هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ: لەو ئۆتۆمبیلەی کرایە ئامانج، ئەندامێکمان شەهید بوو

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورک لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ-حەسەکە، ئەندامێکیان شەهید بووە و ٣ بریندار بوون.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە. ڕایگەیاند نیوەڕۆی ئەمڕۆ (٢٤ ی کانوونی دووەم) لەسەر ڕێگەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ و حەسەکە، ئۆتۆمبیلێک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک کرایە ئامانج، بەهۆیەوە ئەندامێکیان شەهید بووە و ٣ ئەندام برینداربوون.

لە ڕاگەیاندراوەکە دووپاتکراوەتەوە، دەوڵەتی تورک بۆ تێکدانی ئاسایش و ئاشتی هێرش دەکات و گوتراوە: "هێزەکانمان شوێنی هەموو تاوانبارێک دەکەوێت و ڕێگەی لە هەموو ئەوانە دەگرێت کە فیتنە و ترس لە جڤاکدا بڵاودەکەنەوە. ئەم هێرشەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە کار دوورمان ناخاتەوە. لە هەموو کات زیاتر کاردەکەین و ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکانمان مسۆگەر دەکەین".