دەم پارتی بانگەوازی لە ژنان کرد: با بەرخۆدان مەزن بکەین

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر هێرشی سەر چاپەمەنی کورد و ژنانی کورد، گوتی: "بانگەواز لە هەموو ژنان دەکەین، دژی شەڕ و هەژاری و بێکاری، با بەرخۆدان مەزن بکەین".

وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) پەیوەست بە ڕۆژەڤەکانی ژنان لە بینای ناوەندی گشتی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.

تورکئۆغلو ڕایگەیاند لەم قۆناغەی دوای هەڵبژاردن، وەک هەمیشە بۆ دەم پارتی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسان بناغەیەکی نەگۆڕە، لە هەڵبژاردنیش ژنان وەڵامێکی گونجاویان دایە ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر سیستەمی هاوسەرۆکایەتی. دوژمنی ژنان کەوتن، ژنان بۆ دامەزراندنی جڤاکێکی ئازاد و یەکسان سەرکەوتن.

خالیدە تورکئۆغلو دووپاتی کردەوە دژی ئەوانەی دەیانەوێت لەڕێگەی هەڕەشەی قەیومەوە شارەوانییەکانمان زەوت بکەن، ئیرادەیەکی بەهێز نیشان دەدەین، ژنان لەدەوری فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆبوونەوەتەوە، لە شار و گوند و ناوچە و گەڕەکەکان خۆیان بەڕێوەدەبەن.

خالیدە تورکئۆغلو هێرشی سەر چاپەمەنی ئازادی شەرمەزار کرد، ڕایگەیاند پێویستە دەمودەست ڕۆژنامەوانە دەستبەسەرکراوەکان لە ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ ئازاد بکرێن، هەروەها پشتیوانی بۆ دامەزراوەکانی چاپەمەنی کورد لە بەلژیکا دووپاتکردەوە، گوتی: "ئێمە دەزانین هێرشی سەر چاپەمەنی ئازاد لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت، ئەم هێرشە دژی هەبوون و یەکێتی گەلی کوردە، بێگومان هەژار و بێکاری بۆ گەلان دەهێنێت، کۆمەڵکوژی و توندوتیژی سەر ژنان زیاتر دەکات، سەرمایەدارانی چەک و چەتەکانی شەڕ بەهێز دەکات".

وتەبێژەکەی دەم پارتی تیشکی خستەسەر گەشەسەندنی سیاسەتی شەڕ لە جیهاندا و ژنانی وەک قوربانی یەکەمی جەنگەکان ناساند، جەختی کردەوە ئەم سیاسەتی شەڕە لە جیهان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوین بێجگە لە قووڵکردنەوەی قەیرانەکان ئەنجامێکی باشی نییە. بەتایبەت سیاسەتی شەڕ دژی گەلی کورد و ژنانی کورد، قەیرانە سەراپاگیرەکان قووڵتر دەکەنەوە.

هەروەها ڕایگەیاند شەڕی تایبەت دژی تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد بەڕێوەدەبرێت، هاوکاری ئەو ژنانەی دژی چەتەکانی داعش دەجەنگن تاوان نییە، گوتی: "ئەوەی هەیە، پێداگرییە لەسەر سیاسەتی گۆشەگیری و شەڕ. ئەوەی لە بنەڕەتدا دەکرێتە ئامانج، پارادایمی دیموکراتیک و ئازادیخوازی ژن و ئیکۆلۆژیای بەڕێز ئۆجالانە کە بۆتە هیوای گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین".

خالیدە جەختی کردەوە وەک ژنان وەڵامی پێویست دەدەنە هەوڵەکانی دەسەڵات کە دەیەوێت گۆشەگیری وەک سیستەمێک بسەپێنێت، تیشکی خستەسەر دۆزی کۆبانێ و ڕایگەیاند پشتیوانی لەو ژنانەی دژی داعش تێکۆشان تاوان نییە، شۆڕشی کۆبانێ شۆڕشی ژنانە، تا کۆتایی دەیپارێزین؛ داوای کرد لە دانیشتنی ئایندەی دۆزی کۆبانێ پشتیوانی لە زیندانیان بکرێت.

لەکۆتاییدا گوتی: "بانگەواز لە هەموو ژنان دەکەین، دژی شەڕ و هەژاریی ژن و بێکاری، با بەرخۆدانمان مەزنتر بکەین".