دانیشتوانی کۆبانێ: دەوڵەتی تورک شکستی هێناوە، بەڵام شکستەکەی قبوڵ ناکات

دانیشتوانی کانتۆنی فورات لە خێمەی چالاکییەکاندا ڕایانگەیاند، کە دەوڵەتی تورک شکستی هێناوە، بەڵام ناتوانێت شکستەکەی قبوڵ بکات و ڕایانگەیاند، جیا لە تێکۆشان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە.

زیاتر لە سێ ساڵە ڕێگە نادرێت هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەربگیردرێت، لە سەرانسەری جیهان چالاکی زۆر ئەنجامدراوە. لە ١٠ی تشرینی یەکەمەوە هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' لە ٧٤ ناوەندی جیهان دەستیپێکرد. لە زیندانەکانی باکوری کوردستان و تورکیا لە ٢٧ی کانوونی یەکەمەوە زیندانیانی سیاسیش پەیوەست بوون بە هەڵمەتی ئازادییەوە و دەستیان بە مانگرتنێکی نۆرەیی کرد کە تا ١٥ی شوبات بەردەوام دەبێت.

لە سەرجەم هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، گەلان بە چالاکی جۆراوجۆر پشتیوانیان لە بەرخۆدانی زیندانەکان کرد. دوێنێ ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات چالاکییەکی دوو ڕۆژەیان لە مەیدانی شەهید عەگید دەستپێکرد. سەدان کەس لە ناوچە ئازادەکانەوە سەردانی خێمەی چالاکییەکەیان کرد.

دانیشتووانی بەشدار لە چالاکییەکەدا، قسەیان بۆ ئاژانسی فورات کرد و ڕایانگەیاند هەتا ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام دەبن لە چالاکییەکەیان.

هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێربوونی کانتۆنی فورات بەکر جەرادێ، قسەی کرد و ڕایگەیاند کە لە سەرەتای شۆڕشی گەل و شۆڕشی ڕۆژئاواوە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت ڕێوەبەری خۆسەر لە ناو ببات. بەکر وتی:"قوتابخانە و ژێرخانەکان کرانە ئامانج. زۆرێک خەڵکی مەدەنی شەهید کران. ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەوەیە کۆچبەری و تۆقاندن بخاتە دڵی گەلەوە. بەڵام گەل دژی هێرشەکان دەبێتەوە. هەتا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر نەبێ ئێمە بەردەوام لەسەر پێی  دەبین. ئەم هێرشانە هەرگیز سەرکەوتن و بەرخۆدانی گەلەکەمان تێک نادات، ڕێگای ئێمە سەرکەوتن و بەرخۆدانە و هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە، سڵاو لە بەرخۆدانی زیندانەکان و گەریلاکان دەکەین."

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات، عایشە ئەفەندی، ڕایگەیاند، کە ساڵی ٢٠٢٤ ساڵی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت و وتی:"دەبێت هەموو گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاپەڕن و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەستبەجێ مسۆگەر بکرێت، وەک گەلێک تا کۆتایی تێدەکۆشین ڕێبازی گەریلا و ڕێبەرایەتیمان بەرنادەین."

ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، ڕۆدین محەمەد، قسەی کرد و وتی:"دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە گەریلا شکستی هێناوە و ناتوانێت شکستەکانی قبوڵ بکات، گەریلاکانمان بەرخۆدان دەکەن و بە بەرخۆدانیان شکستیان بە دەوڵەتی تورک هێناوە."