگیرێت.»
s.m