پەرلەمانتارێكی عێراق: دەوڵەتی تورك دیەوێت کەرکوک و نەینەوا داگیربکات

یاسر حسێنی ئەندام پەرلەمانی عێراق ڕٍایگەیاند، دەوڵەتی تورك دیەوێت کەرکوک و موسڵ داگیربکات، داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین، كە دۆسێیەی بوونی هێزەكانی توركیا لە ناوخۆی عێڕاقدا بخاتە بەر باسەوە و مەترسیەکان بە جدی بگرێت.

یاسر حسێنی، ئەندام پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بوونی هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە هەرێمی كوردستان و عێراق و بوونی گرووپی چەكدار لەناو هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز قسەی کردبوو.

یاسر حسێنی لە چاوپێکەوتنەکەدا ڕایگەیاندووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراقی بەرپرسیارە لە بوونی هێزەكانی توركیا لە وڵاتدا، بەهۆی لاوازی وەڵامدانەوەكان ئەم هێزانە فراوانتر بوون، توركیا پلانی هەیە پارێزگاكانی نەینەوا و كەركووك داگیر بكات، چونكە ئەو شارانە لەلایەن توركیاوە گرنگن.

یاسر حسێنی ئەوەشی ڕاگەیاند: "پێشێلكارییەكانی توركیا گرژییەكان زیاتر دەكات و زیان بە پرۆسەی ئاشتی دەگەیەنێت، هاوكات، سەبارەت بە سیناریۆیەك، كە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات دەكات، هۆشداریدا و وتی، ئەویش بوونی گرووپی چەكدارە، كە لەلایەن توركیاوە مەشقیان پێكراوە و لە كامپی زلكانن."