بەهۆی بۆردومانکردنی سەنتەری دیالیز، نەخۆشێک بێ چارەسەر مایەوە و گیانی لەدەستدا

لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر سەنتەری دیالیزی قامیشلۆی بۆردومان کرد، یەکێک لەو ٧٠ نەخۆشەی کە لەوێ چارەسەریان وەردەگرت گیانی لەدەستدا.

سوپای تورکی داگیرکەر ٢٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣، سەنتەری دیالیزی شاری قامیشلۆی بۆردومان کرد. لە کانتۆنی جزیرێ تەنها ٢ سەنتەری دیالیز هەیە. لە سەنتەری دیالیزی قامیشلۆ، ڕۆژانە ٧٠ نەخۆش چارەسەریان وەردەگرت.

دوای هێرشەکە ژیانی ٧٠ نەخۆش کەوتە مەترسییەوە و ئەمڕۆ یەکێکیان گیانی لەدەستدا.

بەڕێوبەری سەنتەری دیالیزی قامیشلۆ، ڕەفعی عەباس دەستنیشانی کرد کە ١٠ نەخۆش هەن کە دەبێت لە هەفتەیەکدا ٣ جار گورچیلەکانیان بشۆردرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی سەنتەرەکە ناتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەش بکات، ئێستا ناتوانن بێن و چارەسەر وەربگرن و ژیانیان لە مەترسیدایە.