خێمە سەرساغی بۆ فەرماندەی یەپەژە زۆزان حەسەکە هەڵدرا

لە حەسەکە خێمەی سەرساغی بۆ فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) زۆزان حەسەکە (مونەوەر فاتیمە) هەڵدرا.

فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) زۆزان حەسەکە کە یەکێک بوو لە پێشەنگانی شۆڕشی ژنان، پاش تێکۆشانێکی ٣٤ ساڵە، لە ٢ی نیساندا شەهیدبوو.

ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنی، سەربازی، ڕێکخستنەکانی ژنان، نوێنەرانی بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتیک و بە سەدان لە دانیشتووانی شار و گوندەکانی حەسەکە بەشداری خێمەی سەرساغی شەهید زۆزان حەسەکە بوون کە لە گەڕەکی تەلایی حەسەکە هەڵدراوە.

لە خێمەی سەرساغییەکەدا مەراسیمێک ڕێکخرا. ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان نەجاح حەواس قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا ژن دەستەخوشکی ژیانە، شەهید زۆزانیش لە تێکۆشانەکانی لە دژی تیرۆر ئەمەیی دەرخست کە چەند ژیان دۆستە.

فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازی حەسەکە دەرسیم حەسەکە سەرساغی بۆ بنەماڵەی شەهید زۆزان خواست و باسی لەوەکرد شەهید زۆزان لە هەرچوار بەشی کوردستاندا تێکۆشانی کرد و گیانی خۆی لەو پێناوەدا بەخشی.

هەر لە مەراسیمەکەدا جێگری هاوسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی کانتۆنی جزیرە فاروق تۆزۆ باسی لەوەکرد زمان ناتوانێت وەسفی بەرخۆدان و تێکۆشانەکانی شەهید زۆزان بکات کە لە پێناو پاراستنی وڵاتەکەماندا گیانی خۆی فیداکرد. تۆزۆ وتی: "زۆزان بە وەفاداربوو بەرامبەر بە گەلەکەی، هەموو کاتێک لە بەرەکانی پێشەوە دەجەنگا. لەسەر ڕێگەیی شەهید زۆزان و تەواوی شەهیدان دەبین."

دوای قسەکان ناوی شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەی شەهید کرا. مەراسیمەکە بە درووشمی "شەهید نامرێ" کۆتایهات.