دانیشتوانی فورات سەرەخۆشیان لە بنەماڵەی شەهید شاهین کرد

ڕۆژی 28ی کانونی یەکەم، دەوڵەتی تورک شەنگاڵی بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا 5 کرێکار شەهید بوون کە یەکێک لەوانە شاهین عەلی خەڵکی شاری کۆبانێیە. دانیشتوانی کانتۆنی فورات سەرەخۆشیان لە بنەماڵەی شەهید عەلی کرد.

دوای شەپۆلی نوێی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەوڵەتی تورک بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر شەنگاڵیش و ئەو کرێکارانەی لە گوندی کۆڕا سمۆقیا خەریکی هەڵکەندنی بیرە بوون کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ٥ کرێکار شەهید بوون.

هەر ٥ کرێکارەکە خەڵکی شارەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوون و بۆ بژێوی ژیانیان ڕوویان لە شەنگاڵ کردبوو. بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هێرشێکی ئاسمانی شەهیدیانی کرد.

یەکێک لەو شەهیدانە شاهین عەلی خەڵکی شاری کۆبانێ باوکی سێ منداڵە.

ئەمڕۆ دانیشتوانی کانتۆنی فورات بۆ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید شاهین عەلی بە وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرن"چوونە سەردانی بنەماڵەکەی، دوای خولەکێک ڕێزگرتن، وتەبێژی کۆمەڵگەی شانۆی ناوەندی هونەر و کەلتووری باقی خدۆ لەیلا ئەحمەد قسەی کرد و ڕوونیکردەوە کە شەهیدانمان لە پێناو ژیانێکی ئازاددا گیانی خۆیان بەخشی.

بۆزان دالی، ئەندامی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک تەڤ دەم، لە مەراسیمەکەدا قسەی کرد و وتی:"بەسایەی شەهیدانەوە، دۆسیەکەمان بووەتە ترسێک بۆ داگیرکەران، بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین".

بە ناوی بنەماڵەی شەهید شاهین ـەوە، میر عەلی ڕایگەیاند، دوێنێ شیلان ئەمڕۆ شاهین شەهید بوو و بەردەوام دەبین لەم دۆسیەیە و وتی: "لەپێناو وڵاتێکی ئازادا بەردەوام ئامادەی بەدیل دانین. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێ، ئەگەر ئازادی ئاسان بووایە، ڕۆناهی و بێریڤانەکان خۆیان نەسووتاند، بۆ ئەوەی لە وڵاتێکی ئازاددا بژین، بەدیلی قورستریش دەدەین".

پاشان ناسنامەی شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا. جەماوەریش بە وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرن" چوونە ناو پرسەکەوە.