دەوڵەتی تورک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی داعشی لە ئەستۆ گرت

دەوڵەتی تورک بەرپرسیارێتی هێرشی چەتەکانی داعشی لە مانگی ئاب کە لە تەبقە ئەنجامیان دابوو لە ئەستۆ گرت. بەم شێوەیە پەیوەندی نێوان دەوڵەتی تیرۆریستی تورک و چەتەکانی داعش کەوتەوە بەرچاو.

ناوەندی ڕاگەیاندنەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) ڕایگەیاند، هەواڵگریی دەوڵەتی تورک دانی پێدا ناوە کە بەرپرسن لە "هێرشێکی تیرۆریستی" کە دژی هاووڵاتییەک لە تەبقە ئەنجامدراوە. ناوەندەکە ڕوونیکردووتەوە کە داعش لە ٥ی ئابدا ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکە ئەوا ئەنجامیانداوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەواڵگری دەوڵەتی تورک دانی بەوەدا ناوە کە بەرپرسی هێرشەکەن و ئەمەش "نیشانەیەکی ڕوونە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەردەخات".

ناوەندەکە لەو بوارەدا زانیارییەی بڵاوکردەوە:"سەرلەبەیانی دوێنێ، دەزگا ڕۆژنامەوانییە فەرمییەکانی دەوڵەتی تورک ڕایانگەیاند، هەواڵگریی تورکیا هاووڵاتییەکی خەڵکی تەبقەیان بە ناوی عومەر محەمەد عەبدوڵا ئەلداهام کوشتووە کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی چالاکیی دژی سەربازانی تورکیا. بەڵام لە 5ی ئاب، داعش لە ڕێگەی تۆری ئافاقەوە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاندبوو کە ئەوان ئەداهامیان کوشتووە، بەڵام دوای زیاتر لە 4 مانگ، هەواڵگری تورکیا جارێکی دیکە هەواڵیان ڕاگەیاندووە کە هێرشەکە لە ڕێگەی خۆیانەوە کراوە، ئەمە ئەوە دەردەخات کە پەیوەندییەکی ڕوون لە نێوان هەواڵگری داگیرکەران و داعش لە بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیان و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە هەیە".

ناوەندەکە لە ڕاگەیاندنەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ئەلداهام هیچ پەیوەندییەکی بە هێزەکانیانەوە نییە.