هونەرمەندانی کورد: فێستیڤاڵەکە پردێکە بۆ کۆکردنەوەی کولتوری کوردان

هەردوو هونەرمەندی کورد شەهریبانا کوردی و فەرزاد مورادی لە گۆڕەپانی فێستیڤاڵەکەوە وتیان: "هیواخوازین فێستیڤاڵی هاوشێوە بەردەوام بێت و بتوانرێت کولتورە جیاوازەکانی کورد لێکترنزیکبکاتەوە و هونەر ببێت بە هۆکاری ئەوەی گەل زیاتر لەیەک نزیک بکاتەوە."

فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کولتوری کوردی هەموو ساڵێک لە لایەن کوردستانیانەوە ئەنجام دەدرێت، ٣٢هەمین فێستیڤاڵی ئەمساڵیش لە ٢١ی ئەیلول بە درووشمی "داگیرکاری و گۆشەگیری دەشکێنین، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین" بە بەشداربوونی دەیان هەزار لە کوردستانیان و دۆستانیان لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا ئەنجامدرا. هەموو بەشداربووانی فێسیتڤاڵەکە بە جۆشێکی زۆرەوە لە پەیامەکانیاندا سڵاوییان لە بەرخۆدانی گەریلا لە دژی داگیرکاری کرد و بانگەوازی تێکۆشانیان لە پێناو ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد. هەردوو هونەرمەند شەهریبانا کوردی و فەرزاد مورادی لە گرووپی ڕەستاک کە بەشداری فیستیڤاڵەکە بوون بەم شێوەیە پەیامی خۆیان دەربارەی فێستیڤاڵەکە دەربڕی.

هونەرمەند شەهریبانا کوردی دەستپێکی قسەکانی بە پێرۆزبای فێستیڤاڵەکە دەستپێکرد و وتی: "هیوادارم بتوانین لەم فێستیڤاڵەوە یەكێتی خۆمان پێکبهێنین، دەبینین لە هەموو جێگەیەکی سیاسەتی قڕکاری لەسەر کولتوری کوردی ئەنجام دەدرێت، هەموو ئەو سیاسەتانە شەرمەزاردەکەم. وەک هونەرمەندێک کە ساڵانێکە لە نێو کایەی هونەرییدا کاردەکەم، تەنها خواستم پێکهێنانی یەکێتی کوردانە. ٣٢ هەمین فیستیڤاڵی کولتوری کوردی ئەنجام دەدرێت و هەموو کەسێکی بەشداربوو خاوەنداری لە کولتور و زمانی کوردی کرد. پێویستە شان بە شانی یەکتر بۆ یەکێتی خۆمان تێبکۆشین بۆ هەبوونی خۆمان."

'شەڕ و پارچەبوون خزمەتمان ناکات'

لە بەردەوامی قسەکانیدا شەهریبانا کوردی باسی لە شەڕی بیرۆکراسی کرد و ئەم پەیامەی دا: "ساڵانێکە بیرۆکراسیمان تێدا درووستبووە، بۆیە جێگەی شەرمەزاریکردنە. دووژمن دابەشی چوار پارچەی کردووین. بۆیە بۆ دەبێت ئێمەیش لە نێو خۆماندا یەکگرتوونەبین! گەلین و خاوەنی کلتور و زمانی خۆمانین، بۆیە هیودارم ئەم قسەیەم بگات بە هەموو سەرۆکەکانمان، ئیدی بەسە، شەڕ و پارچەبوون هیچ خزمەتێکمان ناکات. پەیامم بۆ کۆمەڵگە ئەوەیە پشتگیری سەرۆک و ڕێکخستنی خۆیان ببن. بژی یەکێتی گەلان، بژی ئازادی و گەلی کورد و کوردستان."

'فێستیڤاڵ کولتورە کوردییەکان لەیەکتر نزیکدەکاتەوە'

فەرزاد مورادی لە گرووپی هونەری رەستاک خۆشحاڵی خۆی لە بەشداربوون لە فێستیڤاڵەکە دەربڕی و وتی: "بەڕاستی پێشوازییەکی نمونەیی لە فێستیڤاڵەکە کرا، جێگەی شانازییە کە بەدەوری یەکترەوە کۆبووینەوە، هیوادارم فێستیڤاڵی لەم شێوە بەردەوام بێت بۆ لێکترنزیککردنەوەی کولتورە کوردییەکان، هونەر ببێتە هۆکاری ئەوەی بتوانرێت گەل زیاتر لێکترنزیکبکاتەوە. هەر بۆیە فێستیڤاڵ بۆ کولتورە کوردییەکان پردێکە."

*فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کوردی بۆ یەکەمجار لە  یاریگایی بۆخۆمی روهەری ئەڵمانیا لەساڵی ١٩٩٢ دا ئەنجامدرا. لەو کاتەوە هەموو ساڵێک ئەنجام دەدریت، تەنها ساڵی ٢٠٢٠ نەبێت بە هۆی کۆرۆناوە ئەنجام نەدرا.