کەرکوک، یەکەمین ڤستیڤاڵی (عەلی مەردان) بۆ مەقام دەستی بەچالاکییەکانی کرد

ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام، یەکەمین ڤستیڤاڵی عەلی مەردان بۆ مەقام (خولی عومەرە درێژ)ی لە کەرکوک ڕاگەیاند.

هونەرمەندی کۆچی کردووی کورد عەلی مەردان لە گەڕەکی تەکیەی شێخ عەلی لە شاری کەرکوک لە ساڵی ١٩٠٤ لەدایکبووە، خوێندنی لە تەکیەی کەرکوک لەلای مامۆستا ساڵح دەستپێکردووە و هەر لەوێشەوە فێری تەجویدی قورئان و مەقاماتی کوردی بووە.

عەلی مەردان پاش ٨ ساڵ لە تەکیە شاری کەرکوکی جێهێشتووە، عەلی مەردان وەکو شارەزایەکی مەقاماتی کوردی، عەرەبی و تورکمانی لە ناوچەکەدا جێگای خۆی کردووەتەوە و ناوبانگی دەرکردووە، لە رۆژی هەینی ساڵی ١٩٨١ مامۆستا عەلی مەردان بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لە گۆرستانی شێخ محێدین لە شاری کەرکوک نێژرا.

ئێوارەی ئەمرۆ پێنج-شەممە، لەلایەن ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام، لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک، لە چالاکییەکدا بە بەشداریی هونەرمەندان و هونەردۆستانی شارەکانی باشوری کوردستان و هەروەها کەسایەتییە رۆشنبیر و سیاسیەکانی شاری کەرکوک، یەکەمین ڤستیڤاڵی هونەرمەندەی کورد و پاشای مەقام (عەلی مەردان) خولی " عومەرە درێژ" دەستی بەچالاکییە هونەرییەکانی کرد، وە بڕیارە چالاکییەکانی ڤستیڤاڵەکە ٣ رۆژ بخایەنێت.

سەرەتای ڤستیڤاڵەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان ووتاری ناوەندی عەلی مەردان و بۆ مەقام بێژی پێشکەش کرا، و دواتر لەلایەن ژمارەیەک لە هونەرمەندانی شارەکەوە گۆڕانییەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو ووترانەوە، هەروەها لە پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی-دا چالاکییەکانی ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام بێژی نمایش کران.

هیوادارم بایەخ بە هونەرمەندان بدرێت تا لەژیاندا ماون

عومەرە درێژ مامۆستای مەقام بێژی ناسراوی شاری کەرکوکە، کە لەهەمان کاتدا خولەکە بەناوی ئەوەوەبوو، ناوبراو سەبارەت بە ڤستیڤاڵەکە ووتی: "ئەم ڤستیڤاڵە زۆر جوانە و هیوادارم ساڵی داهاتوو خولێکی دیکە بەناوی هونەرمەندێکی دیکەی زیندووی بواری مەقام بێژی بکرێت، بەداخەوە زۆرجار ڤستیڤاڵەکان بەناوی هونەرمەندەوە دەکرێت دوای کۆچکردنی، بەڵام جێگای دڵخۆشییە کاتێک هونەرمەند لە ژیاندابێت و ڤستیڤاڵی بەناوەوە بکرێت".

ئەم ڤستیڤاڵە کۆکردنەوەی سەرجەم مەقام بێژانە

عومەرە درێژ مامۆستای مەقامبێژی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتیشی: "ئەم ڤستیڤاڵە بریتییە لە کۆکردنەوەی مەقام بێژانی تەواوی باشوری کوردستان، چوار شاری باشوری کوردستان لەم ڤستیڤاڵەدا بانگەێشت کراون و بەشدارن".  

کەرکوک پایتەختی مەقاماتە

سیروان عومەر سەرۆکی سەندیگای هونەرمەندانی کوردستان -لقی کەرکوک، سەبارەت بە ڤستیڤاڵەکە ووتی: "بێ گومان مەقامات بۆ شاری کەرکوک گرنگییەکی تایبەتی هەیە، سابیر کوردستانی هونەرمەندی دیاری شاری کەرکوک و باشوری کوردستان ووتەیەکی هەبوو کە دەیوت "کەرکوک پایتەختی مەقاماتە". خۆشحاڵین کە توانیمان یەکەم ڤستیڤاڵی عەلی مەردان بۆ مەقام ئەنجام دەبین".

هونەری کەرکوک زۆر دەوڵەمەندە بەتایبەتی لە ڕووی مەقاماتەوە

هەروەها سەبارەت بە وردەکاری و گرنگی ڤستیڤاڵەکە، سەرۆکی سەندیگای هونەرمەندانی کوردستان لقی کەرکوک، ڕایگەیاند: "ئەم ڤستیڤاڵە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت و خولەکەش بەناوی مامۆستە عومەرە درێژە، ڤستیڤاڵەکەش لەسەر ئاستی عێراق ئەنجام دەدرێت و هەشت گروپ بەشدارن وە تەواوی شارەکانی ( سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، کفری، هەڵەبجە، چەمچمال و کۆیە) بەشدارن، هەڵبەتە ئەم ڤستیڤاڵی مەقامانە گرنگی وتایبەتی خۆی هەیە چونکە کۆمەڵێک هونەرمەندی گەورەی کوردستان کۆ دەکاتەوە، تا هەموومان بلین هونەری کەرکوک زۆر دەوڵەمەندە بەتایبەتی لە ڕووی مەقاماتەوە".

لە ساڵانی داهاتوودا ئەم ڤستیڤاڵە دووبارە بکەینەوە

لە کۆتایدا سیروان عومەر سەرۆکی سەندیگای هونەرمەندانی کوردستان -لقی کەرکوک، سەبارەت بە ڤستیڤاڵەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "بەهیواین لەماوەی ئەم سێ رۆژەدا ڤستیڤاڵەکە بەجوانی بەڕێوەبچێت و هیوادارین بتوانین لە ساڵانی داهاتوودا ئەم ڤستیڤاڵە دووبارە بکەینەوە".