لە کانتۆنی فورات چالاکی مانگرتن لە خواردن دەستی پێ کرد

لە کانتۆنی فورات بە دروشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" چالاکی مانگرتن لە خواردن دەستی پێ کرد.

مانگرتن لە خواردن لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" بەڕێوەدەچێت. لە چەندین ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە چالاکی جودا بەشداری هەڵمەتەکە دەبن.

لە کانتۆنی فوراتیش گەل دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد. سەدان دانیشتووی کانتۆنی فورات بەشداری مانگرتنە بوون کە مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە گۆڕەپانی شەهید عەگید دەستی پێ کردووە.

لە چالاکییەکەدا، هاوسەرۆکی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) لە کانتۆنی فورات، ئەنوەر موسلیم ڕایگەیاند، ئامانج لە هێرشەکان لەناوبردنی کوردان و پرۆژەی دیموکراتیکە.

هەر لە چالاکییەکەدا، ئەندامی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار، خوناڤ خەلیل، هەروەها جێگری هاوسەرۆکایەتی کانتۆنی فورات، مزگین خەلیل قسەیان کرد، بانگەوازیان کرد بۆ مەزنکردنی تێکۆشان دژی هێرشەکان.

هاوسەرۆکی مەجلیسی کانتۆنی فورات، مستەفا عەتۆ، هێرشەکەی شەرمەزارکرد و گوتی ئامانجی هێرشەکان لەناوبردنی گیانی تێکۆشانی گەلی هەرێمەکە و چالاکوانانی مانگرتن لە خواردنە.

بڕیار وایە چالاکییەکە تا سبەی بەردەوام بێت.