هاوپەیمانی نەدا لەپێناو وەریشە مورادی بانگەوازێکی راگەیاند

هاوپەیمانی نەدا لەپێناو وەریشە مورادیدا کە سزای لەسێدارەی بەسەردا سەپێندراوە بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم ژنانی جیهانی کرد کە هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ.

هاوپەیمانی نەدا لەبارەی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی چالاكوانی سیاسی بانگەوازێکی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی هاوپەیمانی نەدا دا هاتووە، لێپێچینەوە و گۆشەگیری لە سەر ژنانی ئێران بە هۆی هەڵوێستەکانیان لە دژایەتیکردنی ڕێژم و ڕەتکردنەوەی ملکەچبوونیان بۆ دەسەڵاتی دیفاکتۆ کە ستەم و هەڵاواردن لە دژی ژنان، کۆنتڕۆڵکردنی ڕواڵەت و بۆچوونەکانیان بەردەوامە.

ئەوەش راگەیەندراوە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژنان لە تاران دوو ساڵ لەمەوبەر دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، مامەڵەکردنی ڕژێمی مەلاکان دڕندانەتر بووە، بەو پێیەی سنووری دەستدرێژیکردنە سەر هەموو پێوەرەکانی مرۆڤدۆستی تێپەڕاندووە. هەر قژێک لە ژێر پەردەوە دەربکەوێت زیندانی دەکرێت و هەر هەڵوێستێک دژایەتی “مەلا سامییەکان” و ئاراستە ئاینیەکانی بکات بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێت و سزای لەسێدارەدان بەسەر نەیارانیدا دەردەچێت.

باس لەوەشکراوە، سزای لە سێدارەدان بۆ دەنگی ئازاد و چالاکوان وریشە مورادی و پێش ئەوەش دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ٨٣٤ کەس لە یەک ساڵدا بەبێ بچووکترین ترس لە دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە ناڕەوایانە، دڕندەیی ڕژێمی ئێران ئاشکرا دەکات. هه روەها ئێران به یه کێک له و وڵاتانه دادەنرێت که زۆرترین سزای لە سێدارە له دژی ژنان جێبه جێ دەكات.

ئاماژە بەوەش كراوە، ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە لە ئێراندا سزای زیندانیکردن بە تاوانی کوشتن نییە؛ یان لێخۆشبوون دەدرێت یان سزای لە سێدارەدان بە خراپترین شێوەی ستەم و سووکایەتیکردن جێبەجێ دەکرێت.

باس لەوەشكراوە، ئێران بە گۆڕستانێک دادەنرێت بۆ ئەو ژنانەی کە پێشەنگی کۆمەڵگەن و توندوتیژیی دەسەڵاتی مەلاکان ڕەتدەکەنەوە. دوای ئەوەی حوکمی لەسێدارەدان بۆ هەریەکە لە وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی دەرچوو، هاوپەیمانی فێمینیستەکانی نەدا ئەم حوکمە ناڕەوایە ئیدانە دەکات و سیاسەتی کوشتنی ژنانی ئێران بەهۆی بەرگریکردنیان لە ئازادی و دیموکراسی ڕەتدەکاتەوە و ئەم بڕیارە بە ناڕەوا وەسف دەکات.

راشیگەیاندووە، بانگەوازی لە تەواوی ژنان و ڕێکخراوەکان دەکەین و داوا لە هەموو کۆمەڵە فێمینیستەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەكەین کە هاودەنگی بێ مەرج لەگەڵ وریشە و ژنانی ئێران نیشان بدەن و پشتیوانی لە دژی ئەم بڕیارە ستەمکارانە بکەن کە ئامانجیان بێدەنگکردنی دەنگە فێمینیستە ئازادەکانە.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، دووپاتی دەكەینەوە کە ئێران ترسی لە دەنگی ژنان هەیە، بۆیە هەوڵدەدات لە ڕێگەی کوشتنەوە بێدەنگیان بکات، بە ئامانجی ڕاگرتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خۆی. بەڵام وریشە بەردەوام دەبێت لە ئیلهامبەخشین بۆ نەوەکانی داهاتوو، دەیان دەنگی دیکە دێنێتە بوون کە باوەڕیان بە ئازادی و یەکسانی هەیە و بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەكە وتراوە، یاسای ئێران ڕێگە بە گۆڕینی سزای لەسێدارەدان نادات، ئەمەش پێچەوانەی پێوەر و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە کە مافی مرۆڤ دەپارێزن.

لە كۆتایدا هاتووە، ئێمە بە هاوسۆزی لەگەڵ ژنانی ئێران لە دژی ستەم، کوشتن، لە سێدارەدان و ستەمکاری وەستاوین و دووپاتی دەکەینەوە کە دەنگی ئێوە متمانەی ئێمەیە.

ئەمەش لەکاتێکدایە ڕۆژی ١٠ی تشرینی دادگای ئێران بە بێ ئامادەبونی پارێزەرەکانی سزای لەسێدارەدانی بەسەر ژنە چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وریشە مورادیدا سەپاند.