خەڵکی کانتۆنی فورات بەشدارییان لە پرسەی شەهید نودەم و رزگار کرد

بە سەدان کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی فورات بەشدارییان لە پرسەی شەهیدان نودەم وان و رزگار چاوڕەشدا کرد و سەرەخۆشییان لە بنەماڵەی ئەو دوو شەهیدە کرد.

بە سەدان کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی فورات، نوێنەرانی رێکخراو و دامەزراوەکانی کانتۆنەکە، ئەنجومەن و کۆمینەکان، بنەماڵەی شەهیدان، بەمەبەستی سەرەخۆشیکردن لە بنەماڵەی شەهید نودەم وان (سەکینە کایا) کە بە هۆی نەخۆشیەوە شەهید بوو، هەروەها شەهید رزگار چاوەڕەش (رۆنیجان حەمۆ) کە لە ١٢ی کانونی دووەم لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا لە ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕیدا شەهیدبوو، بەشدارییان لە پرسەی ئەو دوو شەهیدەدا کرد. خێمەی پرسەکە لە گۆڕستانی شەهید دیجلە هەڵدراوە.

دوای ئەوەی جەماوەرەکە لە خێمەی پرسەکەدا کۆبوونەوە بە خولەکێک بێدەنگی رێزیان لە یادی شەهیدان گرت. دواتر هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات عادل حەجی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد کە گەریلاکان لە چیا ئازادەکان بەرامبەر داگیرکەری لە تێکۆشاندان و وتی، "دوژمن لە سەرەتای تێکۆشانەوە ویستوویەتی کۆمەڵگای کورد و گەریلا بێ ئیرادە بکات و لەناویان ببات. بەڵام گەلی کوردستان بەردەوام رێگەی بەرخودان و خۆڕاگری گرتووەتەبەر".

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتیکی کورد لە سوریا گێلۆعیساش قسەی کرد و ورایگەیاند، "دەوڵەتی تورکی چەندەش هێرش بکاتە سەر ژێرخانی هەرێمەکە، ناتوانێت تێکمان بشکێنێت".

بەرێوەبەری ئەنجومەنی ژنانی کانتۆنی فورات جیهان دەروێشیش رایگەیاند کە دەوڵەتی تورک لە کۆنەوە تا ئێستا سیاسەتی نکۆڵی و سڕینەوەی نەتەوەی کورد بەڕێوەدەبات و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "دەوڵەتی تورک بەردەوام لەسەر دەستی گەریلا گورزی بەردەکەوێت. لە هەر شوێنێک ئیرادەی ژنی تێدابێت، لەوێ بەرخودان هەیە. دەوڵەتی تورکیش لە ئیرادەی ژنان دەترسیت، هەربۆیە بەردەوام هێرشیان دەکاتەسەر".

هـ . ب