'ژنان نە لە ڕووی ڕوحی و نە لە رووی هزرییەوە بەرامبەر عەقڵیەتی پیاوسالاری چۆکدانادەن'

ڕووکەن نەغەدە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژار باسی لە گرنگی ٢٥ی تشرینی دووەم لە بەردەوامیدانی تێکۆشانی ژنان کرد و وتی: "لەمڕۆدا ژنان لەسەر بنەمای تەڤگەری ئاپۆیی لە دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری خۆیان رێکدەخەن."

ڕووکەن نەغەدە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) سەرەتا ٢٥ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانی لە تەواوی شەهیدان کە لەو ڕێگایەدا گیانیان بەختکردووە پیرۆزکرد و بەم شێوەیە دەستی بە قسەکانی کرد: " ٢٥ی تشرینی دووەم رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، بەڵام دوای ئەوەی کە ژن دەکەونە ناو تێکۆشان و شەڕ لە بەرامبەر ئەو زهنییەتە بەڕێوەدەبەن ئیدی ئەو رۆژە دەبێتە رۆژی تێکۆشانی ژنان.

ژنان جەستەی خۆیان ڕازاندەوە، تۆوێکی تێکۆشانیان داچاند کە ئەمڕۆ تەڤگەری ئاپۆیی، تەڤگەری ژن خاوەنداری دەکات و لەسەر ئەو تۆوە شین دەبێت. ئەمڕۆ کە لە سەدەی ٢١داین ژنان بە شێوەیەکی فراوان چالاکی دەکەن، بە دەوری یەک کۆدەبنەوە، ڕێکخستنێکی گشتی ژنان درووست بووە، لەسەر کۆنفیدراڵیزمی ژنان وتووێژ دەکەن، لەسەر ڕێکخستنکردنی سەربازی ژنان وتووێژدەکەن لەسەر بنەمای زانستی خۆیان بە ڕێکخستن دەکەن. ئیدی ژن لە سەدەی ٢١دا گەیشتوونە ئاستێک کە بە سەربەرزییەوە دەتوانین بڵێین بەرخۆدانی ژنان، سەرهەڵدانی ژنان و تێکۆشانی ژنان پیرۆز دەکەن. بەتایبەت بە دەرکەوتنی تەڤگەری ئاپۆیی، تەڤگەری ژنانی شۆڕشگێر، سوپابوونی بوونی ژنان، زانستی ژنان (ژنۆلۆژی) ئەوانە هەموو دەسکەوت و خاوەندارییان لێدەکرێت لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا."

'فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بووەتە ڕووناکیەک'

ڕووکەن نەغەدە باسی لەوەشکرد: "لە مێژووە تا ئێستا ژنان نە لەڕووی ڕوحییەوە نە لە ڕووی فکرییەوە تەسلیمی ئەو زیهنییەتە نەبوون، بەدەرکەوتنی ڕێبەرئاپۆ ئیدی ژنان فۆڕم و ڕەنگێکی دیکەیان وەرگرت و گەڕانەوە سەر کرۆکی راستەقینەی خۆیان کە چۆن لە بەرامبەر ئەو زهنیەتە شەڕ بکەن، تێکۆشان بکەن وهاوکات خۆیان ڕێکخستن بکەن و ژیانێکی ئازاد و بەواتا ئاوا بکەن. تەڤگەری ژنانی ئاپۆیی بەو ڕەنگە بە بەردەوامی لە خۆبەڕێکخستندان.

ڕێبەر ئاپۆ سەدەی ٢١ وەک سەدەی یەکسانی ڕەگەزیی و سەدەی شۆرشی ژن پێناسە کردبوو، لەبەر ئەوەش سەربەرزین بەو تێکۆشانانەی کە کراون بە دژواری و بە زەحمەتییەکی زۆر بە دەست هاتوون، قوربانی گەورە دراوە وەکو هەڤاڵ ڕۆزا، هەڤاڵ سارا، هەڤاڵ شیرین لە زیندانەکاندا تا ڕۆژی ئەمڕۆ لە چیا، شار و گوندەکان...هتد ژن سەری بەرزکردۆتەوە و بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ تاریکی تێپەڕاند، بۆیە لەمڕۆدا یەک دەنگی و یەک ڕەنگی ژنان دەبینین."

'ئەوینی راستەقینەی ژیانێکی ئازاد'

ڕووکەن نەغەدە راشیگەیاند: " ڕێبەر ئاپۆ کەسێتی ژن و پیاوی ئازادی بەشێوەیەک خوڵقاند کە پێناسەکەی دەتوانین لە کەسێتی هەڤاڵ ئاسیا و هەڤاڵ ڕۆژگەردا بەدیبکەین وەک چۆن ئەو چالاکییە فیداییەیان ئەنجامدا، چالاکیەکە ئەوەندە گەورە وجوانە مرۆڤ نازانێ چۆنی وەسف بکات، زۆر بێباکانە بێ ئەوەی حیساب بۆ دووژمن بکەن، بە ئاهەنگێک بە سەمای ئازادی پێکەوە بە دیسیپلین و خۆشەویستیەکی گەورەوە چوونە ناو دڵی دووژمن و چالاکیان کرد. دەتوانین ئەوینی ڕاستەقینەی ژیانێکی ئازاد لە کەسێتی ژیان و چالاکی هەڤاڵاندا ببینین. لەبەر ئەوەش جارێکی کە بەژنی خۆمان لە بەرامبەر ئەو چالاکی و ئاستی فکری و ئازادی هەڤاڵاندا دادەنەوێنین، بۆ ئەوەی خاوەندارییان لێبەکەین دەبێ خۆمان بگەیەنینە ئاستی کەسایەتییان و هەموو ژنان خاوەنداری لە چالاکیە بکەن، کە بۆ خوڵقاندنی ژیانێکی ئازاد ئەو چالاکیەیان کرد."

'هەر کەسی خستە نێو لێکۆلینەوە'

ڕووکەن نەغەدە لە بەردەوامیدا باسی لە ئەنجامەکانی فەلسەفەی 'ژن ژیان ئازادی' لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد و ئەمەی وت: " شۆڕشی 'ژن ژیان ئازادی' بە تەواوی ئیرادە و هێزی گەلی دەرخستەوە کە ونی کردبوو و هاوکات لێپرسینەوەیەک بوو بۆ ژن و پیاو. کلیلێک بوو بۆ پرسینەکانی؛ من کێم، چۆن ژیان دەکەم، بۆچی و لە کوێ ژیان دەکەم، سەردەستی چیە، توندووتیژی چیە و...هتد، هەمووانی خستە نێو لێگەڕینی ئەو پرسینانەوە.

هونەرمەندانی خستە ناو بیرکردنەوە کە ئاخۆ هونەرەکەی خزمەتی چی دەکات، مرۆڤی زانا بە هەمان شێوە کەوتنە لێکۆڵینەوە کە زانست چیە، زانستی کۆمەڵگە خزمەتی چی دەکا، دەوڵەت ئەو زانستەی چەندە خستۆتە خزمەتی خۆی، هەموو کەسی خستە پرس و لێکۆڵیینەوە.

بنەماڵەکان کەوتنە پرس و لێکۆڵینەوە کە واتای بنەماڵە چیە، ڕیشەکەی لە کۆێووە دێت و خزمەتی چی دەکەن. ڕۆلی ژن لەناو ژیاندا چیە، کچ و کوڕ چی ڕۆلێکیان هەیە، خوێندکارێک بە هەمان شێوە حسابی ئەوە دەکات کە من چۆنم خوێندووە و چی فێربووم، شتێک کە فێری بووم بۆ خزمەت کردنی ژیانە یان وەکو کارمەندێکی باش پەروەردە دەبم بۆ خزمەت بەو سیستەمە."

'ئیدی هەمووان لە هەڵوێست وەرگرتندان'

ڕووکەن نەغەدە ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی کەژار، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە بیر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ کرد بەوەی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە کوێ بێت لەو شوێنە گۆرانکاری درووست دەبێت و ئەمەی وت: "ڕژیمی ئێران ئیدی بێچارە بووە و دوایین هەناسەکانی خۆی دەدات، ڕێبازێک نەماوە بەکاری نەهێنێت بۆ ڕزگارکردنی خۆی، قەیرانێک کە هەیە، فشارێک کە لەسەر کۆمەڵگە، لەسەر ژن و گەنجان بوونی هەیە. بە فۆڕمێکی وشک لەسەر ناوی ئاین لەسەر کۆمەڵگە بەڕێوەی دەبات، بەڵام ئیدی گەل ڕووی ڕاستی ئەو دەوڵەتەی بۆ دەرکەوت و بەبێ ترس هەڵوێست نیشان دەدەن و تێکۆشانی خۆیان دەکەن. دەزانن قوربانی دەوێت بەڵام تێکۆشانی خۆیان دەکەن و بێ هەلوێست نامێنن و گیانی خۆیان بەختدەکەن بۆئەوەی شۆرش سەرکەوێ و ئازادی بەدەستبهێنن."

ڕووکەن نەغەدە ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆتایی قسەکانیدا هەڵسەنگاندی بۆ تێکۆشان و کەمپینەکانی کەژار کرد بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: " کژار لەم دوو ساڵەی دواییدا بەو تێکۆشانەی بەڕێوەی دەبات کەمپینی "نا بۆ لەسێدارەدان بەڵی بۆ ژیانی ئازاد"ی ڕاگەیاندووە کە لە هەموو شوێنێکی  جیهان خاوەنداری لێدەکرێت وهەموو ئازدیخوازان لە دژی توندوتیژی دژ بەژنان دەیانەوێت بەشداری تێدا بکەن، چونکە کەمپینەکەی کەژار ڕێکخستنی ژنان بە بنەما دەگرێت."