جەمال ڕەشید: ئەو دەوڵەتانەی کە لە سوریا دەستێوەردان دەکەن ڕێگە بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک خۆش دەکەن

جێگری هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین و شەهبا جەمال ڕەشید دەستنیشانی کرد کە ئەو دەوڵەتانەی دەستوەردان لە کاروباری سوریادا دەکەن، ڕێگە خۆش دەکەن بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە مانگی تشرینی یەکەمەوە ژێرخانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردومان دەکات و خەڵکی مەدەنی دەکوژێت. سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر جێگری هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین و شەهبا، بۆ ئاژانسی ANF قسەی کرد.

جەمال ڕەشید دەستنیشانی کرد کە جیهان ئامادەکاری بۆ ساڵی نوێ دەکات، دەوڵەتی تورکی داگیرکەریش هێرش دەکاتە سەر خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وتی: "جیهان چاوەڕێی هاتنی ساڵی نوێیە و ماڵئاوایی لە ساڵی ٢٠٢٣ دەکات. لە ساڵی نوێدا هیوای چارەسەری قەیرانەکانی سوریا هەیە. بەداخەوە دەبینین کە ماوەی ٣ ڕۆژە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە شێوەیەکی درندانە هێرش دەکەنە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا".

نەخۆشخانە بۆردومان دەکات

جەمال ڕەشید دەستنیشانی کرد کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: "ئەو دەوڵەتانەی دەستوەردان لە کاروباری سوریادا دەکەن، ڕێگە بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەدەن کە هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. دەوڵەتی تورک ناوەندە گشتییەکان، نەخۆشخانە، تەنانەت ناوەندی دیالیز و تاکە سەنتەری ئۆکسجینی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای بۆردومان کرد. زۆربەی ناوەندەکان بۆردومان کراون. تەنانەت نەخۆشخانەکانیش بۆردومان کران و هەموو کەرەستەکانی پزیشکی لە ژێر بینا ڕوخاوەکاندا ماونەتەوە. سوپای تورکی داگیرکەر بنکە ئەمنییەکان و شوێنەکانی نزیک ئەو کەمپەی کە بە هەزاران داعشی تێیدا دەژین بۆردومان کرد. هەوڵی سەرلەنوێ زیندوو کردنەوەی چەتەکانی داعش دەدات".

قوتابخانەکە بەهۆی هێرشەکانەوە داخرا

لە درێژەی قسەکانیدا جەمال ڕەشید دەستنیشانی کرد کە ناوچەکانی کانتۆنی شەهبا بە چڕی بۆردومان دەکرێت و وتی: "یەکسەر ئەو گۆندانە دەکەنە ئامانج کە خەڵکی مەدەنی تێیدا دەژین تێیدا و دەوروبەری پێنج کەمپەکەی کانتۆنی عەفرین و شەهبا دەکەنە ئامانج. ترسێکی گەورە هەیە لە ڕوودانی کۆمەڵکوژی و کارەساتی مرۆیی. قوتابخانەکانمان داخست بۆ ئەوەی بتوانین منداڵ و ناوەندەکان بپارێزین. بە تایبەتی شەهبا ڕووبەڕووی گەمارۆیەکی سەخت بۆتەوە".

شەهبا و عەفرین لەبەردەم کارەساتی مرۆییدان

ڕەشید دەستنیشانی کرد کە گەلی شەهبا و عەفرین لەبەردەم کارەساتی مرۆییدان و وتی: "لە کانتۆنی عەفرین و شەهبا کەمینەیەک کەرەستەی خاو هەیە. بەداخەوە هەموو ئەم پێشێلکارییانە لە پێش چاوی هێزە ناونەتەوەییەکان، ڕووسیا و ڕژێمی شامدا ئەنجام دەدرێت. سیاسەتی بەرژەوەندی ناونەتەوەیی بووە بە سیاسەتێک کە ئامادەیە لە پێناو بەرژەوەندییەکانیدا بارودۆخی مرۆڤ تێک بدەدات. ئامانج لەم هێرشانە کۆچبەر کردنی تەواوی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە".