داوا دەکرێت سی پی تی دەستبەجێ سەردانی ئیمراڵی بکات

دەستپێشخەریی نون بۆ ئازادیی ئۆجالان، هەڵوێستی سی پی تی و نەچوونی بۆ ئیمرالی شەرمەزار کرد و داوای لە دامودەزگا یاساییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، دەستبەجێ سەردانی ئیمرالی بکەن و بارودۆخی ڕێبەر گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕوون بکەنەوە.

دەستپێشخەریی نون، بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەبارەی هەڵوێستی سی پی تی، کە لە مانگی شوبات سەردانی تورکیای کرد و نەچووە ئیمرالی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "سەرەڕای گۆشەگیریی و زیندانییکردنی ناڕەوا و تاوانی سیستماتیکی دەوڵەتی تورک بەرامبەر ڕێبەر ئۆجالان، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراو و دامەزراوەکان هیچ هەڵوێستێکی جددییان بەرامبەر ئەو تاوانانە نیشان نەداوە".

دەستپێشخەرییەکە هەڵوێستی سی پی تی و نەچوونی بۆ ئیمرالی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، کە "ئەم هەڵوێستە نیشانی دەدات، کە هەمووان یەکن لە دژی ڕێبەر ئۆجالان، خۆیان لە دادپەروەری بەدوور گرتووە و تەنیا بەدوای بەرژەوەندی حکومەتی تورکیادا دەگەڕێن".

لە کۆتایی ڕاگەیەنداوەکدا ئاماژەیان بەوەشداوە، "پێویستە بەپەلە سی پی تی سەردانی ئیمرالی بکات و دۆخی ڕێبەر ئۆجالان بزانێت، پێویستە سی پی تی و دامودەزگاکانی دیکە ڕەوشی ڕاستەقینەی ڕێبەر ئۆجالان ڕابگەیەنن، سەرەڕای هەڵوێستە شەرمەزارییەکانی نێودەوڵەتی، ئێمە لە پشتیوانییکردن لە دۆزی دادپەروەرانەی ڕێبەر ئۆجالان و ئازادییەکەی ناوەستین".

هـ . ب