'بەرخودانی رێبەر ئاپۆ گۆشەگیری پوچەڵ کردووەتەوە'

ئەندامی دەستەی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک ساڵح نوح باسی لەوەکرد کە دوای دامەزراندنی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان و هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ مێژوویەکی نوێ نوسراوەتەوە.

هەموو دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان لە بەرخودانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەترسن. لەبەر ئەوەش هێرش دەکەنە سەر ئەو هزر و ئەندێشەیە. بەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەیانەوێت ئەو دەستکەوتە لەناو ببەن. لەسەر ئەو بنەمایە ئەندامی دەستەی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) ساڵح نوح قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

ئەندامی دەستەی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) ساڵح نوح رایەگیاند کە لە مێژوودا زۆر شۆڕشی کوردان هاتنەئاراوە و وتی، "فاشیزم هەموو جۆرە هێرشێکی ئەنجامدا. لەدوای دامەزراندنی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان و هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ مێژوویەکی نوێ نوسرایەوە. رێبەر ئاپۆ لەسەرەتای کۆمەڵگای سروشتیەوە تا سەردەمی ئەمڕۆ، لەبارەی ژیانی کۆمەڵگاکانەوە لێکۆڵینەوەی کرد و وەڵامیشی دایەوە. بۆ لەناوبردنی ئەو دەستکەوتانە و بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران گەل بکەنە کۆیلەی خۆیان، دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بە هەموو جۆرێک هێرشیان کردە سەر هزر و ئەندێشەی ئازاد بەڵام سەرنەکەوتن. لەبەر ئەوەی دەسەڵاتداران سەرنەکەوتن، پیلانگێڕیان دەستپێکرد. بەڵام لە سایەی بەرخودانی خوێندکار و شاگردەکانی رێبەر ئاپۆ و هزری نەتەوەی دیموکراتیک، دەسەڵاتداران دیسان شکستیان هێنا".

ساڵح نوح باسی لەوەکرد کە پیلانگێڕی کۆتایی پێنەهاتووە و وتی، "بە بەرخودانی رێبەر ئاپۆ و بەرخودان لە زیندان پیلانگێڕی پوچەڵ بووەوە بەڵام دەسەڵات ویستی گۆشەگیری لەناو گۆشەگیری لە سەر رێبەری ئاپۆ جێبەجێ بکات. بەڵام دیسانیش شکستی هێنا. لەبەر ئەوەی گەل خاوەندارییان لە دەستکەوتەکان و رەنجی رێبەر ئاپۆ کرد.دەوڵەتی تورک لە دوایین نمونەدا لە دژی بەرخودانی رێبەر ئاپۆ هێرشی کردەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا بەڵام خوێندکاران و شاگردەکانی رێبەر ئاپۆ بە بەرخودانێکی بێهاوتا لەبەرامبەر ئەو هێرشانە خۆڕاگرییان کرد. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەیەوێت بە هەموو جۆرێک دەستکەوتەکان لەناوببات بەڵام دەبێت بزانێت کە شکست دەهێنێت. ئێمە وەک گیانبازانی هزری نەتەوەی دیموکراتیک گوڕ بە بەرخودان دەدەین".

هـ . ب