لە پرۆسەی دادگایی کردنەکە ١٠ڕۆژنامەنووس، ٢ سیاسەتمەدار و ٢ گەنج کە بەرامبەر بە قەتڵ کردنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین ناڕەزایەتیان نیشاندا دادگایی دەکرێن. لە پرۆسەی دادگایی کردنەکەدا ئەندامانی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات (DFG)، کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا (MKG)، نووسینگەی کرێکارانی شۆڕشگێڕ (DİSK)، نووسینگەی خەباتکارانی ڕاگەیاندن (Basin-Îş)، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان، ئامادەبوون.
لە میانەی دانیشتنەکەدا ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی تورکیا کە ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر و دەستگیرکران، ڕایانگەیاند؛ ئێمە ئەو فشارانە ئیدانە دەکەین. باش دەزانین کە کێشەکە لە تورکیا پەیوەندی بە پرسی کوردەوە هەیە. بۆیە ئێمە هەڕەشەکانی دادگا قبوڵ ناکەین. بانگەشەی ئەوە دەکەن کە جیهان و نازم ڕۆژنامەنووس نین، ئێمە شاهیدی دەدەین و ڕایدەگەیەنین کە نازم و جیهان ڕۆژنامەنووسن و لەمەو بەدواوە بەهێزتر لە دژی ئەو سیاسەتی کە ڕۆژنامەنووسان دادگایی دەکات ڕادەوەستین، ئەگەر لە شوێنێک ڕۆژنامەوانی ئازاد نەبێت ئازادیش بوونی نییە.