لە مەنبەج هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژوو بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد بەردەوامە

لە مەنبەج هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژوو بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە، دووپاتکرایەوە پێویستە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی، بەرخۆدان و تێکۆشانێکی نێونەتەوەیی بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدرێت.

گەلی مەنبەج لە ٢٤ ی شوبات هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژوویان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەست پێ کرد، هەڵمەتەکە هێشتا بەردەوامە.

لەم بارەیەوە ئەندامی دەسپێشخەریی گەلی سوری بۆ ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە کانتۆنی مەنبەج، محەمەد حوسام ئەلشەواخ گوتی: "وەک دەزانین دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە سەپاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان، بەرامبەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەرمان، پێویستە بەرخۆدان و تێکۆشانێکی نێونەتەوەیی ئەنجام بدەین".

هەروەها دووپاتی کردەوە وەک پشتیوانییەک بۆ هەڵمەتی نێونەتەوەیی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیان بە چالاکی کردووە، چونکە ئەم ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو گەلان.

هەروەها دووپاتی کردەوە گەل بە گەرموگوڕییەوە بەدەم هەڵمەتەکەوە هاتوون و گوتی: "ئەم واژووانە دەخەینە بەردەست یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بۆ ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان".

لەکۆتاییدا گوتی: "وەکچۆن ڕێبەر خۆی تەرخانکرد بۆ ئازادی گەلان، پێویستە لەسەر هەموو گەلان تێبکۆشن بۆ ئازادی وی".

لای خۆیەوە هاوڵاتی، شەمس بەرکەل ڕایگەیاند وەک ژنانی مەنبەج بەشداریان لە چالاکییەکە کردووە بۆ داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی وی پاش بوومەلەرزەکەی نزیک زیندانی ئیمراڵی. داوای لە دەوڵەت و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد، ڕۆڵ بگێڕن و فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورک بە مەبەستی ئاشکراکردنی ڕەوشی تەندروستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی.

هەروەها گوتی: "وەک ژنانی مەنبەج بەتایبەت، وە ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەگشتی، شانبەشانی یەکدی بەردەوام دەبین لە هەڵمەت و چالاکی و ناڕەزایەتی و ڕێپێوانە جەماوەرییەکان، تا مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان". دووپاتی کردەوە "ئازادی ڕێبەر ئۆجالان، ئازادی هەموو گەلان و مرۆڤایەتییە".