"حەوتەمین ڤستیڤاڵی شانۆی شەقامی کەرکوک بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات"

دوای سێ رۆژ لەبەردەوام بوونی، ڤستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەرشەقامی کەرکوک بە بردنەوەی گروپێکی شانۆیی شاری سنەی رۆژهەڵات کۆتایی هات.

نزیکەی کاتژمێر١١:٠٠ ی شەوی سێشەممە لەسەر چوار شەممە، لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک حەوتەهەمین ڤستیڤاڵی نێودەولەتی شانۆی سەرشەقامی کەرکوک، کۆتای هات دوای ئەوەی کە لەماوەی سێ رۆژی کارەکانیدا لە ژمارەیەکی زۆری شوێنی گشتی و ناوەندە هونەری و رۆشنبیرییەکان و شەقامەکانی شاری کەرکوک نمایشی شانۆکاری شەقامیان ئەنجامدا بەبەشداری حەوت ووڵاتی بەشداربووی ڤستیڤاڵەکە.

جێگای باسە لە کۆتا رۆژی ڤستیڤاڵەکەدا پانێلێک بۆ ٨ شانۆکار سازکرا، پاشان کۆڕێکی ناساندن و واژووکردنی دوو کتێبی تایبەت بە شانۆگەری بەڕێوەچوو،

دواتر مەڕاسیمی خەڵات بەخشین دەستی پێکرد و سەرەتای مەڕاسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان بەدەنگی سرودی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێکرد، هەروەها لە کۆتای ڤستڤالەکەدا لەلایەن لیژنەیەکی دادوەری باشترینی شانۆکارییەکان هەڵبژێردران بۆ خەلاتکردن بە خەڵاتی ئاڵتونی.

جێگای باسە، خەڵاتی باشرین بەرهەمی فێستیڤاڵ پێشکەش بە نمایشی جێژوان کرا وە خەڵاتی باشترین دەرهێنان درا بە فەرەیدوون ئەحمەد لە نمایشی “جێژوان” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

هەروەها باشترین خەڵاتی ئەکتەری ژن پێشکەش بە هاوسەر ئیدریس درا لە شانۆی هەزەی نیشتیمانی لە کەرکووکەوە بەشداربوون، دواتر خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ پێشکەش بە دارا عەزەدین کرا، لە “نمایشی هەزەی نیشتیمانی”، خەڵاتی باشترین بیرۆکە پێشکەش بە نمایشی لوقمان عومەر لە نمایشی هەزەی نیشتیمانی کرا.

ڤستیڤاڵەکە بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات

ئاوات عومەر ئەندامی لیژنەی باڵای لە ڤستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەرشەقامی کەرکوک، لە کۆتا ساتەکانی ڤستیڤاڵەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا و ڕایگەیاند: خولی حەوتەمی شانۆی نێودەوڵەتی شەقامی کەرکوک بۆ ماوەی ٣رۆژ بەردەوام بوو، وەکو لیژنەی باڵای ڤستیڤاڵەکە هەوڵماندا ڤستیڤاڵەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە کۆتایی بێت، لەماوەی ٣ رۆژی ڕابردوودا ٢٤ نمایشی شانۆکاری پێشکەش کران، ڤستیڤاڵەکە کۆتایی هات و لە چەند کاژمێری داهاتوو خەڵاتەکان دابەش دەکرێت و ڤستیڤاڵەکە بەیەکجاری کۆتایی دێت".

جگە لە نمایشی شانۆگەری چالاکیی زۆر هەبوون

لەدرێژەی قسەکانیدا ناوبراو ووتیشی: "لەم ڤستیڤاڵەدا جگە لە نمایش کردنی شانۆ، پانێڵ هەبوو وە مەڕاسیمی تایبەت بە واژووکردن و بەخشینی کتێبی تایبەت بە شانۆکاری شەقام هەبوو، وە دوو ۆرکشۆپ پێش دەستپێکی ڤستیڤاڵەکە پێشکەش کران".

ئاشنایان بکەین بە کلتور و شانۆی کوردی

سەبارەت بە گرنگی ئەم ڤستیڤاڵە بۆ شاری کەرکوک و شانۆی کوردی، ئاوات عومەر ئاشکرای کرد: "بەحوکمی ئەوەی شانۆکاران لە حەوت ووڵاتی جیاواز بەشداربوونە، لیرەدا ئاشنای بەرهەمی شانۆیی کوردی بوون ئەمەش جێگای دڵخۆشییە بۆ شانۆکارا بەئەزموونەکانی کەرکوک، کە لیژنەی باڵای ڤستیڤاڵەکە شانۆکاری بە ئەزموونیان هێنا تا ئاشنایان بکەن بە کلتور و شانۆی کوردی کەرکوک".

شانۆکارانی بیانی دڵخۆش بوون بە توانای گەنجانی شانۆکاری کوردی کەرکوک

لە کۆتایدا ئاوات عومەر سەبارەت بە سەرنجی شانۆکارانی دەرەوە لەسەر توانای شانۆیی کەرکوک ووتی: "ساڵانە ئەو هونەرمەندانەی کە لە شارە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشدار دەبن و لە ڤستیڤاڵەدا توانای شانۆکارە کوردەکانی باشور دەبینن لەو ٢٤ شانۆکارییەی پێشکەش کران ژمارەیەک گەنجی شانۆکاری کەرکوکی بەهرەمەند و بەتوانامان هەبوو کە شانۆکارانی دەرەوەی کەرکوک دڵخۆش بوون بە توانای گەنجانی شانۆکاری کوردی کەرکوک، جێگای دڵخۆشیە کە شانۆکارا بە ئەزموونەکانی دەرەوەی بەشێوەیەکی جوان باسی توانای شانۆکارانی کەرکوک دەکەن".

لە هەموو خولەکانی ڤستیڤاڵەکە بەشداربوومە

دکتۆر کەیفی ئەحمەد مامۆستای شانۆکارا لە زانکۆی کۆیە و هەروەها چەندین کتێبی هەیە دەربارەی شانۆگەری، ناوبراو لە ماوەی هەر حەوت خولی ڤستیڤاڵەکە بەشداری کردووە،

دکتۆر کەیفی سەبارەت بە ڤستیڤاڵەکە بەم شێوەیە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا: "لە هەموو خولەکانی ڤستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی کەرکوک بەشداربوومە، وە ئەوەی سەرنجم داوە ساڵ لەدوای ساڵ ڤستیڤاڵەکە زیاتر فراوان بووە و پێشکەوتنی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، خول لەدوای خول سودی لە ئەزموونی پێشووی وەرگرتووە، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردووش ڤستیڤاڵەکە بۆتە نێودەوڵەتی، هەموو ئەو هەنگاوە ئەرێنیانەش جێگای دڵخۆشین،هەروەها خەڵکیش بە پەرۆشەوە ئامادەن بۆ ئەوەی بینەری نمایشەکان بن".

گواستنەوەی ئەزموونە بۆ پێشخستنی شانۆی کورد

هەروەها دکتۆر کەیفی ئەحمەد باسی لە گرنگی بەشداری شانۆکارانی پارچەکانی دیکەی کوردستان کرد لەم ڤستیڤاڵەدا و ڕایگەیاند: "زۆر گرنگە کە کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشداری ئەم ڤستیڤاڵە دەبن چونکە ئاشان بوونە بە یەکتر و کێشەکانی یەکتر، هەروەها بەشداربوونیان گەواستنەوەی ئەزموونی یەکترە بۆ زیاتر پێشخستنی شانۆی کورد".

بووینە براوەی خەڵاتی باشترین شانۆی ڤستیڤاڵەکە

فەرید ڕەحیمی هونەرمەندێکی شانۆکاری خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، فەرید لەگەڵ ئەندامانی گروپەکەی بە شانۆی جێژوان بەشداریان کرد و خەڵاتی یەکەمی ڤستیڤاڵەکەیان بەدەستهێنا وەکو باشترین شانۆی ڤستیڤاڵەکە وهەروەها خەڵاتی باشترین دەرهێنەریشیان بەدەستهێنا، جێگای ئاماژەیە، فەرید خۆشی پاڵێوراوبوو بۆ پاشترین ئاکتەری شانۆکار.

فەرید ڕەحیمی بەم شێوەیە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لە بەشدارییان لە ڤستیڤاڵەکە کرد: "لە شاری سنەی سەربەرزەوە هاتووین بەشداریمان کرد لە حەوتەمین ڤستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەرشەقامی کەرکوک بە شانۆی جێژوان کە بووینە براوەی خەڵاتی باشترین شانۆی ڤستیڤاڵەکە و هەروەها بووینە خاوەن خەڵاتی باشترین دەرهێنەریش جگە لەوەی خۆمیش وەکو ئاکتەرێکی شانۆکار پالێوراو بووم بۆ خەڵاتی باشترین ئاکتەر".

جێگای شانازییە بۆ گروپەکەمان کە لەم ڤستیڤاڵەدا بەشداربووین

زۆر خۆشحاڵین کە بووینە براوەی باشترین شانۆ و ئیش و کاری ڤستیڤاڵەکە کە ئەمەش زۆر جێگای خۆشحاڵی و ڕەزامەندییە، هەروەها جێگای شانازییە بۆ هەموو ئەندامانی گروپەکەمان کە لەم ڤستیڤاڵەدا بەشداربووین و بەهیواین ساڵێکی دیکە دووبارە بگەرینەوە، وە هیچ ڕەخنەیەکم لە ڤستیڤاڵەکە نیە بەڕاستی دەستخۆشی لەسەرجەم ئەندامانی ئەم ڤستیڤاڵە دەکەم کە زۆر زەحمەتیان کێشاوە کە ڤستیڤاڵێکی جوانیان پێشکەش کرد میواندارییەکی باشیان کردووین لە کەرکوک و ئێمەش بە شانازییەوە بەشداربووین لێرەدا".