دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە هێرشەکانی داعش زیندوو بکاتەوە

وتەبێژی فەرمی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، عەلی ئەلحەسەن دەستنیشانی کرد کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەیەوێت بە هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داعش زیندوو بکاتەوە.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ناوەندەکانی خزمەتگوزاری و ناوەندەکانی ژیانی خەڵکی مەدەنی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان دەکات. وتەبێژی فەرمی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، عەلی ئەلحەسەن، سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، بۆ ئاژانسی ANF قسەی کرد.

عەلی ئەلحەسەن دەستنیشانی کرد کە لە ٢٣ی کانوونی یەکەمەوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە شێوەیەکی سیستماتیک ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە فڕۆکەی بێ فرۆکەوان و فرۆکەی جەنگی دەکاتە ئامانج و وتی: "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ناوەندەکانی تەندروستی، خزمەتگوزاری و هێزە ئەمنییەکان دەکاتە ئامانج. گوندەکانی قامیشلۆ و کۆبانی و ڕێگای سەرەکیی عامودێ لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە بۆردومان کران.

ئەلحەسەن ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورک بە ئامانجگرتنی ناوەندەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەوڵ دەدات شانەکانی داعش زیندوو بکاتەوە و وتی: "بەم هێرشانە هەوڵدەدات ڕێگە بۆ کەوتنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکاتەوە. هەوڵەکانمان بۆ سەقامگیری ئاسایشی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر دەکەین. ئێمە بۆ پاراستن و سەقامگیری ناوچەکە بەڵێنمان دوپات دەکەینەەوە و دەبین بە وڵامدەرەوە بۆ ئەو هێرشە تیرۆریستیانەی کە بەرامبەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدرێت".