٣٥ ساڵ ئەوینداریی بێپسانەوەی وڵات

عەلی عوسمان لە ساڵی ١٩٨٨ەوە بزوتنەوەی ئازادی ناسیوە و لەو کاتەوە درێژە بە تێکۆشان دەدات.

عەلی عوسمان لە سآڵانی ١٩٩٠-١٩٩٤ چەندین جار رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بینیوە و هەموو کات و لە هەموو دەرفەتێکدا دڵسۆزی و وەفاداری خۆی بە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد دوبارە دەکاتەوە.

یەک لەو یەکەم ماڵانەی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ئازادی کورد لە رۆژئاوا سەردانیان کرد و تیایدا مانەوە ماڵی عەلی عوسمان بوو لە ناوچەی غەربی قامیشلۆ. عەلی عوسمان لە رێگە دراوسێکانی و هەروەها سەردانی خوێندکارانی بزوتنەوەی ائزادی بۆ ماڵەکەی بزوتنەوەی ئازادیی کوردی ناسی. بەڵام هەروەها بە ئاسانی دەرگای ماڵەکەی بۆ نەخستنە سەر پشت و دوای حەوت سەردانی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ئازادی کورد، بە تەواوەتی دەرگای ماڵەکەی بۆ بزوتنەوەی ئازادی کورد ئاوەڵا کرد. عەلی عوسمان کە ئێستا ٧٣ ساڵیەتی باسی ئەو کاتە دەکات و دەڵێت، "زۆر بزوتنەوە هاتن و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە بەشێوەی ریشەیی لەپێناو کورددا تێدەکۆشن، بەڵام بە پێی بەرژەوەندی خۆیان دەجوڵانەوە. وەک بنەماڵەیەکی کورد کە هیوای خۆم لەدەستدابوو سەرەتا خۆم لە ئاپۆییەکان نزیک نەکردەوە. دوای حەوت جار سەردان بۆ ماڵەکەم، من بوومە ئاپۆیی. هەندێک بە درەنگی قایل بووم، بەڵام کاتێک زانیم کەسانی راست و دروستن، من خۆم لەوان نزیک کردەوە و ماڵەکەم بووە ماڵی خوێندکارانی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان".

بە بارهەڵگرەکەیەوە خەڵک بۆ لوبنان دەگواستەوە

عەلی عوسمان کە ساڵی ١٩٨٨ سوێندی وەفاداری بە تێکۆشانی ئازادی کوردستانی خوارد، چوار جار چووە سەردانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان. عەلی عوسمان لە ساڵانەدا بە بارهەڵگرەکەی خۆی خەڵکی بۆ گۆڕەپانی لوبنان و دیمەشق دەگواستەوە و زۆر وڵاتپارێز کە بۆ یەکەم جار چوونە لوبنان و دیمەش و عەبدوڵا ئۆجالانیان لە نزیکەوە ناسی، لە رێگەی بارهەڵگرەکەی عەلی عوسمانەوە ئەو گەشتەیان ئەنجامدا.

'قسە و کرداری وەک یەکبوو'

عوسمان باس لە یەکەم بینی رێبەری گەلی کورد دەکات و دەڵێت، "لە نێوان ١٩٨٨ تا ١٩٩٠ من تەنیا ناوی رێبەرایەتیم بیستبوو. روانین و بیرکردنەوەکانی بە ئێمە دەگەیەشت. من بە وریاییەوە گوێم بۆ ئەو روانینانە دەگرت و هەروەها لە ژیانی کادرەکان ورد دەبوومەوە. بەڵا لە نزیکەوە بینینی رێبەرایەتی شتێکی جیاواز بوو. خۆی لە خۆیدا پەیوەستی ببووم، بەڵام دوای بینینی پەیوەندیمان بەهێزتر بوو. وتە و کردەوەکانی وەک یەکبوو. هێزی ئەو بۆ چارەسەری کێشەکان زۆرە".

'دەمزانی کە ئەم رێگەیە بێ قوربانیدان نابێت'

عەلی عوسمان لە درێژەی قسەکانیدا وتی، لە ساڵی ١٩٩١ کە بە بارهەڵگرەکەی گەلی بۆ لوبنان و دیمەشق دەگواستەوە و هەر بەو بارهەڵگرەی پێداویستیەکانی گەلی دابین دەکرد، باش دەیزانی کە ئەگەر رژێمی بەعس پێی بزانێت تووشی مەترسی گەورە دەبێت، بەڵام بێ سڵکردنەوە لەو مەترسیە بە ئاگادار بوون لەوەی کە دەیزانی ئەو رێگەیە بێ قوربانیدان نابێت، بەردەوام بووە لەو کارەی و هەر ئەوەش دەرفەتێک بووە کە هەموو جارێک کە گەلی گواستووەتەوە، خۆیشی چاوی بە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کەوتووە.

هەوڵەکانی بۆ رێکخستنی کۆمۆن

دوای راگەیاندنی شۆڕشی رۆژئاوا لە ساڵی ٢٠١٢ عوسمان لە تێکۆشان بەردەوام بوو و لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ٢٠٢٠ لە ناوچەی غەربی قامیشلۆ هاوسەرۆکی کۆمۆنی شەهید رەمزی بووە و لە گەڵ ٤٠ هەڤاڵی خۆی لەو کاتەدا کارەکانی رێکخستنی ٧٤٠ ماڵیان لە ئەستۆ بووە و بەم جۆرەش لە رێکخستنکردنی کۆمۆنەکاندا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رۆڵی بەرچاوی گێڕاوە.

دەبێت گوڕ بە تێکۆشان بدرێت

عەلی عوسمان لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە گۆشەگیری رەهای سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی، "هەر وڵاتپارێزێک چی لە دەست دێت دەبێت بیکات. دەبێت لە پێناو ئازادی جەستەیی رێبەرمان گوڕ بە تێکۆشان بدەین. رێبەر ئاپۆ تەنیا لەپێناو کورددا تێنەکۆشاوە. پاڕادیگمای رێبەرایەتی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا جێبەجێ دەکرێت. گەل بە ئاشتیانە و بە دیموکراتیک دەژین. ئەگەر رێبەر ئاپۆ لە زینداندا نەبوایە، ئەو پاڕادیگمایە لە زۆر شوێنی دیکەی جیهان جێبەجێ دەکرا. راستی رێبەرایەتی ئەمەیە. هەربۆیە بۆ ئازادی جەستەیی رێبەرایەتی دەبێت ئێمە گوڕ بە تێکۆشانی خۆمان بدەین".

هـ . ب