دەنگبێژی بەناوبانگ فەیزۆی رزۆ کۆچی دوایی کرد

هونەرمەندی دەنگبێژ فەیزۆی رزۆ کە دەیان ساڵ خزمەتی کولتوری کۆمەڵگەی ئێزدی و گەلی کورد کردبوو، ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

دەنگبێژ و مەقامبێژی بەناوبانگی کورد فەیزۆ ئامارۆڤ کە وەک فەیزۆی رزۆ دەناسرا و ماوەی دوو ساڵبوو گیرۆدەی شێرپەنجەی گەدەبوو، ئێوارەی ٧ی تشرینی دووەم لە شاری کراسنۆداری رووسیا ماڵئاوایی لە ژیان کرد و بڕیارە هەر لەو شارە تەرمەکەی بە خاکبسپێردرێت.

فەیزۆی رزۆ یەک لەو هونەرمەندانەیە کە لە سەدەی ٢٠دا کولتوری رەسەن و دێرینی کوردیان پاراستبوو.

ئەو هونەرمەندە ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی وەرمەزیاری ناحیەی ئەشمەدزینی ئەرمەنستان لەدایکببوو. بنەماڵەکەی لە ساڵی ١٩١٥واتە لەسەردەمی کۆمەڵکوژی ئەرمەنی، ئاشوری و ئێزدییەکان لەسەر دەستی عوسمانییەکان، بەرەو ئەرمەنستان کۆچبەر ببوون و بەشێک لە بنەماڵەکەی لە جۆرجیا گیرسابوونەوە.

فەیزۆی رزۆ لە بنەماڵەی مەجیدێ فارسە، کە بنەماڵەیەکی هونەرمەندە دەنگبێژەکانە. ئەو برازای دەنگبێژ شەرۆیە برۆ و مەجیدێ فارسە. لە منداڵیەوە تێکەڵ بە کاری هونەری و دەنگبێژی ببوو. تا ماوەیەک ئاژەڵداری کردبوو، دواتر وەک شۆفێر لە فرۆکەخانە کاری کردبوو.

سەرباری جیاوازی نێوان پیشەی رۆژانە و هونەرەکەی هەرگیز لە هونەر دانەبڕا و هەموو کات دڵی بۆ هونەری دێرین و رەسەنی کورد لێیدەدا. لە ئاهەنگ و زەماوەندەکان بێ پسانەوە گۆرانی دەچڕی، ژەنیاری ئامێرەکانی مۆسیقابوو. ئامۆژگاری مەجیدێ فارس-ی بەجێگەیاند، کە وتبووی 'دەست لە گۆرانیەکانمان هەڵمەگرن'. بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵ عەگیدێ جمۆ گۆرانیان وتبوو.

لە یەکێک لە مەراسیمەکانی نەورۆز ئامەد بە ئاواتی خۆی گەیشتبوو. لەبەردەم ملیۆنان کەسدا چووە سەر شانۆ و گۆرانی بۆ چریبوو.

هونەرمەند فەیزۆی رزۆ لە پاش خۆی میراتێکی دەوڵەمەندی گۆرانی و هونەری رەسەنی بەجێهێشتووە.

هـ . ب