میمۆی کورد لە ئیتالیا زیندانیکرا

دۆمینیکۆ لوکانۆ سەرۆک شارەوانیى ریاچە لە ئیتالیا بەهۆی هاوکارییەکانی بۆ پەناخوازانى کورد بە "میمۆی کورد" (Mimmo il Curdo) ناوبانگی دەرکردبوو، سزاى زیندانیکردن لە ناو ماڵدا بەسەردا سەپێنرا.

دۆمینیکۆ لوکانۆ سەرۆک شارەوانیى کۆمونی ریاچە لە ناوچەى کالابریا رۆژی ٢ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ لەسەر فەرمانی داواکارى گشتیى لۆکری دەستگیرکرا. مانەوەی هاوسەرەکەشی لە کۆمونی ریاچە قەدەغە کرا.

لوکانۆ بەوە تۆمەتباکراوە، کە هاوکاریى ئەو پەناخوازانەى کردووە، کە بە قاچاغ چوونەتە ئەو ناوچەیە. لەسەر ئەو تۆمەتە ماوەی ساڵ و نیوێکە لێکۆڵینەوەى لەگەڵ دەکرێت. لەسەرەتاى لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتی گەندەڵی خرابوویەوە پاڵی، بەڵام ئەو تۆمەتە بۆ داواکاری گشتى نەسەلمێنرا و لوکانۆ ئازاد کرا. لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت لوکانۆ پێشنیازی بە ژنێکى کۆچبەری خەڵکى نیجریا کردووە هاوسەرگیریى لەگەڵ بکات بۆ ئەوەی دیپۆرت نەکرێتەوە و لەسەر ئەوەش خۆی زیندانیکراوە و دەوڵەتى ئیتالیاش مانەوەی ئەو خانمەى لەو کۆمونەدا قەدەغەکردووە

هەوڵ و کارەکانى لوکانۆ چارەنووسی کۆمونەکەى گۆڕی

کۆمونەکەی لوکانۆ ساڵی ٢٠٠٤ بووە شارەوانی و ماوەى ٢ ساڵیشە لەلایەن کەسانى دژ بە بیانییەکانەوە کراوەتە ئامانج. سەرباری ئەوەش سەرۆک شارەوانی و ستافەکەی و دانیشتوانى ئەو کۆمونە رێگا نادەن نەژادپەرستی و ترس و درۆ باڵ بەسەر کۆمونەکەیاندا بکێشێت.

ماوەى ساڵێکیشە ریاچە سەرنجی چەندین رێکخراوى نێونەتەوەیى بۆ خۆی راکێشاوە. لەو چوارچێوەیەدا گۆڤاری فۆرچن (Fortune) ئەمریکا دۆمینیکۆ لوکانۆی بە یەکێک لە ١٠٠ کەسایەتییە کاریگەرەکەى جیهان هەڵبژاردووە.

ژمارەى دانیشتوانی ریاچە هەزار و ٥٠٠ کەسن و ٤٠٠ کەسیان کۆچبەری ئەمساڵانەى دوایین. پێش ئەوەى کۆچبەرەکان روو لەو ناوچەیە بکەن، ئەو ناوچەیە وەک ناوچەیەکى وشکەڵانى لە باشووری ئیتالیا دەناسرا. خوێندنگە سەرەتاییەکانى داخرابوون. نەوەی نوێى ئەو ناوچەیە بەرەو باکووری ئیتالیا و وڵاتانى تری ئەوروپا کۆچیان کردبوو. بە کورتی گوندێکى لەبیرکراو بوو.

شارەوانیى ریاچە ماڵە چۆڵەکانى ناوچەکە و ناوەندەکانی کۆمونەکەى بۆ نیشتەجێکردنی کۆچبەران بەکارهێنا و کردنی بە پەناگەیەکى گەورە. خاوەنی خانووەکانى ئەو ناوچەیە لەلایەن کۆمۆنیستەکانی پێشووی ئەو ناوچەیەوە قەناعەتیان پێکرا، کە خانووەکانیان بۆ کۆچبەرەکان بەکار بهێنرێن. کۆچبەرەکانیش چوونە شوێنى ئەو کەسانە کە لە ناوچەکە کۆچیان کردبوو و پیشە دێرینەکانی ئەو ناوچەیەیان سەرلەنوێ ژیاندەوە. کار و هەوڵەکانى لوکانۆ چارەنووسی کۆمونەکەى گۆڕی و سەرلەنوێش خوێندنگەى سەرەتایى لە کۆمونەکەدا کردەوە.

پارەى کۆمۆنیستیى بۆ کۆچبەرەکان چاپکرد

لوکانۆ سێجار لسەر یەک بۆ سەرۆک شارەوانیى ناوچەکەى هەڵبژێردراوە و هەموو هەوڵ و کارە تێکدەرەکانى دژ بەخۆی نەیانتوانى ببنە رێگرە لە سەرکەوتنەکانى و بەردەوامیدان بە کارەکانی. تەنانەت بۆ ئەوەى هاوکاریى بگەیەنێتە کۆچبەرەکان جۆرێک لە پارەى چاپکرد کە وێنەکانى گیڤارا و ئەنتۆنیۆ گرامشی تیۆریسینى کۆمۆنیستی لەسەرە. کۆچبەرەکان دەتوانن بەو پارەیە لە دوکانەکانى ناوچەکەدا پێداویستییەکانیان بکڕن.

میمۆی کورد ناوەکەى لە پەکەکە وەرگرتووە

لوکانۆ ناوی میمۆی کوردی لە پەکەکە وەرگرتووە. کاتێک ساڵی ١٩٩٨ کەشتییەک لە تورکیاوە بەرەوە ئیتالیا بەرێکەوت و زۆربەى سەرنشینەکانى کورد بوون، گەیشتە ریاچە. کەشتییەکە ٦٦ پیاو، ٤٦ ژن و ٧٢ منداڵی تیادا بوو. میدیاکان زۆربەی ئەو کەسانەیان بە ئەندامانى پەکەکە دەناساند. ئەو کەسانەش بەهۆی گوشار و زۆردارییەکانى تورکیاوە روویان لە ئیتالیا کردبوو. لوکانۆ پێش ئەوەى ببێتە سەرۆک شارەوانیى ئەو کۆمونە، پێشەنگایەتیى بۆ ژمارەیەکی زۆر لە چالاکییە سیاسی و رۆشنبیرییەکان کردبوو. دەوترێت لوکانۆ زۆر جار وتەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەکار دەهێنێت. بەهۆی پشتیوانییەکانى لەو کوردانە لەو کاتەوە نازناوی میمۆی کوردی پێدراوە.

ر.م