١٦ی ئایار لە عێراق وەک رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان راگەیەندراوە. لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە لەسەرتاسەری عێراق سەدان گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە. بە هەزاران تەرم لەو گۆڕانەدا بوون. دوای ئەوەی کە عێراق جارێکی دیکە کەوتەوە سەرخۆی و سیستمی فیدڕاڵی دامەزرا، ١٦ی ئایاری وەک رۆژی نیشتمانیی گۆڕەبەکۆمەڵەکان دەستنیشان کرد.
دوای فەرمانی ٣.٨.٢٠١٤ بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی لە شەنگال یەک لە بابەتە بەئازارەکان گۆڕە بەکۆمەڵەکانن. بە هەزاران ئێزدی لەلایەن داعشەوە کوژران، خرانە ناو گۆڕی بەکۆمەڵەوە. لە دەیەمین ساڵیادی فەرمانەکەدا نزیک دەبینەوە، بەڵام بۆ ئێزدییەکان هێشتا ئەو برینە ساڕێژ نەبووە و دەرمان نەکراوە.
لەماوەی ١٠ ساڵدا شوێنی ٩٢ گۆری بەکۆمەڵ دەستنیشان کراون، بەڵام تەنیا ٥٥ گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە. زانیاری شایەتحاڵان ئاماژە بەوە دەکەن کە بە دەیان گۆری بە کۆمەڵی نوێ بوونیان هەیە کە تائێستا دەستنیشان نەکراون. کۆمەڵگەی ئێزدی بەهۆی کەمتەرخەمی و بێباکیەوە لە پرسی گۆڕەبەکۆمەڵەکان ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەوڵەتی عێراق نیشان دەدات و داوای هەنگاونانی خێرا دەکات، بەڵام تائێستا دەوڵەتی عێراق بە دەم ئەو خواست و داواکاریانەوە نەچووە.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال لەگەڵ دامەزراوەکانی و چەند رێکخراوی مەدەنی لە کاتی فەرمانەکەوە تائەمڕۆ بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و روونکردنەوەی ناسنامەی قوربانیانی ناو ئەو گۆڕانە لە هەوڵدایە و رۆژانە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە ئەرکی خۆیان راپەڕێنن.
'لە ٩٢ گۆڕ ٥٥ گۆڕ هەڵدراونەتەوە'
لە شەنگال یەکەم جار لە ١٥ی ئاداری ٢٠١٩دا لە گوندی کۆچۆ دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەان کرا و تائێستا لە شەنگال ٩٢ گۆڕی بەکۆمەڵ دەستنیشان کراون و لە کۆی ئەو گۆڕانە تەنیا ٥٥ گۆڕی بە کۆمەڵ کراونەتەوە. لەو گۆڕە بە کۆمەڵانەش روفاتی ٧٠٠ کەس دەرهێندراون و رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کراون. لە کۆی ئەوانەش تائێستا ناسنامەی ٢٠٤ کەس ئاشکرا کراوە و کە لە شوێنی جیاجیا بە خاکسپێردراون.
'لە شەنگال تائێستا ٣٧ گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵنەدراونەتەوە"
تائێستا ٩٢ گۆری بەکۆمەڵ دەستنیشان کراون و دەرکەوتووە کە ٣٧ گۆڕیان هەڵنەدراونەتەوە. لەگەڵ ئەو گۆڕەبەکۆمەڵانەی تائێستا هەڵنەدراونەتەوە، هاوکات گۆری بەکۆمەڵی نوێش دەدۆزرێنەوە و بۆ نمونە بەر لە چەند رۆژ لە کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر لە کاتی دروستکردنی رێگەدا گۆرێکی بەکۆمەڵ دۆزرابووەوە. بەڵام کاتێک رەخنە لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەگیرێت دەڵێن ژمارەمان کەمە، لە سەرتاسەیر عێراق ژمارەیەکی زۆر گۆڕی بەکۆمەڵ هەیە و تائێستا گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەردەمی بەعس هەڵنەدراونەتەوە، لەبەر ئەوەیە تائێستا ژمارەیەکی زۆر گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگالدا کاریان تێدانەکراوە.
'لەنێوان ژمارەی کەسانی بێسەروشوێنکراو و ئەوانەی لە گۆڕەبەکۆمەڵەکاندان جیاوازییەکی زۆر هەیە'
بەگوێرەی زانیارییەکان کە خەڵکی شەنگال باسی لێدەکەن یاخود وتەی رزگاربووانی کۆمەڵکوژیەکە، رەنگە لە ماوەکانی داهاتوودا لە شەنگال گۆڕی بەکەمەڵی نوێ بدۆزرێنەوە، لەبەر ئەوەی لە هەر بستە خاکێکی شەنگالدا کەسێک لەلایەن داعشەوە کوژراوە و ژێر خاک کراوە. لەبەر ئەوە لەنێوان ژمارەی ئەو کەسانەی چارەنووسیان نادیارە و ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان جیاوازی زۆر بوونی هەیە.
'پەدەکە زۆر جار هەوڵیدا بەڵگەکان لەناو ببات'
لە ساڵی ٢٠١٩دا پەدەکە بە شێوەیەکی نایاسایی ٢ گۆڕی بەکۆمەڵی لە نێوان خانەسۆر و سنون و ناوچەی بردیە هەڵدابووەوە و روفاتەکانی بۆ هەولێر گواستبووەوە. گۆڕە بەکۆمەڵەکەی نێوان خانەسۆر و سنون بە سێوەی نایاسایی هەڵدرانەوە و لەلایەن دامەزراوەکانی سەر بە هەرێمی کوردستانەوە تا توانیویانە هەندێک لە بەڵگەکانی تاوانەکەی کاتی فەرمانیان کەمکردووەتەوە. دوای هەڵدانەوەی ئەو گۆڕەبەکۆمەڵە و بردنی روفاتەکانی ناوەوەی بۆ هەولێر، دواتر لە مەزارگەی شەرفەدین بەخاکیان سپاردەوە. تائێستاش بەڵگەنامەی گیانلەدەستدانی ئەو کەسانە رادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوە و مافە یاساییەکانیان لەدەستداوە. هەروەها پەدەکە لە هەمان ساڵدا لە نێوان موسڵ و هەولێریشدا لە ناوچەی بردیە تەرمی ٢٤ ئێزدی کە پێشبینی دەکرێت خەڵکی گوهبەل بن لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ دەرهێناوە و بێ بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان ئەو رووفاتانەی گواستووەتەوە بۆ هەولێر.
لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ کاتێک پێشمەرگەکانی پەدەکە لە چەندین ناوچەی شەنگال جێگیربوون، ئەو شوێنانەیان سوتاند کە پێشبینی دەکرێت گۆری بەکۆمەڵیان تێدایە".
هـ . ب