دەستوەردانی دیمۆگرافی لە عەفرین شەرمەزارکرا

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی عەفرین و شەهبا، دەستوەردانی دیمۆگرافییان لە عەفرین شەرمەزار کرد.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی عەفرین و شەهبا بە ڕاگەیاندراوێک نیشتەجێکردنی فەڵەستنییەکان و گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرینیان شەرمەزارکرد.

ڕاگەیاندراوەکە لە کەمپی سەردەم بە بەشداری کۆچبەرانی عەفرین و نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری خوێنرایەوە. ئەندامی مەجلیسی کانتۆنی عەفرین و شەهبا، موستەفا نەبۆ و ڕەگەز لۆلۆ ڕاگەیاندراوەکەیان خوێندەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، شەڕی نێوان نەتەوەپەرستان و بزووتنەوە ڕادیکاڵەکان لەسەر حسابی گەل بەردەوامە، دەڵێت: "کۆچبەرانی عەفرین لە شەهبا و پارت و دامەزراوەکان، تاوانی دەوڵەتی فاشیستی تورک بە پشتیوانی قەتەڕ و هەندێک لایەنی فەڵەستینی، بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کانتۆنی عەفرین لەڕێگەی نیشتەجێکردنی فەڵەستینییەکان بەتایبەت لەسەر حسابی گەلی کورد، شەرمەزار دەکەین".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، بێدەنگی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ شەرمەزارکرا و دەڵێت: "بێدەنگی ئەم ڕێکخراوانە شەرمەزار دەکەین و دەخوازین ئەم پێشێلکارییانە بەدیکۆمێنت و تۆمار بکرێن و لە نزیکترین کاتدا ئاشکرا بکرێن. بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێتەوە و لێپێچینەوە لە بکوژان بکرێت".