" گروپی سکێچ لە ئەڵمانیا بەسەرجەم دیالێکتە کوردییەکان نمایشی شانۆ پێشکەش ئەکات"

گروپی سکێچ گروپێکی شانۆیی ئیمپڕۆی کوردییە، لە ئەڵمانیا نمایشی شانۆیی ئەکات، ئەکتەر کاروخ ئەحمەد، سەبارەت بە نمایشەکانی گروپی سکێچ وتی: "کار لەسەر پاراستنی کولتوور و پێکەوە ژیان دەکات، لە ئەڵمانیا بەسەرجەم دیالێکتە کوردییەکان نمایشی شانۆ پێشکەش دەکات".

  کاروخ ئەحمەد گەنجێکی ئەکتەری کوردە و لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەشی دەرهێنانی تەواو کردووە، هەروەها بڕوانامەی توێژەری کۆمەڵایەتی هەیە و یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی گروپی سکێچ بۆ شانۆیی ئیمپڕۆ لە وڵاتی ئەڵمانیا.

 کاروخ ئەحمەد سەبارەت بە گروپی سکێچ و کارەکانی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و وتی: "گروپی سکێچ یەکێکە لەو گروپانەی گرنگی بە نمایشی شانۆیی ئیمپڕۆ دەدات، هەروەها کار بۆ پاراستنی کولتووریی گەلە جیاوازەکان دەکات، شانۆیی ئیمپڕۆ جۆرێکی شانۆیەکە کە تێیدا هیچ دەرهێنەر و ستاف و دەقێکی نوسراوی تێدا نییە، چیرۆک و فەنتازیا و خەیاڵی ئەکەتەر لە نمایشێکی ڕاستەوخۆدا دەچێتە بەر دیدی بینەران، گرنگترین بنەما لە شانۆیی ئیمپڕۆدا بریتییە لەوەی کە پێشنیاری ئەکتەری بەرامبەر ڕەتنەکەیتەوە، بۆ ئەوەی نمایشێکی جوان و بێ گرژی نمایش بکەیت."

 ئەو سەبارەت بە کارەکانی گروپی سکێچ باسی لەوە کرد کە ئەم گروپە، لەماوەی کارکردنیدا چەندین نمایشی شانۆیی بە زمانە جیاوازەکان و بە سەرجەم دیالێکتیکە کوردییەکان (کرمانجی، سۆرانی، هەورامی، هتد..) نمایش کردووە و چەندین وۆرکشۆپی ڕاستەوخۆ و ئۆنلاینی بۆ پێگەیاندنی ئەکتەری کوردی کردۆتەوە، لەم بارەیەوە وتیشی: "کاری ئێمە بەتەنیا نمایشی شانۆیی نییە و چەندین کارمان سەبارەت بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ ڕێکخراوی cdo و pdo و نەخۆشخانەی هیوا ئەنجامداوە لە ڕێی میتۆدەکانی شانۆیی ئیمڕۆوە، من پێموایە شانۆ و ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی، هەردووکیان وات لێئەکەن زیاتر بەر خەڵک بکەویت و ئێمەش ئەم پەیوەندییەمان لەنێوان شانۆ و کێشە کۆمڵایەتییەکان دروست کرد."

 کاروخ ئەحمەد سەبارەت بە پڕۆژەی داهاتووی گروپی سکێچ لە باشووری کوردستان وتی: "لە پلانماندایە لە باشووری کوردستان نمایشی شانۆی ئیمپڕۆ لە شار و شارۆچکە جیاوازەکان نمایش بکەین، ئەوەی لە نمایشی شانۆی ئیمپڕۆدا بۆ بینەر جیاوازدەبێت، ئەوەیە کە نمایشی هیچ شانۆیەکی ئیمپڕۆ لەوەی پێشتر و دواتری ناچێت و هەموو شتەکان جیاوازن، شانۆی ئیمپڕۆ بەم شێوازە یەکەمجارە گروپێکی کوردی کاری لەسەر بکات، ڕەنگە پێشتر لەلایەن چەند گروپێکەوە میتۆدەکانی بۆ شانۆییەکی ئامادەکراو بەکارهاتبێت، وەک تیۆرییش ئێمە ئاشناین بە شانۆیی ئیمپڕۆ، بەڵام پراکتیزەکردنی لێرە تازەیە و گروپەکە کاری لەسەر دەکات، هەندێ جار نمایشی زۆر تراژیدی، یاخود زۆر کۆمیدی تێدایە، بەڵام دەبێ ئاگامان لەوەبێت کە لەنێوان کۆمیدیا و گاڵتەجاڕی خەتێکی باریک هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش زۆر گرنگە کە ئەکتەر ئاستی هۆشیاری و مەعریفی بەرز بێت، تاکو چیرۆک و فەنتازییاکانی شایەنی بینەر بێت، چونکە هەموو ئەو چیرۆک و خەیاڵ و فەنتازیایانەی کە دەچێته ناو نمایشەکە  بەرهەمی ئاگایی و مەعریفەی ئەکتەرە، هەر بۆیە جگە لە مەعریفە، پێویستە ئەکتەری ئیمپڕۆ ڕاهێنانی بەردەوام بکات و بەهرەی نواندنی هەبێت."

 مانگی ئابی ئەمساڵ، گروپی سکێچ لە شاری سلێمانی دوو وۆرکشۆپی لە ڕێکخراوی cdo و ڕێکخراوی ئازادبوون کردەوە، یەکێکیان بۆ پێگەیاندنی ئەکتەر، یەکێکیشیان دەربارەی پەیوەندیکردن بەبێ توندوتیژی بوو.