ناوەندی توێژینەوەی شار، ڕاپۆرتێکی شیکاری لە بارەی دەستپێشخەرییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، لە حاڵەتێکدا ئەم دەسپێشخەرییە سەرکەوتوو بێ و هەلومەرجی بۆ بڕەخسێندرێت و پرسی کورد چارەسەر بێت، ئەوا گەلی کورد دەبێت بەو هێزەی کە تەواوی ناوچەکە بەرەو دیموکراسی ببات. چونکە لەو دۆخەدا زهنیەتی سایکس بیکۆ و لۆزان بە تەواوی کۆتایی پێدێت، کە ١٠٠ ساڵە ناوچەکەی کردووەتە مەیدانی چەنگ و کۆمەڵکوژیی و کارەساتەکان.
دەقی ڕاپۆرتە شیکارییەکەی ناوەندی توێژینەوەی شار بەمشێوەیەیە:
"تروسکاییەکی گەشبینی و بانگەوازەکەی ئۆجالان
مانگێک بەسەر بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالاندا تێپەڕدەبێ کە لە ٢٧/٢/٢٠٢٥ لە بەندیخانەی دورگەی ئیمڕالی و بە ئامادەبوونی شاندی پارتی دەم، لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجالان خوێندرایەوە و ئێوارەی هەمان ڕۆژ لەلایەن شاندی پارتی دەمەوە بۆ ڕایگشتی بڵاوکرایەوە.
لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم بانگەوازە لە ڕۆژەڤی دەزگا میدیایی و ناوەندە جیاوازەکانی جیهان، ناوچە، تورکیا و کوردستان دایە. کاردانەوەی ئەرێنی زۆربەی هێزە جیاوازەکانی جیهان، ناوچە و کوردستانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، جارێکی دیکەش هیوای چارەسەرکردنی پرسی کوردی لە تورکیا و باکوری کوردستانی خستۆتە ڕۆژەڤی جیهانەوە.
لە پاڵ ئەمەشدا هێشتا ناڕوونییەک سەبارەت بە تێگەیشتنی ئەم هەنگاو و دەسپێشخەرییە هەیە، هەر هێز و لایەن و ناوەندێک بەگوێرەی تێڕوانینی تایبەتی خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات. شانبەشانی دەزگای جەنگی تایبەتی دەوڵەتی تورک، کە دەیەوێ ئەم قۆناخە بە سەرکەوتنی خۆی و “نەهێشتنی تیرۆر” ناوببات و بەدوای لێکدانەوەی بچوک و سەرکەوتنی هەرزانەوەیە. هەندێ ناوەندی ڕاگەیاندن و لایەنی دیاریکراویش وەک قۆناخێکی پاشەکشێ و پاشگەزبوونەوەی پەکەکە لە داواکارییەکانی، پیشانی دەدەن، تەنانەت هاوشێوەی هەندێ لایەنی دۆگماتیک و مارژینالی بە ناو “چەپ”ی تورکیا، هەندێ لایەنی بە ناو “کوردی”ش دژایەتی ئەم قۆناخە دەکەن، چونکە ئەرکیان دژایەتیکردنی هەر شتێکە، کە پەکەکە دەستی بۆ ببات. هەروەها ئەگەر بە شێوەیەکی ئاشکراش نەبێ، هەندێ هێزی جیهانی و هەرێمیش دژ بە قۆناخێکی بەمجۆرەن.
بەڵام ڕاستییەکی تریش هەیە، کە دەبێ ئاماژەی پێبکرێ، ئەویش ئەوەیە، حەقیقەت و ڕاستینەی ئەم قۆناخە هێشتا بە تەواوی ڕوون نەبۆتەوە، تا بە تەواوی دەرکی پێبکرێت، بۆیە شتێکی ئاساییە ئەمڕۆ پرسیارگەلێک لای خەڵک و تەنانەت ناوەندە جیاوازەکانیش دروست بووە، کە ئاخۆ ئەم بانگەوازە دەرەنجامی چ جۆرە ڕێککەوتن و دانوستانێکە؟ هۆکارەکانی پشت ئەم بانگەوازە چین؟ چ پەیوەندییەکی بە بە بوویەرەکانی ئەم دواییەی خۆرهەڵاتی ناوین و سوریاوە هەیە؟ چی وایکرد ئۆجالان و دەوڵەتی تورک لە دەستپێکردنی قۆناخێکی بەمجۆرەدا هاوفکر بن؟ ئەم هەنگاوە، هەنگاوێکی ستڕاتیژییە یان تەکتیکی؟ دەرفەتەکانی سەرکەوتنی چەندە و ئەگەر سەرنەکەوێ چی ڕوودەدات؟
چۆن و بۆچی هەڵوێستی دەوڵەت باخچەلی گۆڕا؟
لای هەمووان ئاشکرایە، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورک (مەهەپە)، بزووتنەوەیەکی نەژادپەرستی تورکە، بنەڕەتەکەی بۆ ئیتیحادگەراکانی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە؛ بڕوایان بە بوونی نەتەوە و نەژادێکی تورکی پاک هەیە، کە بنەچەکەیان بۆ ئاسیای ناوین دەگەڕێتەوە و سەنتێزی تورک- ئیسلام بە بنەما دەگرێت. ئەوانە لە ڕابردوودا ڕۆڵێکی بەرچاویان لەو کۆمەڵکوژییانەدا بینی، کە دژ بە گەل و پێکهاتە جیاوازەکانی نێو تورکیا ئەنجام دران، بڕوای بە سنورەکانی میساقی میللی هەیە و لەگەڵ ئەوەی یەکێکە لە فاکتەر و پێکهاتە گرنگەکانی دەوڵەتی “شاراوە” قوڵ، لە پاڵ سوپا بە یەکێک لە کۆڵەگە گرنگەکانی پارێزەری کۆمار دادەنرێت. ئەوانە بەهێزەوە نکۆڵیان لە بوونی کورد و کوردستان کردووە، بۆ نەهێشتن و لەناوبردنی گەلی کورد سڵیان لە پەنابردن بۆ هەر ڕێگە، شێواز و ڕێبازێک نەکردووەتەوە، لە پاڵ کەمالییەکان، سەرمەشقی سیاسەتەکانی نکۆڵی و قڕکردنی گەلی کوردستان بوون. هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پەکەکەوە، دوژمنایەتی کردنی پەکەکەی بە ئەرکی سەرەکی خۆی زانیوە؛ نەخشەدانەر، ئاڕاستەکار و بەڕێوەبەری سەرەکی جەنگی دژ بە پەکەکە بوون. خودی دەوڵەت باخچەلی، کە زیاتر لە ٢٧ ساڵە سەرۆکی مەهەپەیە، یەکێکە لە کادیر و ئەندامە گرنگ و کاریگەرەکانی دەوڵەتی قوڵ و لەو ماوەیەدا ڕۆڵێکی گرنگی لەو جەنگەدا بینی، کە دژ بە گەلی کورد و پەکەکە پەیڕەو کرا. ئەی چی وایکرد گۆڕانکاریی بەسەردا بێت؟
هۆکارگەلێکی زۆرهەن وایانکرد دەوڵەتی تورکیا بە گشتی و دەوڵەت باخچەلی بە تایبەت، گۆڕانکاری بەسەر هەندێ لە هەڵوێستەکانیاندا بێت؛ هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە دەرەنجامی جەنگی ٤٠-٥٠ ساڵی دوایی دژ بە کورد و پەکەکە، ئەو حەقیقەتەیان بۆ ڕوون بۆتەوە، کە بە ڕێبازی سەربازی- ئەمنی نەیانتوانی و ناتوانن گەلی کورد و بزووتنەوەکەی لەناوببەن، خودی تورکیا بە دەوڵەت و دەسەڵات و کۆمەڵگاوە، بەدەست قەیرانێکی قوڵی هەمەلایەندا دەناڵێنێ و ئیتر دۆخەکەی بەو سەردەمەی دەوڵەتی عوسمانی دەچێ، کە بە “پیاوە نەخۆشەکە” ناودەبرا.
پاش کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و دەستێوەردانی ئەمریکا – هاوپەیمانەکانی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووخانی هەردوو ڕژێمی بەعسی عێڕاقی و سوریی، زیهنییەتی ڕێککەوتنەکانی سایکس بیکۆ و لۆزان هەڵوەشاوەتەوە، لە کەسایەتی هەردوو دەوڵەت- نەتەوەی عێڕاق و سوریادا سیستەمی دەوڵەت- نەتەوە لە ناوچەکەدا لە کۆتایی خۆی نزیک بۆتەوە، کە لە سەرەتای سەدەی بیستەم وەک مۆدێلێک سەرەتا لە تورکیا و ئێران پێشخران، ئەمڕۆش نۆرەی ئێران و تورکیا هاتووە کە دیزاین بکرێنەوە، چونکە دیزاینکردنەوەی ئێران و تورکیا، دیزاین و نەخشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دیاریدەکەن.
پێشتر ناکۆکی و ململانێیەکی زۆر لە نێوان تورکیا- ئێران- ئیسڕائیل هەبوو سەبارەت بەوەی کامەیان دەبن بە هێزی هەژمونگەرایی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕابردوودا بەهۆی ململانێی بەردەوامی ئیسڕائیل لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییەکان، ئەم ململانێیە زیاتر لە نێوان ئێرانی شیعە و تورکیای سوننە دابوو، کە ئەمریکا ڕۆڵی جەندرمەی ناوچەکەی بە تورکیا سپاردبوو، بەڵام قۆناخ بە قۆناخ ئەم ڕۆڵەی تورکیا پاشەکشێی کرد و نفوزی ئێران زیادیکرد، وەلێ دوای پێشخستنی ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی نێوان ئیسڕائیل و چەند دەوڵەتێکی عەرەبی (لەوانەیە لە داهاتوو بەرفراوانتریش بکرێ)، بە تایبەتیش دوای ئەو گۆڕانکارییانەی بەهۆی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل هاتنە ئاراوە و لە پەلوپۆخستنی حزبوڵڵای لوبنانی، وێرانبوونی غەززە و بێ کاریگەرکردنی حەماس، ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی سوری، نەمانی هیلالی شیعی و لاوازکردنی ڕۆڵی ئێران و تەوەرەکەی لێکەوتەوە؛ ئیتر ئیسڕائیل بەرەو ئەوە دەچێ ببێتە هێزی هەژمونگەرایی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بە ئاشکرا دەڵێ، نەخشەی ناوچەکە دادەڕێژینەوە، وەک دیارە ئەم دیزاینە نوێیە ئێران و تورکیاش دەگرێتەوە. لەم هەنگاوەشدا ئیسڕائیل کوردان بە هاوپەیمانی سروشتی خۆی دەبینێ و دەیەوێ هاوبەشی و ڕێککەوتنیان لەگەڵ پێشبخات. لێرەشدا دەرفەتێکی نوێ بۆ کوردان دەڕەخسێ، ئەم هەلەی ئەمڕۆ بۆ کوردانی باکور (تورکیا) و ڕۆژئاوا (سوریا) ڕەخساوە و لەوانەیە سبەی بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات (ئێران) یش بڕەخسێ.
دەوڵەتی تورکیا، مەهەپە و خودی باخچەلی ئەم ڕەوشەیان بینی و هەڵسەنگاندنێکی واقیعییان بۆ دۆخەکە کرد، بەر لە ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد یش، هاواریان لێ هەڵسابوو، دەیانگوت، بوون و وجودی دەوڵەتی تورکیا لە ژێر هەڕەشەدایە و ئیسڕائیل بەنیازە هێرشمان بکاتەسەر. بۆیە لە یەکی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ باخچەلی ئەو هەنگاوەی دەستپێکرد و لە ناو تەلاری پەرلەمانی تورکیاوە بانگەوازی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان کرد.
ئەم هەنگاوەی باخچەلی ستڕاتیژییە یان تەکتیکی؟
بەگوێرەی کارەکتەری مەهەپە و خودی باخچەلی، کەس چاوەڕوانی هەنگاو و بانگەوازییەکی بەمجۆرەی لێنەدەکرد، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێ، کە تەنیا ئەو هێزانە دەتوانن ئاشتی و سازش بکەن، کە خۆیان لایەنی ڕاستەوخۆی شەڕ و جەنگن. لە باشوری ئەفریقاش، ساڵانێکی درێژ دیکلارک دوژمنی سەرسەختی ماندێلا و کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی بوو، بەڵام هەر ئەویش بوو، کە ئاشتی و ڕێککەوتنی لە گەڵیاندا بەرقەرار کرد. تۆ بڵێی باخچەلی و ئەردۆغانیش بتوانن هەمان ڕۆڵی دیکلارک ببینن؟
باخچەلی و پارتەکەی، کە ئێستا هاوبەشی دەسەڵاتن، لە ساڵانی ڕابردوو کاتێک لە دەرەوەی دەسەڵاتیش بوون، لەناو دەوڵەتدا کاریگەربوون و گوێیان لێدەگیرا. واتە ئەوەی بۆیان گرنگە بەرژەوەندی و مانەوەی دەوڵەتە، نەک بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و دەسەڵات، چونکە ئەوان کارەکتەرێکی کارای دەوڵەتی قوڵن و هێندە لایان گرنگ نییە، کە لە دەسەڵاتدابن یان نا، بۆیە کاتێک مەترسی و هەڕەشە لەسەر مان و نەمانی دەوڵەتی تورکیا هەبێ و ڕێگەی پاراستنی دەوڵەت و ڕزگارکردنی لەو هەڕەشە و مەترسییانە بە ڕێککەوتن و برایەتی نێوان کورد- تورکدا تێپەڕبێت، ئەوا وەک ناچارییەک ئەم ڕێگەیە هەڵدەبژێرن. بێگومان مێژووی کورد – تورکیشیان لەبەرچاوانە، کە لە ڕابردوو لەمیانەی ڕێککەوتنی تورکەکان لەگەڵ کوردان توانیویانە لە ئەنادۆڵ جێگیر ببن، بەرامبەر سەفەوییەکان سەرکەون و لە سەرەتای سەدەی بیستەمیشدا سەربەخۆیی بەدەست بێنن و کۆمار دامەزرێنن.
ئایا دامەزراوەکانی دەوڵەت و دەسەڵات هاوفکرن؟
وەک دەبینرێ سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت و دەسەڵات لەو خاڵەدا هاوفکرن، کە دەوڵەتی تورکیا پێگەی جیۆ-ستڕاتیژیی و جیۆ- پۆلیتیکی جارانی نەماوە، هەوڵێکی زۆر هەیە لە پڕۆژەی هێڵی وزە بەرکەنار بکرێ و ئیتر ئیسڕائیل دەبێ بە هێزی هەژمونگەرای ناوچەکە، لەبەر چەندین هۆکارگەلی جیاوازیشەوە ململانێ، ناکۆکی و تەنانەت هەندێجار گرژیش لە نێوان تورکیا- ئیسڕائیل، تورکیا- سیستەمی جیهانیدا هەیە. هەروەها دەرفەتێکیش بۆ کوردان ڕەخساوە و ئیسڕائیل لێیان نزیک دەبێتەوە. بۆیە ئەم هەڕەشەیە دەبینن و لەوەدا هاوفکر و هاوهەڵوێستن، کە دەبێ لەجیاتی ئیسڕائیل ئەوان لە کوردان نزیک ببنەوە، مێژووی ڕێککەوتن و هاوبەشێتی ڕابردووش بکەن بە هەوێن و زەمینەی ئەم هەنگاوە، چونکە لە قۆناخەکانی هاوبەشێتی و ڕێککەوتنی نێوان کورد- تورکدا، هەردوولا سوودمەند و سەرکەوتوو بوون. واتە کاتێک هاوبەشێتی و ڕێککەوتنی نێوان کورد- تورک ستڕاتیژیی بێت، لە بەرژەوەندی هەردوولادا دەبێت.
مەهەپە و باخچەلی وای پیشاندەدەن هەڵوێستەکەیان ستڕاتیژییە و لە سیاسەتی نکۆڵی و قڕکردنی کوردەوە هەنگاویان ناوە بۆ تێز و سیاسەتی برایەتی کورد- تورک، ئەگەر بەمجۆرە بێت، مانای گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە پارادایمی مەهەپە و باخچەلی دا.
بەڵام هەروەک لە ئەزموونەکانی ڕابردووشدا بینیمان، هەڵوێستەکانی پارتی دەسەڵاتدار ئاکەپە و خودی ئەردۆغان، بەردەوام پراگماتیست، تەکتیکی و هەلپەرستانە بووە، لای ئەو پاراستنی تەخت و تاج و دەسەڵات لە پێشینەی هەموو شتێکەوە دێت. لەپێناو پاراستنی دەسەڵات و مسۆگەرکردنی گەڕێکی دیکەی خولی سەرۆکایەتی، ئامادەی هەر جۆرە مانۆر، تەڵەکەبازیی و تەکتیکێکە. ئەویش وەک باخچەلی هەڕەشەکانی سەر تورکیا و ئەو دەرفەتانە دەبینێ کە بۆ کورد ڕەخساون، بۆیە نزیکبوونەوە لە کورد و دەستپێکردنی قۆناخێکی وەها بە هەنگاوێکی ناچاری دەبینێ؛ بەڵام وەک هەنگاوێکی ستڕاتیژیی نا، بەڵکو وەک سیاسەت و تەکتیکێکی کاتی بۆ ئەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتی خۆی بڕەوێنێتەوە، ئەو دەرفەتە لەبەین ببات کە بۆ کوردانی ڕۆژئاوا ڕەخساوە و هەوڵەکانی دیموکراتیزەبوونی سوریا مایەپووچ بکات، تەنانەت هەنگاوێکی بەمجۆرە بکات بە دەرفەتێک بۆ لەناوبردنی پەکەکە و دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان.
قۆناغەکە لە ڕوانگەی هێزە هەرێمی و جیهانییەکان
هەرچەندە زۆربەی زۆری دەوڵەتە گرنگەکانی جیهان و ناوچەکەمان پێشوازییان لە پەیام و بانگەوازەی عەبدوڵڵا ئۆجالان کرد و بەشێوەیەکی فەرمی هەڵوێستی ئەرێنییان نیشاندا و باسی ئاشتی و هیواکانی چارەسەرکردنی پرسی کوردیان کرد، بەڵام بەشێک لەم دەوڵەتانە جیاوازی لەنێوان هەڵوێستە ئاشکراو شاراوەکانیاندا هەیە، ئەمەش سەرچاوەکەی بۆ هۆکارگەلێکی مێژوویی، ئایدۆلۆژی، سیاسی، ئابووریی و بەرژەوەندیی هەمەلایەن دەگەڕێتەوە.
بە گشتی سیستەمی سەرمایەداریی ئەندازیار و نەخشەدانەری ئەو ڕێککەوتن و پەیمانانە بوو، کە گەلی کوردی بێ ماف و بێ ستاتۆ هێشتەوە و سیاسەتەکانی نکۆڵی و قڕکرنی کوردیان ڕەوا کرد و بەردەوام ویستیان پرسی کورد وەک کارتێک بەکاربێنن و کردوویانەتە فاکتەرێکی دروستکردنی قەیران و شەڕ و ململانێ، لەو ڕێگەیەشەوە لەگەڵ ئەوەی کوردانیان بە خۆیانەوە بەستۆتەوە، ڕژێمەکانی ناوچەکەشیان کۆنتڕۆڵ کردووە، ئاڕاستەیان کردوون و لە خزمەتی خۆیاندا بەکاریانهێناون. ئەمریکا و بریتانیاش لەسەرووی ئەو هێزانەوە دێن کە سیاسەتێکی بەمجۆرەیان پەیڕەو کردووە، بۆیە لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی کورددا نین (بە تایبەتیش لە تورکیا). ئیسڕائیلیش کە لەپاڵ ململانێی هەژمونگەرایی لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ناکۆکی دیکەشی لەگەڵ تورکیا هەیە، سەبارەت بە قۆناخێکی بەمجۆرە گەرم نییە و هیوای سەرکەوتنی بۆ ناخوازێ، چونکە خۆی سیاسەتێکی تایبەت بە پرسی کوردی هەیە، بەگوێرەی ئەوەش دەیەوێ لە خزمەتی ئاسایشی ئیسڕائیلدا بەکاری بێنێ و ناوچەکەش لەم چوارچێوەیەدا دیزایین بکاتەوە.
هەرچی ئێرانە، کە بە هۆی دوا گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە پێگە و ڕۆڵی جارانی لەدەستداوە و لە پاشەکشێ دایە، سەرکەوتنی ئەم قۆناخە و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تەوەرەی تورکیا، لە دوو لایەنەوە بۆ خۆی بە هەڕەشە و مەترسی دەبینێ؛ لە ئەگەری ڕێککەوتنی کورد- تورک و چارەسەرکردنی پرسی کورد، دەوڵەتی تورکیا نەک هەر تەنیا لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدا نامێنێ، بەڵکو بەهێز دەبێ، لە بەرامبەر ئێران لە پێگەیەکی گونجاو و بەهێزتردا دەبێ و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا لە پەنجەرەی پرسی ئازەرییەکانەوە دەستێوەردانەکانی بۆ ئێران زیاد بکات، لە لایەکی تریش، پرسی کورد لە ئێران دەبێتە ڕۆژەڤ و دەستێوەردانە دەرەکییەکانی ئەمریکا- ئەوروپا- ئیسڕائیل دۆخی ئێران نالەبارتر دەکات، لەو سۆنگەیەوە، بۆ سەرنەکەوتنی ئەم قۆناخە و مایەپووچکردنی، لەوانەیە دەوڵەتی ئێران هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە.
بانگەوازەکەی ئۆجالان بۆچی؟
دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤێت و مایەپووچبوونی سۆسیالیزمی بونیادنرا و نەمانی پەیمانی وارشۆ، هەروەها گەیشتنی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد لە باکوری کوردستان بە قۆناخێک کە ئیتر سیاسەتی نکۆڵی و قڕکردن بێ واتا کرد، ڕیالیتەی گەلی کورد ئاشکرا ببوو و تەنانەت حکومەت و دەوڵەتی تورکیاش ناچاربوو دان بە ڕیالیتەی گەلی کورد دابنێت و لە کەسایەتی سەرۆک کۆمار (تۆرکۆت ئۆزال) دا دوور لە ڕێبازی سەربازیی- ئەمنی بەدوای ڕێگەکانی چارەسەرکردنی پرسی کورددا بگەڕێ، ڕێبەر ئۆجالانیش بەدوای ڕێگەچارەی سیاسی پرسی کورددا دەگەڕا و هەوڵیدەدا پەکەکە بۆ گۆڕانکارییەکی ستڕاتیژیی و پارادایمی ئامادە بکات، لەو سۆنگەیەوە لە بەهاری ساڵی ١٩٩٣و بە ناوبەینکاریی ڕەوانشاد مام جەلال دووجار ئاگربەستی یەکلایەنە ڕاگەیەنرا، بە کرداریی دەوڵەتیش پابەندی ئاگربەست بوو و هەندێ هەنگاویش نران، بەڵام بەهۆی هەوڵی گلادیۆی(GLADYO) نێودەوڵەتی و ئەو ناوەندانەی بەرژەوەندییان لە بەردەوامی شەڕ و چارەسەرنەکردنی پرسی کورددا هەبوو، لە ١٧/٥/١٩٩٣ تۆرکۆت ئۆزال ژەهرخوارد کرا و کوژرا، چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی قولپی ئامەد دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کرد، شەمدین ساکک، کە ئەو کاتە فەرماندەیەکی گەریلا بوو و لە ژێرەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەرگەنەکۆن- چەتەکانی تورکیاوە هەبوو، لە ٢٤/٥/١٩٩٣ لە ناوچەی لیجەی ئامەد ٣٣ سەربازی بێ چەکی کوشت. بەمجۆرەش ئەو دەرفەتە مێژووییە لەبارچوو.
ساڵی ١٩٩٣ کاتێ عەبدوڵڵا ئۆجالان دروشمی “ژیانەوە تەواو بوو، نۆرەی ڕزگارییە”ی بەرزکردەوە، مەبەستی کۆتاییهاتنی قۆناخێک و شێوازێکی تێکۆشان و دەستپێکردنی قۆناخ و شێوازێکی نوێی تێکۆشان بوو، لەم پێناوەشدا هەوڵێکی زۆریدا تا دەرفەتێک بۆ ئەم هەنگاوە دروست بکات، هەر بۆیەش قۆناخی تێکۆشانی نێوان ساڵانی ٩٣-٩٨ ی بە قۆناخێکی خۆدووبارەکردنەوە و تاقەت پڕوکێن و داڕزێنەر بۆ هەردوولا وەسف کرد، لەم سۆنگەیەوە، لەو ڕێنوماییەی کە لە ڕێکەوتی ١٥/٨/١٩٩٨ بۆ تەواوی کادیر و ئەندامان و گەریلاکانی پەکەکەی ڕەوانە کرد، باسی پرۆسەیەکی بەرفراوانی گۆڕانکاری دەکرد، بۆ دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیەش لە ١/٩/١٩٩٨ ئاگربەستێکی یەکلایەنەی ڕاگەیاند و دەیویست دەروازەیەک بۆ دیالۆگ و ئاشتی و ڕێگەچارەی سیاسییانە بکاتەوە.
بەڵام وەڵامی گلادیۆی نێودەوڵەتی و گلادیۆ- ئەرگەنەکۆنی تورکیاش بۆ ئەم هەوڵە دەستپێکردنی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی بوو، ئامانجی هێزە پیلانگێڕەکان لەناوبردنی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجالان و هەڵگیرساندنی جەنگێکی هەرێمی بوو، بەڵام بە دەرچوونی لە سوریا ڕێگری لەم ئەگەرە کرد، بە ئامانجی بە ڕۆژەڤکردنی پرسی کورد و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی سیاسی – دیموکراتیانە، ڕووی لە وڵاتانی ئەوروپا کرد، وەلێ چونکە ئەمریکا- ئەوروپا- ئیسڕائیل لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی کورددا نەبوون، هەموو هەوڵێکیان دژ بە عەبدوڵڵا ئۆجالان چڕ کردەوە و لە ١٥/٢/١٩٩٩ بە پیلانێکی چەتەگەریانە لە کینیا ڕفاندیان و تەسلیم بە دەوڵەتی تورکیایان کرد، بەو ئامانجەی هاوشێوەی شێخ سەعید لەناو ببرێت و شەڕی نیوان کورد- تورک بۆ سەدەیەکی تریش بەردەوام بێت. بەڵام لەمیانەی ئاشکراکردنی لایەنە شاراوەکانی پیلانگێڕیی و نیشاندانی هەڵوێستێکی شایستە بە پێگەی ڕێبەرایەتی و کارەکتەرە بەخۆباوەڕەکەی، عەبدوڵڵا ئۆجالان ئەم هەوڵ و ئامانجەی پیلانگێڕانی مایەپووچ کرد.
لە قۆناخی ئیمڕالی، سەرەتا لە ڕێگەی بەرگرینامەکانی بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (لە دەوڵەتی راهیبی سۆمەرەوە بۆ شارستانی دیمۆکراتی- ٢٠٠١)، دواتریش بەرگرینامەی ئەسینا (کوردی ئازاد ناسنامەی رۆژهەڵاتی ناوینە -٢٠٠٣) و “پارێزگاری کردن لە گەلێک” (٢٠٠٤) و هەروەها لەمیانەی دیدارەکانی لەگەڵ پارێزەرەکانیدا، قۆناخێکی نوێی وەرچەرخان و گۆڕانکاریی دەستپێکرد و تەواوبوونی ڕۆڵ و تەمەنی پەکەکەی ڕاگەیاند و لەجیاتی ئەو کۆنگرەی ئازادی و دیموکراسی کوردستان (کادەک) دامەزرا، کە دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو بە کۆنگرەی گەلی کوردستان، ئەم هەنگاوە تەنیا گۆڕینی ناوی پەکەکە نەبوو، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ گۆڕانکاریی پارادایم، شێوازی ڕێکخستن و تێکۆشان و بونیادی تەڤگەرەکە، بەڵام بە پشتگیریی هێزە پیلانگێڕەکان هەوڵێکی پاکتاوکاریی لەنێو بزووتنەوەی ئازادیدا سەریهەڵدا و ویستی قۆناخی گۆڕانکاریی بە لاڕێدا ببات و تەنیا لە دەستەواژەی ڕیفۆرمی سۆسیال دا تەسکی بکاتەوە ، کە مەبەستیشیان لەو دەستەواژەیە تەنیا مافی هاوسەرگیریی و داواکارییە تاکەکەسی و غەریزییەکان بوو و لایەنەکانی دیکەیان فەرامۆش کردبوو، کە پەیوەندی بە دۆز و تێکۆشان و مافی گەلی کودستانەوە هەیە. ئەم هەوڵە تەسفییەکارییەش زیانێکی گەورەی بە بزووتنەوەی ئازادی گەیاند و تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەوکاتە گوتی، نیوەی پەکەکەمان لەناوبرد.
زیانە گەورەکەی ئەم تەسفییەکارییە تەنیا لەوەدا نەبوو کە ژمارەیەکی زۆری کادیرانی لە بزووتنەوەی ئازادی دابڕی و پێگە و ناوبانگی پەکەکەی خستە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو زیانە گەورەکەی ئەوەبوو کە دەرفەت و هەوڵێکی گرنگی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ گۆڕینی پارادایم و وەرچەرخاندنی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کوردستان زیانی بەرکەوت و لەو قۆناخەدا مایەپووچ کرا، هەروەها لە ژێر ناوی تێکۆشان لە دژی پاشماوە و کاریگەرییەکانی تەسفیەگەرێتی، دۆگماتیزم و محافەزەکاریی لە ناو ڕێکخستندا بەهێزتر بوو، ئەمەش ڕۆڵێکی نەرێنی بینی، بوو بە کۆسپ لەبەردەم گۆڕانکاریی و داهێنان. هەر لەو بەینەشدا وەک تەدبیرێک بەرامبەر بە تەسفیەکاریی، عەبدوڵڵا ئۆجالان ناچاربوو جارێکی دی بڕیاری ئاواکردنەوەی پەکەکە بدات.
وەک پێویستییەکی ئەم گۆڕانکارییە، لە بەهاری (٢٠٠٥) سیستەمی کۆما کۆمەلێن کوردستان ڕاگەیەنرا کە لە بەهاری (٢٠٠٧) بوو بە کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و تا ڕۆژی ئەمڕۆمان بەردەوامە. پێشخستنی سیستەمی کەجەکە، مانای ڕێکخستنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بوو، واتە ئیتر شێوازی تێکۆشان بەرامبەر بە سیستەم و دەوڵەت لەجیاتی لە بەرە (جەبهە)وە بێت، دەبوایە لە ناوەوەی خودی سیستەم بێت و کۆما جڤاکێن کوردستان ببێتە سیستەمێکی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی دیموکراتی کوردستان لەناو تەواوی گوند و شارۆچکە و شارەکانی کوردستان و تەنانەت تورکیاش، واتە دەبوایە فۆرمیلەی دەوڵەت+ دیموکراسی پەیڕەو بکرێت، بەڵام بە هۆی قوڵنەبوونەوەی پێویست و کاریگەرییەکانی دۆگماتیزم، کەجەکەش هاوشێوەی پەکەکە ڕێکخرا، ئەویش بوو بە ڕێکخستنێکی شاخ، واتە پەکەکە و کەجەکە تێکەڵ بە یەکتر کران و کەجەکە نەبوو بە سیستەمی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک.
عەبدوڵڵا ئۆجالان ئەم دۆخەی بینی و جارێکی دیکە لە ڕێگەی بەرگرینامەی (مانیفستۆی شارستانێتی دیموکراتی- پێنج بەرگ) هەوڵی ڕاستکردنەوەی ڕەوشەکەیدا، لەو پێناوەشدا چەند جارێک ئاگربەست ڕاگەیەنرا و دوای تێکدانی دانوستاندنەکانی ئۆسلۆ لە لایەن دەسەڵاتی ئاکەپەوە، ئەمجارە قۆناخی ئاگربەست و دیالۆگی نێوان ساڵانی (٢٠١٣-٢٠١٥) بەڕێوەچوو؛ لە کاتێکدا پرۆسەکە بە ئاستێکی باش گەیشتبوو و ئیتر پەکەکە ئامادەکاریی بەستنی کۆنگرەی دەکرد تا پڕۆژەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان جێبەجێ بکرێ، دیسان حکومەتی ئاکەپە و ئەردۆغان کۆتاییان بە پرۆسەکە هێنا، ئەوە دە ساڵە شەڕ و پێکدادانێکی زۆر دژوار و خوێناوی لە ئارادایە، دەوڵەتی تورکیا گەورەترین و دڕندانەترین شاڵاوی بۆ سەر باکور، باشور و ڕۆژئاوا ئەنجامدا، هەموو جۆرە تەکنیکێکی پێشکەوتوو و چەکێکی قەدەخەکراوی بەکارهێنا، وێڕای بەدەستهێنانی هەندێ ئەنجامی سنوردار، بەڵام نەیتوانی هێزی گەریلای کوردستان لەناو ببات و ئیڕادەی گەلی کوردستان تێکبشکێنێ، وەلێ بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و هێزی گەریلاش نەیتوانی بەسەر دەوڵەتی تورکیادا سەرکەوێ. لەو سۆنگەیەوە، بۆ هەردوولا، واتە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان و دەوڵەتی تورکیاش یەکلابوویەوە، کە ناکرێ پرسەکە لە ڕێگەی چەک و توندوتیژییەوە چارەسەر بکرێت، بەڵکو هەلومەرجەکانی ناوچەکە، تورکیا و کوردستان دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی دیکە دەسەپێنن. لای هەر کەسێکیش ڕوون و ئاشکرایە کە هیچ کێشە و ململانێیەک لەمیانەی شەڕ و پێکدادان و توندوتیژییەوە تا سەر بەردەوام نابێت و پێویستە لە شوێنێکدا کۆتایی بێت و لەمیانەی دیالۆگ، ڕێککەوتن و لێک تێگەیشتنەوە چارەسەر بکرێ.
عەبدوڵڵا ئۆجالان هەلومەرجی ئەمڕۆی ناوچەکە و تورکیا و کوردستانی بە قوڵی خوێندەوە و ئەو دۆخەی بینی کە تورکیا تێیکەوتووە و تروسکاییەکی گەشبینی لە بانگەوازەکەی باخچەلی و دەوڵەتی تورکیادا بینی، بۆیە لەلای خۆیەوە قۆناخێکی دەستپێکرد، کە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و دەسپێشخەریی دوولایەنەوە بەڕێوەدەچێت، نەک دانوستاندن و ڕێککەوتن. قۆناخێکی دەسپێشخەرییە کە عەبدوڵڵا ئۆجالان لەسەر بنەمای بڕوا و متمانە بەخۆبوونەوە دەستیپێکردووە و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم هەنگاوەشی گرتۆتە ئەستۆ. لە پێشخستنی ئەم دەسپێشخەریەدا عەبدوڵڵا ئۆجالان مەبەستی بەدیهێنانی کۆمەڵێک ئامانجە کە پەیوەندییان بە پرسی کورد، کوردستان، تورکیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە.
بەر لە هەموو شتێک پرسی کورد کراوە بە یەکێک لە گرێکوێرەکانی ناوچەکە، شوێنی سەرەکی و بنەڕەتی ئەو پرسەش تورکیا و باکوری کوردستانە، بەهۆی ئەو پرسەوە تورکیا بووە بە کۆسپ و ڕێگر لە بەردەم دیموکراتیزەبوونی ناوچەکە، چونکە لە کاتێکدا تورکیا سیاسەتی نکوڵی و قڕکردن پەیڕەو بکات، ناهێڵێ ئەم پرسە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و وڵاتە پەیوەندیدارەکانیشدا چارەسەر بێت و بەمجۆرە لەجیاتی دیموکراتیزەبوون، شەڕ و ململانێ و پێکدادان دەسەپێنێ.
لەم سۆنگەیەوە، مەبەستێتی کۆتایی بە شەڕ و ململانێی نێوان کورد- تورک بێنێ و ئەو دۆخە بۆ پەیوەندی و برایەتی نێوان کورد- تورک وەرچەرخێنێ، ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادان و توندوتیژییەکان و چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە بەدیدێت. ئەمەش واتای گواستنەوەی دۆزی کورد و بزووتنەوەکەیەتی لە زەمینەی توندوتیژییەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی. واتە لەجیاتی پەکەکە ڕێکخستنێکی سیاسی – یاسایی لە تورکیا و باکوری کوردستان دادەمەزرێ و شێوازی تێکۆشانی سیاسی – مەدەنی و دیموکراتیانە بە بنەما وەردەگرێت. لەو سۆنگەیەوە، لە لایەک بیانووەکانی “تیرۆر” و “جوداخوازی” لەدەست لایەنە پەیوەندیدارەکان دەردێنێ، کە کردبوویان بە پاساوی کودەتا، سیستەمی باری نائاسایی، یاساکانی دژ بە تیرۆر و لەڕێیەوە پێشێلکردنی ئازادییەکان و مافی مرۆڤ، بەلاوەنانی دیموکراسی و دادوەرییان ڕەوا کردبوو. بەمجۆرەش دەرفەت و هەلومەرجی دیموکراسی لە تورکیا بەرەوپێشەوە دەبات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر کوردستان و ناوچەکەشمان دەبێت، چونکە چیتر تورکیا ناتوانێت لەژێر ناوی “تیرۆر” و پرسی کوردەوە دەستوەردان بۆ وڵاتانی دراوسێ بکات. لەگەڵ ئەوەشدا پرسی کورد لەدەست هێزە دەرەکییەکان دەردێنێ و چیتر ناتوانن وەک کارتێک بۆ خۆیان بەکاری بێنن، چونکە هەر ئەوان بوون بە بڕیاری سیاسی و بەشێوەیەکی ناحەقانە ناوی (پەکەکە)یان خستە لیستەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و ڕێگرییان لە چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکرد.
مەبەستێکی دیکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان ئەوەیە، لەمیانەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا و باکوری کوردستان، ڕێگەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بکاتەوە، هەر پارچە و بەگوێرەی تایبەتبوونی هەلومەرجەکانی خۆی و بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی، لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستاندنەوە کێشەکە لەگەڵ دەوڵەتی پەیوەندیداردا چارەسەر بکات. ئەم ڕێبازە لە بەرژەوەندی دەوڵەتەکانی عێڕاق و سوریا و ئێرانیشدا دەبێت و بەرامبەر بە هێزە دەرەکییەکان بەهێزتریان دەکات.
لە حاڵەتێکدا ئەم دەسپێشخەرییە سەرکەوتوو بێ و پرسی کورد چارەسەر بێت، ئەوا گەلی کورد دەبێ بەو هێزەی، کە تەواوی ناوچەکە بەرەو دیموکراسی ببات، چونکە لەو دۆخەدا زهنیەتی سایکس بیکۆ و لۆزان بە تەواوی کۆتایی پێدێت، کە سەد ساڵە ناوچەکەی کردۆتە مەیدانی چەنگ و کۆمەڵکوژیی و کارەساتەکان.
ئەگەر ئەم دەسپێشخەرییە سەرنەکەوێ و دیسان دەوڵەتی تورکیا وەک جاران تەڵەکەبازیی، فێڵ و ساختەکاریی بکات، ئەوا بژاردەی گەلی کورد و بزووتنەوەکەشی هاوبەشێتی و ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەو هێزانە دەبێ کە نیازیانە دەوڵەتی تورکیا بە دەردی دەوڵەتی عوسمانی ببەن و نەخشەی ناوچەکە دیزاین بکەنەوە، ئەمەش بۆ کوردان دەبێت بە هەڵبژاردەیەکی ناچاری."