لە ئەنجامی هێرشی ملیشیاکانی حکومەتی شام لە قامشلوو منداڵێک کوژرا

لە ئەنجامی هێرشی ملیشیاکانی دیفاع وەتەنی سەر بە ڕژیمی ئەسەد لە شاری قامشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ، منداڵێک گیانی لەدەستدا و منداڵێکی دیکەش بە سەختی بریندار کرا.

دوابەدوای ئەوەی ملیشیاکانی دیفاع وەتەنی لە شاری قامشلۆ ئاگربەستیان پێشێل کرد و هێرشیان کردەسەر هێزەکانی ئاسایش، شەڕ و پێکدادان جاریکی دیکە دەستی پێکردەوە.

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار لە ئەنجامی هێرشی ملیشیاکانی دیفاع وەتەنیدا دوو منداڵ بە ناوەکانی ئەحمەد حەموود حەموودی ١٤ساڵ تەمەن و مەحموود مەحموودی ١٠ساڵ تەمەن لە گەڕەکی وەحدە لە باشووری قامشلۆ بە سەختی بریندار کران و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەهید خەبات کران لە قامشلۆ.

بە هۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی شەهید خەبات،  مەحموود مەحموودی ١٠ساڵان ژیانی خۆی لەدەستدا و دۆخی منداڵەکەی دیکە ناجێگرە.

شەڕ و پێکدادانەکان هەتاکوو ئێستاش بەردەوامە...

شەوی چوارشەمەی ئەم هەفتە لە فەلەکەی وەحدە لە شاری قامشلۆ، ملیشیاکانی دیفاع وەتەنی سەر بە ڕژیمی شام ، لە گەڕەکی تەییەوە هێرشیان کردە سەر خاڵێکی هێزەکانی ئاسایش و لە ئەنجامدا شەڕڤانێکی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان شەهید بوو، دوابەدوای ئەمە هێزەکانی ئاسایش بەرپرچیان دایەوە و لە گەڕەکی تەی کە شوێنی نشتەجێ بوونی ئەو ملیشیانەیە، پێشڕەوییان کرد و ناوەندەکەیانیان بە ناوی ” مفرزە لیلو” کۆنترۆڵ کرد.

ک-ش