رۆژنیوز: هەڵکوتانەسەری کەناڵەکانی ستێرک تی ڤی و مەدیا خەبەر شەرمەزار دەکەین

رۆژنیوز سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر کەناڵەکانی ستێرک تی ڤی و مەدیا خەبەر رایگەیاند، " ئەم کارە نا ئەخلاقییەی پۆلیسی بەلجیکا هاوکاتە لەگەڵ ١٢٦ـەمین ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردییە و درێژەپێدەری ئەقڵیەتی دەوڵەت-نەتەوەیە دژ بە ڕاگەیاندن و کولتوور و بوونی کورد".

دوای ئەوەی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پۆلیسی بەلجیکا بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک هەڵیکوتایە سەر کەناڵەکانی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر، لەڕاگەیاندراوێكدا ئاژانسی ڕۆژنیوز، ئەو هێرش و تاڵانکارییەی پۆلیسی بەلجیکای شەرمەزار کرد و بانگەوازی لە تەواوی ڕۆژنامەنووسان کرد، هەڵوێستی خۆیان دژ بەو پێشێلکارییە دەردەببڕن.

ئاژانسی “ڕۆژنیوز”، لە بارەی هەڵکوتانی پۆلیسی بەلجیکا بۆ سەر هەردوو کەناڵی ڕاگەیاندنی ئازاد “ستیرک تیڤی و مەدیا خەبەر”، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ و تاڵانکردن و شکاندنی بەشێک لە کەرەستەکانی پەخشکردن، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکەی ئاژانسی (ڕۆژنیوز) بەمشێوەیەیە:

بەرەبەیانی ٢٣ـی ئەم مانگە پۆلیسی بەلجیکا هەڵیانکوتایە سەر بارەگای میدیای ئازاد هەر یەک لە کەناڵەکانی “ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر” کە دەنگ و ڕەنگی کوردانی ئازادن لە تەواوی کوردستان و ئەوروپا و جیهان، لە وڵاتێکی بەناو ئازادییخواز و بەدەر لە تەواوی بنەماکانی ئازادیی ڕۆژنامەوانی و مافی مرۆڤ و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک هەڵیانکوتاوەتە سەر باڵەخانەی هەردوو میدیاکە و ژمارەیەکی زۆر لە پێداویستییەکانیان تاڵان کردووە و چەندین ئامێری پەخشی میدیاکانیان تێکداوە و لەکاریان خستووە.

ئەم کارە نا ئەخلاقییەی پۆلیسی بەلجیکا بەرامبەر بە کوردان هاوکاتە لەگەڵ ١٢٦ـەمین ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردییە و درێژەپێدەری ئەقڵیەتی عوسمانی و دەوڵەت-نەتەوەیە دژ بە ڕاگەیاندن و کولتوور و بوونی کورد لە تەواوی جیهان، هاوکات لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕەشبگیریی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەستی پێکردووە، بۆیە گومان دەکرێت هەمان پیلان و هەمان پاکێچ بێت بۆ ئەوەی ڕێگربن لە بڵاوکردنەوەی پیلانە چەپەڵەکانیان دژ بە مرۆڤایەتیی و تەواوی پێکهاتەکانی ناوچەکە.

بۆیە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی و ئەرکی ڕۆژنامەوانیمان لە باشووری کوردستان پشتیوانیی خۆمان بۆ میدیای ئازاد و هەردوو کەناڵی “ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر” ڕادەگەیەنین، ئەو تاڵانکارییەی پۆلیسی بەلجیکا شەرمەزار دەکەین و بانگەوازیی لە تەواوی ڕۆژنامەنوسانی ئازاد لە باشووری کوردستان و عێراق دەکەین، هەڵوێستی خۆیان دژ بەو پێشێلکارییە دەرببڕن تا هیچ هێزێک نەتوانێت ڕێگربێت لە گەیاندنی ڕاستیی و حەقیقەت و گەیاندنی دەنگی کورد بە تەواوی جیهان.

هـ . ب