مێرمنداڵێکی کۆڵبەر بەسەختی بریندارکرا

لە سنووری شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان هێزەکانی دەوڵەتی ئێران تەقەیان لە مێرمنداڵێکی کۆڵبەر و بەسەختی برینداریان کرد.

 

بەگوێرەی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان رۆژی هەینی ٣ی ئایار مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ئاریان (پاشناوی نەزانراوە) خەڵکی گوندی ساوانی سەردەشت بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران برینداربوون.

بە پێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ە بڵاوکراوەتەوە، ئەو مێرمنداڵە بە چەکی ساچمەیی تەقەی لێکراوە و ژمارەیەکی زۆر ساچمە بەردەموچاوی کەوتووە و ئەگەر لەدەستدانی توانای بینینی هەیە.

لە سەرەتای مانگی ئایارەوە دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی هێمن ئەحمەدی لە سنووری بەستامی سەقز و جەلال سۆهرابی لە سنووری سورکێوی بانە کوژراون و لە نەوسودیش کۆڵبەرێک لە ئەنجامی ئەشکەنجەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران برینداربووە.

لە مانگی نیساندا لانیکەم ٤ کۆڵبەر کوژراون و زیاتر لە ٣٠ کۆڵبەریش برینداربوون، هاوکات بە گوێرەی ئامارێک لە ماوەی نێوان ١ی ئایاری ٢٠٢٣ و ١ی ئایاری ٢٠٢٤ نزیکەی ٥٠ کۆڵبەر کوژراون و زیاتر لە ٤٢٠ کۆڵبەریش برینداربوون.

هـ . ب