پێکدادانی چەکداری لە نزیک بانە کوژران و برینداربوونی چوار کەسی لێکەوتەوە

لەناوچەی سنووری هەنگەژاڵی بانە پێکدادان لە نێوان هێزەکانی دەوڵەتی ئێران و گروپێکی نەناسراو هاتە ئاراوە و بە هۆیەوە کەسێکی سەر دەوڵەت کوژرا و سێ کەسی دیکەیان برینداربوو.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە بۆسەی گروپێکی چەکداری نەناسراودا لە نزیک هەژگەژاڵی بانە ئەندامێکی هێزەکانی پاسەوانی سنور کوژراو و سێ ئەندامی دیکەی ئەو هێزە برینداربوون.

هاوکات میدیاکانی نزیک سوپای پاسداران پێکدادانەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە و ئاماژە بەوەکراوە، کە هێرش کراوەتەوە سەر تاوەرێکی پاسەوانی سنوور.

ئەوەس خراوەتەڕوو، کە ئەندامێکی هێزی پاسەوانی سنوور بە ناوی فەرزین بلیان کوژراوە، دوو سەرباز و پلەدارێکیس برینداربوون. 

تائێستا ناسنامەی ئەو گروپە چەکدارە نازانرێت و هیچ یەک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەو هێرشەیان نەگرتووەتە ئەستۆ.

خاڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە بە یەکێک لە مەترسیدارترین شوێنەکان بۆ کۆڵبەران دادەنرێت و لە دوو ساڵی رابردوودا دەیان کۆڵبەر لەو ناوچەیە بوونە قوربانی دەسترێژی گولـلەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری دەوڵەتی ئێران.

هـ . ب