گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ڕێبەری گەلی کورد ڕژانە گۆڕەپانەکان

لە چەندین شاری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گەل دژی گۆشەگیری ڕژانە گۆڕەپانەکان.

پاش بومەلەرزەکەی تورکیا، گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕژانە گۆڕەپانەکان.

دوێنێ لە شارەکانی قامیشلۆ و دێرک ڕێپێوانی جەماوەری بەڕێوەچوو و ئەمڕۆش لە دەڤەرەکانی دیکەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چالاکی بەڕێوەچوو.

دانیشتووانی ناوچەی چلاغا سەر بە کانتۆنی قامیشلۆ بە بەشداری دانیشتوانی ناوچە و شارۆچکەکانی دەوروبەر و ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و مەجلیس و نوێنەرانی کۆنگرەی ستار و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا و یەکێتی ژنانی گەنج ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا.

ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد لە ڕۆژئاوای ناوچەکە دەستی پێ کرد. لە ڕێپێوانەکەدا دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە. وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پانکارتەکان بە نووسینی "دەمانەوێت پارێزەران بە زووترین کات سەردانی ئیمراڵی بکەن" بەرزکرانەوە.

ڕێپێوانەکە لە چوارڕیانی شەهید مەعسوم گۆڕا بۆ گردبوونەوە. هاوسەرۆکی مەجلیسی پەیەدە لە ناوچەی چلاغا، عەبدولسەلام عەباس قسەی کرد.

عەباس باسی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بێدەنگی ڕێکخراوە یاساییەکانی شەرمەزارکرد، داوای کرد دەمودەست پارێزەران و بنەماڵە سەردانی بکەن.

هەروەها دانیشتووانی ناوچەی تەل حەمیسی کانتۆنی قامیشلۆ ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و درووشمی "بمرێ ئەردۆگان" و "بە گیان بە خوێن لەگەڵتین ئۆجالان" بەرزکرایەوە.

لە چالاکییەکەدا، بەڕێوەبەری مەجلیسی پەیەدە لە تەل حەمیس، حەمادی ئەل حەویان، بانگەواز لە پێکهاتەکان کرد بەرامبەر سیاسەت و پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی تورک دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گەلانی هەرێمەکە یەک دەست بن.

هەروەها بەڕێوبەری کۆنگرەی ستاری تەل حەمیس، ئەفرا عەباس، گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بێدەنگیی نێونەتەوەیی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، گەلان باوەڕیان بە فیکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەیە، درێژە بە تێکۆشان دەدەن تا ئەو کاتەی ئازادی جەستەیی مسۆگەر دەکەن.

لە چالاکییەکەدا، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی تەل حەمیس، زیاد بەتڕان، باسی لە گرنگی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ڕایگەیاند، دەسەڵاتی تورک ناتوانێت فیکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داببڕێت.

هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی تەل حەمیس، ئەحمەد ئەلعەباوی هەروەها بانگەوازی لە دانیشتوانی ناوچەکە کرد، درێژە بە چالاکییەکان بدەن دژی سیاسەتی دەوڵەتی تورک تا کۆتایی هێنان بە هەژموونی دەوڵەتەکە و بەدیهاتنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

لە ناوچەی تەل کۆچەری هەمان کانتۆن ڕێپێوانێک ئەنجامدرا. ڕێپێوانەکە لە بازاڕی ناوچەکە وەستا و هاوسەرۆکی شارەوانی گەلی تەل کۆچەر، عەلی عوبەید قسەی کرد و ئامانجی ڕێپێوانەکەی دەرخست. هەروەها بانگەوازی لە ڕێکخراوە مرۆیی و یاساییەکان کرد بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەجێ بهێنن.

ئەندامی کۆنگرەی ستار، ئەمەل جیلود، ڕایگەیاند تا ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ژنانی هەرێمەکە درێژە بە تێکۆشان دەدەن.

هەرێمی فورات

دانیشتووانی هەرێمی فورات بە ڕێپێوانێکی جەماوەری ویستیان ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاشکرا بکرێت و ئازادی جەستەیی بەدی بێت.

ڕێپێوانەکە بە دروشمی "سەلامەتی ڕێبەر ئاپۆ بەرپرسیارێتییەکی نێونەتەوەییە" بەڕێوەچوو. بەبەشداری سەدان کەس و ئەندامانی دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و پارتە سیاسییەکان ، ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد لە شاری کۆبانێ دەستی پێکرد. ڕێپێوانکەران وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ"یان بەرزکردەوە.

ڕێپێوانەکە لە بەردەم قوتابخانەی شەهید سەیدۆ لە ڕۆژئاوای شارەکە وەستا. ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار، ئارین کۆبانێ، قسەی کرد. ڕایگەیاند کە گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دوای ئەو بوومەلەرزەیەی لە ئیستەنبوڵ ڕوویدا، نیگەرانن لە ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان. هەروەها بێدەنگی نێونەتەوەیی شەرمەزاکرد.

بانگەوازی لە هەمووان کرد بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بێنە گۆڕەپانەکان.

مەنبەج

دەسپێشخەریی گەل بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان لە مەنبەج، بە ڕاگەیاندراوێک بانگەوازی لە ڕای گشتی جیهان کرد، دەمودەست جووڵە بکەن و دەوڵەتی تورک ناچار بکەن ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاشکرا بکات و وەڵامی داخوازییەکانی گەل بداتەوە.

لە یاریگای ٤ ی نیسان بە بەشداری ئەندامی دەسپێشخەرییەکە و ئەندامانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری مەدەنی دیموکراتیکی مەنبەج و دەوروبەری و پیاوماقوڵی عەشیرەتەکان، ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن ئەندامی دەسپێشخەرییەکە زەکەریا ئەلحەسەن خوێنرایەوە.